رووداو دیجیتاڵ
ماوەی 33 رۆژە شەپۆلێکی بەرفراوانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەیان
شاری فەرەنسا، لەوانەش پاریسی پایتەخت، مارسیلیا، لیۆن و بۆردۆی گرتووەتەوە. خۆپێشاندانەکان
کە لەلایەن قوتابییان و مامۆستایان و کەسوکاریانەوە سەرکردایەتی دەکرێن، رۆژ بە
ڕۆژ روو لە فراوانبوون دەکەن.
سیستەمی پەروەردە و خەرجیی ژیان؛ هۆکاری سەرەکیی خۆپێشاندانەکان
دەستپێکی ناڕەزایەتییەکان بۆ خراپیی سیستەمی پەروەردە و کەمیی دەرفەت
لە ناوەندەکانی خوێندن بوو، بەڵام دواتر
داواکارییەکان فراوانتر بوون و بەرزبوونەوەی خەرجییەکانی ژیان و هەڵاوسانیشی
گرتەوە.
نیکۆلای، کە مامۆستایەکە و بەشداری لە خۆپێشاندانەکاندا کردووە، رایدەگەیەنێت: "دەبێت
حکومەت ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە کە لە رێگەی باجەکانمانەوە دەیدەین و بۆ
خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک قوتابخانە، نەخۆشخانە و گواستنەوەی گشتی خەرجی بکات. پارەیەکی
زۆر هەیە، بەڵام بەشێکی زۆری دەدرێتە دەوڵەمەندەکان یان بۆ سوپا و ئامادەکاریی
جەنگ خەرج دەکرێت".
لە لایەکی دیکەوە، عەلی کە خوێندکارێکە دەڵێت: "لە
قوتابخانەکەی ئێمەدا کەمیی مامۆستا و ئیمکانیات هەیە و بیناکەی کۆن بووە. بۆیە
لەبەردەم قوتابخانەکەماندا رێگریمان لە چوونەژوورەوە کردووە تاوەکو دەنگمان بگەیێندرێت".
هەروەها سۆران، هاووڵاتییەکی کورد لە فەرەنسا کە بەشداربووی
خۆپێشاندانەکەیە، ئاماژە بەوە دەکات: "ئێمە ئازادیمان بۆ زانکۆکان دەوێت. پارە
دەدەن بە سوپا بۆ شەڕ، بەڵام بۆ زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن خەرجی ناکەن".
پشتگیریی خێزانەکان بۆ گەنجان
بەشێکی بەرچاو لە خۆپێشاندەران کەسوکاری قوتابییانن کە لە شەقامەکاندا
پشتیوانی لە داواکاریی ڕۆڵەکانیان دەکەن. نیکۆلای، کە باوکی قوتابیێکە ،
ئاماژە بەوە دەدات: " من باوکم و بە تەواوی پشتگیری لە منداڵەکانم دەکەم، کە ئێستا گەورە بوون. لە ئێستادا، گەنجان بە تایبەتی ڕووبەڕووی سەرکوت
دەبنەوە. لە راستیدا، ڕێگە بە گەنجان نادرێت کە داواکاری و پێداویستییەکانی خۆیان لە
ئاستی قوتابخانە و قوتابخانە ئامادەییەکاندا دەرببڕن".
دەستگیرکردن و بڵاوەپێکردنی دەیان هەزار پۆلیس
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا، 80 هەزار کەس بەشدارییان
لە خۆپێشاندانەکاندا کردووە، بەڵام رێکخراوەکانی قوتابییان رایدەگەیەنن کە ژمارەکە
زۆر لەوە زیاترە . بۆ رێگری لە پەرەسەندنی گرژییەکان، 70 هەزار پۆلیس بڵاوەیان پێکراوە و
تاوەکو ئێستا 135 کەس دەستگیرکراون.
قەیرانی وزە و بەرزبوونەوەی نرخەکان
ناڕەزایەتییەکان هاوكاتن لەگەڵ قەیرانی ئابووریی ئەورووپا؛ جەنگ و
گرژییەکانی کەنداو لەگەڵ جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، ئاستەنگیان بۆ گەیاندنی
سووتەمەنی و ئاڵوگۆڕی خۆراک دروستکردووە. ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی
نرخەکان، بەجۆرێک لیتری گازی شل لە 61.1 یۆرۆوە لە تشرینی یەکەمی 2025 بۆ 37.2 یۆرۆ بەرزبووەتەوە.
بودجەی پەروەردە و بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان
لە پڕۆژەیاسای بودجەی فەرەنسا بۆ ساڵی 2027، بڕی 40 ملیار و200 ملیۆن یۆرۆ بۆ قۆناغی ئامادەیی تەرخانکراوە کە 200 ملیۆن یۆرۆ لە ساڵی 2026 زیاترە. بەڵام خۆپێشاندەران جەخت دەکەنەوە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسانەوە، توانای کڕین بە بڕی 558 ملیۆن دۆلار کەم دەبێتەوە، بۆیە ئەو زیادبوونە رووکەشە و داوای بڕیاری کرداری و کۆنکرێتی دەکەن.


