رووداو دیجیتاڵ
ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا رایگەیاند، دەسەڵاتی یاسا لە سووریای نوێدا دەبێت هەموو تاکێکی سووری، بە کەمینە نەتەوەییەکانیشەوە بگرێتەوە؛ ئاشکراشی کرد کە لە چەند هەفتەی داهاتوودا سەردانی ئەو وڵاتە دەکات بۆ بەدواداچوونی دۆخی مافەکانی مرۆڤ و کەمینەکان.
رۆژی چوارشەممە، 28ی تشرینی یەکەمی 2026، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، نامۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو، پرسیاری لە ڤۆڵکەر تورک کرد سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤی کورد لە سووریا دوای هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و پەلاماردانی ئەو ئاوارە کوردانەی هەوڵی گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەدەن لە ناوچەکانی وەک گرێ سپی، هەروەها ئایا پێویستە خەڵک لە ئایندەی کورد لە سووریای نوێدا نیگەران بن؟
کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە وەڵامدا ئاشکرای کرد کە بەم نزیکانە دەچێتە ناو سووریا و گوتی: "من لە چەند هەفتەی داهاتوودا گەشت بۆ سووریا دەکەم. بۆ ئێمە زۆر گرنگە هەرچی لە تواناماندایە بیکەین، نەک تەنیا بۆ پشتیوانیکردنی دەسەڵاتداران لە بنیاتنانی دادپەروەریی راگوزەر، بەڵکو بۆ چاکسازیی یاسایی و دادوەری."
ڤۆڵکەر تورک ئاماژەی بەوە کرد، لە دوای رووخانی رژێمی پێشوو لە کۆتایی ساڵی 2024دا گۆڕانکاریی گەورە روویانداوە، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمە بە واتای نەبوونی کێشە نایەت و گوتی: "کێشەکان ماون؛ بینیومانە لە سوەیدا و لە کەناراوەکانی لازقییەش چی روویداوە."
کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ ئەوەی خستەڕوو، بۆ یەکەمجارە تیمەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر زەوی و لە نێو خاکی سووریادا ئامادەییان هەیە و دەتوانن راستەوخۆ چاودێریی رەوشەکە بکەن.
تورک گوتیشی: "هیواخوازم لەسەر ئەم بنەمایە کار بکەین بۆ چەسپاندنی سیستمێکی سەروەریی یاسا، کە هەموو تاکێکی سووری، بە کەمینە نەتەوەییەکانیشەوە [کورد و پێکهاتەکانی دیکە]، بگرێتەوە و مافەکانیان بە تەواوەتی بپارێزێت."
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی ڤۆڵکەر تورک:
رووداو: زۆر سوپاس، جەنابی کۆمیسیاری باڵا. دەتوانیت چیمان پێ بڵێیت لەبارەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە سووریا بۆ کورد، دوای ئەوەی هێزی دیفاکتۆی خۆیان کە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوو هەڵوەشاندەوە؟ لە هەفتەکانی دواییدا، بینیمان ئاوارە کوردەکان لە کاتی هەوڵدانیان بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان لە سووریا هێرشیان دەکرێتە سەر. هیچ شتێک هەیە بتوانن لەبارەی دۆخەکەوە پێمان بڵێن؟ ئایا پێویستە خەڵک لە داهاتووی کورد لە سووریای نوێدا نیگەران بن؟ سوپاس.
ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان: بڕوانە، من نوێترین زانیاریم لەسەر ئەوە لەبەردەستدا نییە. دەتوانین دواتر لەسەر ئەم بابەتە زانیاریت پێ بدەینەوە، بەڵام تەنیا بۆ ئەوەی بڵێم، من لە چەند هەفتەی داهاتوودا گەشت بۆ سووریاش دەکەم. بۆ ئێمە زۆر گرنگە هەرچی لە تواناماندایە بیکەین، نەک تەنیا بۆ پشتیوانیکردنی دەسەڵاتداران لە بنیاتنانی دادپەروەریی راگوزەردا. ئێمە دەزانین کە پابەندییەکی زۆر بەهێز هەیە، لە راستییشدا لە کۆتایی ساڵی 2024ـەوە گۆڕانکاریی زۆر گەورەمان بینیوە. بە دڵنیاییەوە ئەوە بەو مانایە نییە کە کێشە نییە. مەبەستم ئەوەیە، بینیمان چی لە سوەیدا و بە درێژایی کەناراوەکان لە لازقییە روویدا. بەڵام ئەوەش راستە کە بۆ یەکەمجار، نووسینگەکەی من لەسەر زەوی هەیە. ئێمە دەتوانین لەوێ کار بکەین، کە پێشتر هەرگیز نەمانتوانیوە ئەوە بکەین. بۆیە، بە شێوازێک لە شێوازەکان، هیواخوازم بتوانین لەسەر ئەمە بەردەوام بین و نەک تەنیا لەسەر پرسەکانی دادپەروەریی راگوزەر کار بکەین، بەڵکو لەسەر دادپەروەری و چاکسازیی یاساییش، لەسەر سیستمێکی دەسەڵاتی یاسا کە هەموو تاکێکی سووری، بە کەمینە نەتەوەییەکانیشەوە، لەخۆبگرێت.


