رووداو دیجیتاڵ
ئیڤیتسا داچیچ، وەزیری ناوخۆی کاربەڕێکەری سڕبیا رایگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە هێرشکار لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە بێلگراد کوژرا، ئەوەش دوای ئەوەی هێرشی کردە سەر پۆلیسێک.
داچیچ لە لێدوانێکدا گوتی: کەسێکی تەمەن خوار 18 ساڵان "کە تاوەکو ئێستا ناسنامەکەی دیاری نەکراوە، لە کاتێکدا هاواری دەکرد 'الله اکبر"، بە دوو چەقۆ هێرشی کردە سەر کارمەندێکی پۆلیس. بەهۆی ئەم رووداوەشەوە، وەزیری ناوخۆ ئاستی هەڕەشەی تیرۆری لە وڵاتەکەدا بۆ بەرزترین ئاست بەرزکردەوە.
بە گوتەی وەزیرەکە، هێرشکارەکە بە چەقۆ دەموچاوی پۆلیسەکەی بە سووکی
بریندار کردووە. پۆلیسەکەش لە پێناو بەرگریکردن لە خۆی، تەقەی لە هێرشکارەکە کردووە
و کوشتوویەتی.
بە گوتەی داچیچ، پێدەچێت هێرشکارەکە خەڵکی شارۆچکەی شاباتی رۆژئاوای سڕبیا
بێت. هەروەها ئاماژەی
بەوە کرد کە دەزگا ئەمنییەکانی سڕبیا پێشتر چاودێریی هێرشکارەکەیان کردووە، چونکە
لایەنگری داعش بووە و "ئاڵای رەشی داعشی لەسەر هەژمارەکەی لە ئینستاگرام داناوە."
هێرشەکە تەنیا چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە رۆژی یەکشەممە سڕبیا
هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی پەرلەمانیی گرنگی کرد، کە تێیدا ئەلێکساندەر ڤوجیچ، سەرۆکی
پێشوو کە ماوەیەکی زۆرە دەسەڵاتدارە، لەلایەن بزووتنەوەیەکی گەنجانەوە شکستی پێ هێنرا،
ئەوەش دوای نزیکەی دوو ساڵ لە خۆپێشاندانی بەردەوام دژی ڤوجیچ، بەڵام هێشتا ڤوجیچ
و هاوپەیمانەکانی کۆنترۆڵی پۆلیسيان بەدەستەوەیە، چونکە تاوەکو ئێستا حکومەتی نوێ
پێکنەهاتووە.
لەلایەکی دیکەوە، ئیسرائیل رۆژی سێشەممە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی کرد، کە
بەپێی راپرسییەکانی دەرچوون لە بنکەکانی دەنگدان، هیچ براوەیەکی روون دەرنەکەوتووە.
پێشتریش لە حوزەیرانی 2024، هێرشبەرێک بە کەوانێک کارمەندێکی پۆلیسی سڕبیای
بریندار کرد کە پاسەوانیی باڵیۆزخانەی ئیسرائیلی لە بێلگراد دەکرد، لەو رووداوەشدا
هێرشکارەکە لەلایەن پاسەوانێکەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.



