رووداو دیجیتاڵ
پسپۆڕێکی کورد لە ئەمریکا دەڵێت، لۆبیی کورد لە ئەمریکا یەکگرتوو و کۆدەنگ نییە و دەبێت کورد بوونی لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و زانکۆکان زیاد بکات.
د. یەریڤان سەعید، سەرۆکی دەستپێشخەریی جیهانیی کورد لە زانکۆی ئەمریکی لە واشنتن رایگەیاند، لە کاتی شەڕی داعشدا، کورد توانی دەنگی شەقام [ـی ئەمریکا] بەدەست بهێنێت و کاریگەری لەسەر رای گشتیی ئەمریکا دروست بکات، چونکە میدیای ئەمریکی سەرنجی زۆری لەسەر بوو، بەڵام ئێستا داعش نەماوە و سەرنج لەسەر کورد کەم بووەتەوە.
بە گوتەی د. یەریڤان سەعید، کاری لەپێشینەی ئەمریکا ئێستا عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نییە، هەرچەندە شەڕی ئێران تا رادەیەک سەرنجەکانی بۆ ناوچەکە گەڕاندووەتەوە. دەشڵێت: "ئەوەی کورد دەتوانێت بیکات ئەوەیە کە بە شێوەیەکی ئامانجدار و ستراتیژی کار بکات بۆ ئەوەی کاریگەری دروست بکات."
د. یەریڤان سەعید ئاماژەی بەوەش کرد: "یەکێک لەو رێگەیانە ئەوەیە کە تاوەکو چەند بوونمان لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە هەیە؟ لێرە زۆر زۆر لاوازین." گوتیشی: "پێویستمان بەوەیە کە خەڵکی کورد لێرە ئاراستە بکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لەم شوێنانە کار بکەن و کاریگەرییان هەبێت."
سەبارەت بە رۆڵی دەستپێشخەرییەکەیان لە زانکۆی ئەمریکی، د. یەریڤان سەعید گوتی: "لە ماوەی زیاتر لە 3 ساڵدا توانیومانە مانگانە بەرنامەمان هەبێت و خەڵکی کاریگەر بهێنین بۆ ئەوەی لەسەر پرسی کورد قسە بکەن." بەڵام پێشی وایە کە ئەمە بەس نییە، چونکە "تەنیا یەک پرۆگرام کە پەیوەندیی بە کوردەوە هەبێت و چالاکیی هەبێت لە واشنتن، ئەوەی ئێمەیە."
ئەو پسپۆڕە کوردە ئەوەشی خستەڕوو: "بۆ نموونە، نزیکەی 14 بۆ 15 پرۆگرامی لێکۆڵینەوەی ئیسرائیلی هەیە و 5 بۆ 6 دانەش بۆ فەلەستینییەکان هەیە. ئەگەر ئێمە بمانەوێت کاریگەریمان لەسەر دەستەبژێرەکان و لە هەمان کاتدا لەسەر خەڵکی ئەمریکاش هەبێت، دەبێت کاری زیاتر بکەین."
سەبارەت بە ئاگاداریی ئەندامانی کۆنگرێس لە رووداوەکانی کوردستانیش، د. یەریڤان سەعید گوتی: "ئێمە لە زانکۆی ئەمریکی، نووسین و چاوپێکەوتنەکانمان لەگەڵ ستاف و ئەندامانی کۆنگرێس هاوبەشی پێ دەکەین." گوتیشی: "ئەگەر بمانەوێت زیاتر کاریگەریمان هەبێت، پێویستە خەڵک بچێت بۆ کۆنگرێس و لەگەڵ ئەندامان و ستافەکانیان دابنیشێت."
سەبارەت بە هەبوونی ستراتیژییەکی یەکگرتوو بۆ کورد لە هەموو پارچەکان، د. یەریڤان سەعید پێی وایە: "هەندێک شتی گشتگیر هەیە دەتوانرێت کاری لەسەر بکرێت، وەک ئەوەی لە کاتی قەیرانی رۆژئاوا بینیمان کە کۆدەنگییەک هەبوو."
د. یەریڤان دەڵێت: "بۆ ئەوەی کاریگەریی باشمان هەبێت، پێویستە بۆ هەر پارچەیەک ستراتیژی و رێگەی تایبەت هەبێت، چونکە ئەگەر بمانەوێت بۆ هەر چوار پارچەکە بە یەکەوە کار بکەین، رووبەڕووی لۆبییەکی بەهێز دەبینەوە."
قسەکانی د. یەریڤان سەعید ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29-10-2026، لە کاتی بەشداریکردنی بوو لە بەرنامەی (رێگەی کۆنگرێس) کە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن پێشکەشی کرد.
هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا دوو ساڵ جارێک بەڕێوە دەچێت؛ پسپۆڕەکەی کورد پێی وایە هەڵبژاردنەکە، "وەک ریفراندۆمێک وایە لەسەر کارەکانی کۆشکی سپی."
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر سەرۆک نەتوانێت کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی پیران بکات، ئەوا رووبەڕووی بەربەستی زۆر دەبێتەوە و ئەو پارتەی کۆنترۆڵی ئەنجوومەنەکە دەکات، دەتوانێت رێگریی زۆر بۆ سەرۆک دروست بکات.
سیاسەتی دەرەوە بە شێوەیەکی گشتی پرسێکی گرنگی خەڵکی ئەمریکا نییە لە کاتی هەڵبژاردندا. بە گوتەی د. یەریڤان سەعید، خەڵک زیاتر گرنگی بە نرخی بەنزین، خۆراک و رێژەی هەڵاوسان دەدات. بەڵام ئەمجارە، "سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کاریگەریی زۆری لەسەر ژیانی خەڵک هەبووە،" وەک شەڕی ئۆکراینا و گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران، کە راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ئابووریی ناوخۆی ئەمریکا هەبووە.
.jpeg&w=3840&q=75)

