رووداو دیجیتاڵ
قەتەر دەڵێ، بۆ رێگریکردن لە گەورەبوونی قەیرانەکان، پێویستە ئێران "نیازپاکی" خۆی بەرامبەر دراوسێکانی نیشان بدات. ئەمەش دوای ئەوە هات کە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران چڕتر بوونەتەوە.
رۆژی سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئیبراهیم هاشمی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ناوچەکە پێویستی بە چوارچێوەیەکی نوێی ئەمنییە بۆ رێگریکردن لە تووندوتیژیی زیاتر و گوتی: "ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێرانە تاوەکو پابەندی ئەم بنەمایانە بێت و نیازپاکیی خۆی بسەلمێنێت."
ئیبراهیم هاشمی گوتیشی: "لێدوانی ئەرێنیمان لە لایەنی ئێرانییەوە بیستووە، بەڵام هێشتا پێویستە بە کردەوە نیازپاکی پێشان بدەن، کۆتایی بە هەڕەشەکانیان بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە بێنن و تەنگەی هورمز بکەنەوە، بۆ ئەوەی سەرجەم هەوڵەکانمان بە ئاراستەی بنیاتنانی ناوچەیەکی سەلامەت و خۆشگوزەراندا بڕۆن."
ئەم لێدوانەی قەتەر دوای ئەوە هات کە رۆژی دووشەممە، شاندێکی باڵای پێکهاتوو لە شازادە خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعودیە؛ جەنەراڵ عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا، لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆبوونەوە تاوەکو رێگری لە هەڵگیرسانەوەی جەنگ بکەن. ئێران کۆبوونەوەکانی بە "زۆر باش" ناوبرد.
ئێستا قەتەر و پاکستان پێشەنگایەتیی هەوڵەکانی نێوەندگیری لە نێوان واشنتن و تاران دەکەن. ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش، رۆژی دووشەممە ئاشکرای کرد کە رۆژی یەکشەممە شاندێکی قەتەری سەردانی تارانی کردووە.
هاوکات نووسینگەی میری قەتەر رۆژی سێشەممە بڵاویکردەوە کە شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی و مەسعود پزیشکیان لە مۆسکۆ کۆبوونەتەوە و تاوتوێی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و داخستنی تەنگەی هورمزیان کردووە، کە تێیدا سەرنجیان خستووەتە سەر "دوایین پێشهاتەکانی دانوستاندن، ئاسایشی تەنگەی هورمز و بابەتی دابینکردنی وزە لە جیهاندا."


