رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، ئاگربەستێکی مرۆیی بە نێوەندگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە شاری ئۆلێشکیی لە باشووری ئۆکراینا چووە بواری جێبەجێکردنەوە؛ ئەوەش دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو لەلایەن میلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکاوە راگەیێندرابوو، بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاریی بەپەلەی مرۆیی بە دانیشتووانە گەمارۆدراوەکەی شارەکە.
هەردوو لایەنی شەڕکەر رایانگەیاند کە لە کاژێر 3:00ـی بەرەبەیان بە کاتی ناوخۆ (4ـی بەرەبەیان بەکاتی هەولێر) پابەندی ئاگربەستەکە دەبن.
شاری ئۆلێشکی کە دەکەوێتە پارێزگای خێرسۆن لە باشووری ئۆکراینا، لە ساڵی 2022ـەوە لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکەی رووسیادا کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی مۆسکۆ و هاووڵاتییانی نێو شارەکە بە دەست کەمیی خۆراک و دەرمانەوە دەناڵێنن.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە کەناڵی فەرمیی خۆی لە تێلیگرام رایگەیاند: "پەیوەست بە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی مرۆیی لە ناوچەی ئۆلێشکی لە پارێزگای خێرسۆن، هێزەکانی رووسیا تەقەکردنیان لە کەرتی خێرسۆن راگرتووە و دۆخی بێدەنگییان راگەیاندووە."
لە کیێڤیش، دمیتری لۆبینێتس، کۆمیسیاری مافەکانی مرۆڤی ئۆکراینا گوتی وڵاتەکەی پابەندی بەڵێنەکانیەتی و لە تێلیگرام نووسیویەتی: "هەردوولا پابەندی ئەو رێککەوتنانەن کە لە نێوانماندا بەدەستهاتوون."
نێوەندگیرییەکەی میلانیا ترەمپ و ئەرکی چاودێران
ئەم ئاگربەستە سنوردارە لە کاتێکدایە کە جەنگی ئۆکراینا پێی ناوەتە پێنجەمین ساڵی خۆیەوە؛ بڕیاریشە لە مانگی تشرینی دووەمدا گفتوگۆیەکی ئاشتیی سێقۆڵی لە نێوان واشنتن، مۆسکۆ و کیێڤ دەستپێبکاتەوە دوای چەندین مانگ لە وەستان بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران.
تاوەکو ئێستا هیچ کام لە وڵاتانی رووسیا، ئۆکراینا و ئەمریکا ئاشکرایان نەکردووە کێ چاودێریی ئاگربەستەکە دەکات؛ بەڵام میلانیا ترەمپ کاتێک رۆژی هەینیی رابردوو دەستپێشخەرییەکەی راگەیاند گوتی، بەرپرسانی مەدەنی لە هەردوو لایەنی رووسیا و ئۆکراینا سەردانی دانیشتووانی شارەکە دەکەن بۆ دیاریکردنی جۆری ئەو هاوکارییانەی پێویستیانە.
میلانیا ترەمپ گوتیشی: "ئەو دانیشتووانەی دەیانەوێت ناوچەکە جێبهێڵن، هاوکاریی هەماهەنگیکراو و هۆکاری گواستنەوەیان بۆ دابین دەکرێت بەرەو ئەو شوێنەی خۆیان هەڵیدەبژێرن؛ پێشبینی دەکەم هەندێکیان بیانهەوێت بچنە رووسیا و هەندێکی دیکەشیان بەرەو ناوچەکانی ئۆکراینا بڕۆن."
کەناڵی (نیووزماکس)ـی ئەمریکیش رایگەیاند کە مافی رووماڵی تایبەتیی تەلەڤزیۆنی پێدراوە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە یاوەریی ئەو چاودێرانە بکات کە دەچنە نێو شارەکە.
هیچ کام لە رووسیا و ئۆکراینا دیارییان نەکردووە ئاگربەستەکە چەند رۆژ دەخایەنێت. ڤالێری گێراسیمۆڤ، سوپاسالاری رووسیا رایگەیاندووە کە ئاسانکاری دەکەن بۆ گەیشتنی کاروانێکی مرۆیی بە شارۆچکەی ئۆلێشکی.
کیێڤ مۆسکۆ تۆمەتبار دەکات بەوەی رێگری لە دانیشتووان کردووە شارەکە جێبهێڵن، بەڵام یانا لانتراتۆڤا، کۆمیسیاری مافەکانی مرۆڤی رووسیا رۆژی دووشەممە ئەم دەنگۆیانەی رەتکردەوە و گوتی زۆربەی ئەوانەی دەیانویست بڕۆن "بە ئارەزووی خۆیان شارەکەیان بەجێهێشتووە."
شاری ئۆلێشکی کە دەکەوێتە سەر کەناری باشووری رووباری دنیپرۆ، پێش هێرشەکەی رووسیا نزیکەی 24 هەزار کەسی تێدا دەژیا، بەڵام ئەمڕۆ ژمارەی دانیشتووانەکەی بۆ نزیکەی 2 هەزار کەس دابەزیوە کە 50 منداڵیان لەنێودایە.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، ئەوانەی ماونەتەوە لە دۆخی برسییەتیدان و ناچارن کۆتر راوبکەن یان بە بەرهەمی باخچەکانیان بژین.
ئەم شارە لە ساڵی 2023دا بەهۆی تەقاندنەوەی بەنداوی کاخۆڤکاوە بەشێکی زۆری ژێرئاو کەوت و وێران بوو.
سوپای ئۆکراینا گرتەی ڤیدیۆیی درۆنەکانی لەسەر شارۆچکەکە بڵاوکردووەتەوە کە باڵەخانەی چۆڵکراوی نیشتەجێبوون پێشان دەدەن کە بەهۆی شەڕەوە سووتاون و وێران بوون.
لەوەتەی رووسیا لە شوباتی 2022دا هێرشی کردە سەر ئۆکراینا، سەتان هەزار سەرباز و هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و ملیۆنان کەسیش ئاوارە بوون. لە ئێستادا رووسیا نزیکەی یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکراینای داگیرکردووە، لەوانەش نیمچەدوورگەی کرێمیا کە لە 2014 لکاندی بە خاکی خۆیەوە، زۆربەی ناوچەکانی دۆنێتسک و لوهانسک لە رۆژهەڵات، و بەشێکی بەرفراوانی هەردوو پارێزگای زاپۆریژیا و خێرسۆن لە باشوور.



