رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، نەیارە سیاسییەکانی لە کۆنگرێس هەوڵدەدەن بەهۆی جەنگی ئێرانەوە لەسەر کار لایببەن.
ترەمپ لە بانگەشەى هەڵبژاردن لە فلۆریدا بە تووندی وەڵامی رەخنەکان و هەرەشەی لێپرسینەوە و لێسەندنەوەی متمانەی لە کۆنگرێس دایەوە و گوتی، "دەیانەوێت لەسەر ئەو جەنگەی لەگەڵ ئێران هەمانە لێپرسینەوەم لەگەڵ بکەن و لەسەر کار لام بدەن؛ یان بە واتایەکی دیکە، دەیانەوێت لێپرسینەوەم لەگەڵ بکەن لەبەر ئەوەی هێزی ئەتۆمیم لە کۆماری ئیسلامیی ئێران سەندووەتەوە."
ترەمپ بە ئاماژەدان بە رەخنەکانی رۆ خەننا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی، "ئەو دەڵێت ترەمپ 25 ملیار دۆلاری لەو جەنگەدا خەرج کردووە، بەڵام ئەوە ناڵێت کە ئێمە لە ڤەنزوێلا نزیکەی 10 هێندەی ئەو بڕە پارەیەمان دەستکەوتووە؛ پێویستە سەیری باڵانسی دارایی بکەین."
هاوکات، ترەمپ گاڵتەی بەو دەستەواژانە کرد کە بۆ لێپرسینەوە بەکاریدەهێنن و گوتی، "دەڵێن دەمانەوێت ترەمپ لەسەر کار لاببەین لەبەر ئەوەی هەوڵی داوە رێگری لە ئێران بکات چەکی ئەتۆمیی هەبێت؛ گوتم نەخێر، وشەی 'هەوڵدان' دەربهێنن، لەبەر 'رێگریکردن' لە ئێران، چونکە ئێمە بە تەواوی رێگریمان لێکردن."
ترەمپ گوتیشی، ئامانجی سەرەکیی واشنتن ئەوەیە هەرگیز رێگە بە تاران نەدات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و گوتی، "کۆتاییم بە رێککەوتننامەی ئەتۆمیی باراک حوسێن ئۆباما هێنا کە رێگەیەک بوو بۆ ئەوەی ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی." هەروەها باسی لە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکەی ئەمریکا کرد و گوتی، "بە ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو توانای پیتاندنی ئەتۆمیی ئێرانمان بە تەواوی لەناوبرد، بەو فڕۆکە نایابانەی کە راستەوخۆ لە ویلایەتی میزۆرییەوە فڕین."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئاسایشی رێرەوە دەریاییەکان پارێزراون و نەوتێکی زۆر هەناردە دەکرێت و گوتی، "بەراورد بە حەوت مانگ پێش ئێستا نەوتی زیاتر لە تەنگەى هورمزەوە دەڕژێتە دەرەوە." هەروەها دڵنیایی دا کە لە ئەنجامی سیاسەتەکانیان، نرخی سووتەمەنی لە ناوخۆی ئەمریکا بە خێراییەکی بەرچاو دادەبەزێت بۆ ئاستێک کە زۆر کەمتر دەبێت لە سەردەمی ئۆباما و بایدن.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدان کە بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا بۆ میدیاکان، واشنتن لەم جەنگەدا نزیکەی 47.1 ملیار دۆلاری خەرج کردووە. لە بەرامبەردا، دوای ئۆپەراسیۆنەکەی 3ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵی سوپای ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا و دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی نزیک لە واشنتن رێگەی بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان کردووەتەوە لە کەرتە جیاوازەکاندا، بەتایبەت کەرتی وزە، گرێبەستی گەورە واژۆ بکەن و سەرمایە بۆ ئەمریکا بگێڕنەوە.
مشتومڕی لێسەندنەوەی متمانە و لێپرسینەوەی یاسایی لە دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوە سەریهەڵدا کە یاسادانەرانی باڵی پێشکەوتنخوازی حیزبی دیموکرات، بە سەرۆکایەتیی رۆ خەننا، هێرشە سەربازییە فراوانەکانی سەر ئێران و تێوەگلانی واشنتنیان لە جەنگێکی نوێی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە پێشێلکردنی دەستوور و بەزاندنی دەسەڵاتەکانی کۆنگرێس لە راگەیاندنی جەنگدا ناوبرد.
نەیارانی ترەمپ لە کۆنگرێس ئاماژە بەوە دەکەن ئیدارەکەی بەبێ مۆڵەتی فەرمیی یاسادانەران دەیان ملیار دۆلاری لە بۆردوومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکان و گەمارۆدانی دەریایی خەرج کردووە، هەربۆیە دەستپێشخەرییەکیان بۆ لێپرسینەوە دەستپێکردووە بە پاساوی ئەوەی ئیدارەی کۆشکی سپی بەرپرسیارێتیی دارایی و سەربازیی بێپێشینەی خستووەتە سەر شانی وڵات.



