رووداو دیجیتاڵ
مایک وۆڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەموو بژاردەکانی بەرامبەر ئێران لەسەر مێز هێشتووەتەوە، هاوکات بێدەنگیی هەڵبژارد لەبارەی ئەو زانیارییانەی باس لە ئامادەکاریی هێرشی نوێی سەربازی دەکەن دوای هەڵبژاردنی نیوە خولی کۆنگرێس.
نامۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەرى نووسینگەى رووداو لە نیویۆرک پرسیاری لە وۆڵتز کرد، ک بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، بەرپرسانی واشنتن بە هاوتاکانیان لە وڵاتانی کەنداو گوتووە پێویستە خۆیان بۆ چەند خولێکی چڕ و کورتخایەنی هێرشکردنە سەر تاران ئامادە بکەن دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکان. لە وەڵامدا وۆڵتز گوتی: "سەرۆک هەموو بژاردەکانی لەسەر مێزە، بەپێی سیاسەتی ئەمریکا و بەپێی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران هەرگیز ناتوانێت بە چەکی ئەتۆمی جیهان بتۆقێنێت."
ئەم پەیامەی وۆڵتز بە کراوەیی هێشتنەوەی دەرگای هێرشەکانە؛ بەتایبەت کە پێشتر لە لێدوانەکانیدا هۆشداریی دابوو لەوەی ناکۆکی و گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران رەنگە بۆ ساڵێکی دیکەش درێژە بکێشێت. لە هەمان کاتدا واشنتن لە رێگەی گەمارۆدانی نەوتی و سنووردارکردنی تەنگەى هورمزەوە گوشارە ئابووری و سەربازییەکانی بۆ سەر تاران لە لووتکەدا هێشتووەتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، پەیوەستکردنی کاتی هێرشە پێشبینیکراوەکان بە دوای هەڵبژاردنی 3ی تشرینی دووەم راستەوخۆ پەیوەندی بە هەستیاریی نرخی وزە و دۆخی ناوخۆیی ئەمریکاوە هەیە. لە کاتێکدا کەمپینی کۆمارییەکان لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکاندا رووبەڕووی ناڕەزایەتی دەنگدەران بوونەتەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و تێچووی بژێوی، کۆشکی سپی نایەوێت پێش دەنگدانەکە هەڵکشانی نوێی سەربازی بازاڕی نەوت زیاتر بشڵەژێنێت؛ بەڵام وەڵامەکەی واڵتز ئەوە دەردەخات کە واشنتن و هاوپەیمانەکانی ئامادەکاری تەواویان کردووە بۆ ئەوەی دەستبەجێ دوای یەکلابوونەوەی کورسییەکانی کۆنگرێس، بڕیارێک لە بارەی ئێرانەوە بدەن.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و مایک واڵتز
رووداو: بەڕێز باڵیۆز، سەبارەت بە ئێران، یەک پرسیار. راپۆرتەکانی میدیا ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرپرسانی ئەمریکا بە هاوتاکانیان لە وڵاتانی کەنداویان گوتووە خۆیان بۆ چەند ماوەیەکی چڕ و کورتی هێرشکردن لە دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس ئامادە بکەن. دەتوانن ئەمە پشتڕاست بکەنەوە؟
مایک واڵتز: سەرۆک هەموو بژاردەکانی لەسەر مێزە، بەپێی سیاسەتی ئەمریکا و بەپێی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئێران هەرگیز ناتوانێت بە چەکی ئەتۆمی جیهان بتۆقێنێت.


