رووداو دیجیتاڵ
گەنجانی ئەڵمانیا کە بە (نەوەی زێد) ناسراون، لە
23 شاری ئەو وڵاتە دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە. ئەوان داوای پەروەردەیەکی باشتر،
کەمکردنەوەی تێچووی ژیان و پاراستنی زیاتری ژینگە دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سیاسەتمەدارانی
ئەڵمانیا نیگەرانن لەوەی خۆپیشاندانەکان بە ئاراستەی تووندووتیژیـیەکەی فەرەنسادا
بڕۆن.
لە رێگەی وێبسایتێکی ئینتەرنێتەوە بە ناوی (نەوەی
زێد رێک دەخات)، داوا کرا ئەمڕۆ شەممە 31ی تشرینی یەکەم خۆپیشاندان بەڕێوە بچێت.
نەوەی زێد، کە ئەو گەنج و هەرزەکارانە دەگرێتەوە
کە لە نێوان ساڵانی 1995 بۆ 2010 لەدایک بوون، دایک و باوکانیان بەوە تۆمەتبار دەکەن
کە هەنگاوی پێویستیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا نەناوە و جیاوازیی نێوان
هەژار و دەوڵەمەندیان قووڵتر کردووەتەوە.
رووماڵی تۆڕی میدیایی رووداو لەنێو خۆپیشاندەرانەوە
ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە شاری بەرلین، لەنێو خۆپیشاندەرانەوە
رووماڵی رووداوەکان دەکات. یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان رەخنەی لە حکومەتی وڵاتەکەی
گرت و گوتی: "ئێمە دژی خزمەتی سەربازی، بێپارەیی و نەبوونی خزمەتگوزاری
خۆپیشاندان دەکەین."
خۆپیشاندەرێکی دیکەش گوتی: "نازانم بۆچی پارە بۆ هێزی سەربازی و
سوپا هەیە، بەڵام بۆ پەروەردە و خوێندن نییە؟"
ترسی ئەڵمانیا لە سیناریۆی فەرەنسا
لە فەرەنسا خۆپیشاندانەکان بە ئاشتی دەستیان پێ
کرد، بەڵام دواتر بۆ تووندووتیژی گۆڕان و باڵەخانەی شارەوانیی لیمۆژ سووتێنرا و پۆلیس
گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا.
ئەلێکساندەر ترووم، پسپۆڕی کاروباری ناوخۆ لە پەرلەمانی
ئەڵمانیا (بوندستاگ)، هۆشداری دەدا و دەڵێ: "دەبێ بە هەر نرخێک بێت رێگری لە
پەرەسەندنی دۆخەکە بکەین وەک ئەوەی لە فەرەنسا روویدا."
بەپێی خەمڵاندنی هەواڵگریی ئەڵمانیا، مەترسیی ئەوە
هەیە "هێزە چەپە تووندڕۆکان و هەندێک گرووپی دەرەوەی یاسا"، خۆپیشاندانەکان
بگۆڕن بۆ تووندوتیژی.
مارک هێنریشمان، سەرۆکی لێژنەی پەرلەمانی بۆ
چاودێریکردنی دەزگا هەواڵگرییەکان، هۆشداری دا کە پەیوەندییەکی رێکخراو لە نێوان چەپە
تووندڕۆکانی ئەورووپا هەیە و چیدیکە جووڵەی ئەوان تەنیا سنووردار نییە بە یەک وڵات.
کراوەتەوە."
تاوەکو رۆژی سێشەممە 27ی تشرینی یەکەم، نزیکەی
134 هەزار کەس لە وێبسایتی فەرمیی پڕۆژەکەدا ناوی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکە
تۆمار کردبوو و پێشبینی دەکرێت ژمارەکە ئەمڕۆ شەممە بگاتە زۆر زیاتر بێت.



