رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی عومان دەڵێن، 25 ئەندامی تیمی کەشتییەکی بازرگانییان رزگارکردووە کە لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە کراوەتە ئامانج و گڕی گرتووە، ئەمەش دوای ئەوە هات کە سوپای پاسداران تەقینەوەی سێ تانکەری نەوتی لە تەنگەی هورمز بەهۆی بەرکەوتنیان بە مینی دەریایی راگەیاند.
سەنتەری ئاسایشی دەریایی عومان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هێزی دەریایی عومان ئۆپەراسیۆنێکی رزگارکردنی بۆ 25 ئەندامی تیمی کەشتیی بازرگانیی (ریتی) ئەنجامدا، کە ئاڵای پەنەمای هەڵکردبوو، دوای ئەوەی کەشتییەکە کرایە ئامانج و بەهۆیەوە ئاگری تێدا کەوتەوە."
سوپای پاسداران: دوو تانکەرمان لە باشووری تەنگەکە راگرت
ئەم رووداوەی کەناراوەکانی عومان دوای ئەوە هات کە سوپای پاسدارانی ئێران رۆژی هەینی رایگەیاند، سێ تانکەری نەوت لە تەنگەی هورمز دوای بەرکەوتنیان بە مین لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕین بە تەنگەکەدا لە جووڵە خراون و راگیراون.
سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "دوو تانکەری نەوتی سەرپێچیکار، یەکێکیان لە بەشی رۆژهەڵات و ئەوی دیکەیان لە بەشی رۆژئاوای تەنگەی هورمز کە هەوڵیان دەدا لە رێڕەوی رێگەپێنەدراوەوە تێپەڕن، تووشی رووداو بوون و لە ئاوەکانی باشووری تەنگەکە راگیران."
لە راگەیێندراوەدکەی سوپای پاسداراندا هاتووە کە ئەو تانکەرانە "سەرجەم سیستمەکانی کەشتیوانی و شوێنپێهەڵگرتنی خۆیان کوژاندبووەوە و بە پشتیوانیی سوپای تێرۆریستی ئەمریکا هەوڵیان دەدا لە رێڕەوی رێگەپێنەدراوەوە دەربچن."
سوپای پاسداران دەڵێ، رووداوەکانی رۆژی هەینی دوای ئەوە روویاندا کە کەشتییەکان چەندین هۆشدارییان پێدرا، بەڵام پشتگوێیان خستن.
تەقینەوەی تانکەرێکی گەورە بە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتەوە
سوپای پاسداران دواتر لە راگەیێندراوێکی جیادا گوتی، تانکەرێکی گەورەی نەوت کە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی بارکردبوو، دوای تەقینەوەیەک لەکارکەوت، ئەوەش "دوای بەرکەوتنی بە مینی دەریایی لە کاتی تێپەڕبوونی بە رێڕەوێکی رێگەنەدراودا لە تەنگەی هورمز."
سوپای پاسداران گوتیشی: "ئەمە سێیەمین تانکەری نەوتە کە ئەمڕۆ لە ئەنجامی هەوڵدان بۆ تێپەڕین بە رێڕەوی رێگەپێنەدراودا دەتەقێتەوە و گڕ دەگرێت."
هاوکات سوپای ئێران (ئەرتەش) بڵاویکردەوە کە دوو تانکەری نەوت لە بەشی رۆژهەڵاتی ئەو رێڕەوە ئاوییە دوای بەرکەوتنیان بە مین گڕیان گرتووە.
هێزەکانی ئێران داوا لە هەموو کەشتییەکان دەکەن رێڕەوێکی دیاریکراو لە تەنگەی هورمز بەکاربێنن و لە کاتی تێپەڕبوونیاندا هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیاندا بکەن و ئەو رێڕەوەی باشووری تەنگەکە کە لە کەناراوەکانی عومانەوە نزیکە وەک ناوچەی قەدەخەکراو و رێگەپێننەدراو دادەنێن.
ئێران لە دەستپێکی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 28ی شوباتەوە جووڵەی دەریایی بەم شاڕێیە ستراتیژییەدا سنووردار کردووە. لە بەرامبەریشدا، ئەمریکا گەمارۆیەکی دەریایی خستووەتە سەر سەرجەم بەندەرەکانی ئێران، ئەمەش توانای تارانی بۆ هەناردەکردنی نەوت و بازرگانیکردن بە تەواوی سنووردار کردووە.


