رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی پشتیوانیی خێرا لە هێرشەکانیان بۆ سەر دامەزراوەکانی کارەبا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپای سوودان بەردەوامن، ئەمەش بووەتە هۆی پچڕانی بەرفراوانی کارەبا و ئاوی خواردنەوە و هۆشداریش لە تاریکبوونی تەواوەتیی وڵاتەکە دەدرێت.
بەگوێرەی راپۆرتە مەیدانییەکان، لە 20ـی تشرینی یەکەمەوە تاوەکو 1ـی تشرینی دووەم، نزیکەی 15 وێستگەی کارەبا لە 10 ویلایەتی جیاوازی سوودان بە درۆن کراونەتە ئامانج.
هێرشەکان بوونەتە هۆی لەکارکەوتنی وێستگە سەرەکییەکان و دروستبوونی مەترسیی گەورە لەسەر نەخۆشخانەکان و کەرتی کشتوکاڵ. دەسەڵاتدارانی سوودانیش هێزەکانی پشتیوانیی خێرا تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن، بەشێک لە درۆنەکان لە خاکی ئەسیوپیاوە هەڵدەدرێن.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 01-11-2026، بە درۆن هێرشکرایە سەر وێستگەی کارەبای ئەبو حەمەد لە ویلایەتی نەهری نیل و بە تەواوی وێرانکرا، هەروەها وێستگەی دەبە لە ویلایەتی باکوور و وێستگەی هەیا لە ویلایەتی دەریای سوور کرانە ئامانج. پێشتریش لە چەند رۆژی رابردوودا وێستگەکانی سنجە، حەواتە، فاو، مەشکور، جونەید، مەناقل، شیندی و مەرخیات زیانی گەورەیان بەرکەوتبوو و بەشێکیان لەکارکەوتبوون.
عادل ئیبراهیم، وەزیری پێشووتری وزەی سوودان هۆشداری دا لەوەی ئەگەر هێرشەکان بەم شێوەیە بەردەوام بن، سەرانسەری سوودان نوقمی تاریکی دەبێت.
وەزیری پێشووتری وزە رایگەیاندووە، زۆربەی وێستگە سەرەکییەکانی گواستنەوەی کارەبا لەکارکەوتوون و ئێستا تەنیا سێ وێستگەی گەورە لە خزمەتگوزاریدا ماونەتەوە کە بریتین لە: وێستگەی بەنداوی مەڕوی و وێستگەی عەتبەرە لە باکووری وڵات، لەگەڵ وێستگەی مارنجان لە ویلایەتی جەزیرە. عادل ئیبراهیم ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی تێچووی زۆر و پێویستی بە کات، چاککردنەوەی ئەم وێستگانە کارێکی ئاسان نابێت.
وەزارەتی دەرەوەی سوودان لە کۆبوونەوەیەکدا باڵیۆز و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی چەند پێگەیەک لەنێو خاکی ئەسیوپیا بەکاردەهێنرێن بۆ ئاراستەکردنی درۆنەکان و لێدانی بنکە خزمەتگوزارییەکان لە سوودان. پێشتریش وەزیری دەرەوەی سوودان لە مۆسکۆ رایگەیاندبوو، شارەزایانی سەربازیی ئۆکراینی یارمەتیی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا دەدەن لە بەکارهێنانی درۆندا
هاوکات ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی و شۆکی خۆی لە زیادبوونی هێرشی درۆنەکان لە سوودان دەربڕی و رایگەیاند، ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان هاووڵاتیی سڤیل لەنێویاندا ژن و منداڵ. گۆتێرێز داوای لە لایەنە ناکۆکەکان کرد دەستبەجێ شەڕ رابگرن و پەنا بۆ گفتوگۆ بەرن، هەروەها پارێزگاری لە هاووڵاتییان و دامەزراوە مەدەنی و تەندروستییەکان بکەن.

