رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی
ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ پلانێکی دەستبەجێی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران نییە،
بەمەش ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە گوایە دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی
کۆنگرێس، هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر تاران دەستپێدەکاتەوە.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی
تەلەفۆنیدا لەگەڵ رۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز"ی بەریتانی، ئاماژەی بەوە کرد
کە لە دۆخی ئێستای رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران رازییە و گوتی: "وا دیارە
هەموو ئەو شتانە بەدەستدەهێنین کە دەمانەوێن."
سەبارەت بە لێدوانەکانی
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە ئاماژەی بە ئەگەری هێرش لە کۆتایی
ئەم هەفتەیەدا کردبوو، ترەمپ گوتی: "من ئامادەم و هەموومان ئامادەین،
چەکەکانمان ئامادەن و لە کاتی پێویستدا ئامادەی جووڵەین، بەڵام لەوانەیە هیچ
هۆکارێک بۆ ئەوە نەبێت."
لێدوانەکانی ترەمپ
تەنیا چەند کاژێرێک پێش داخستنی بنکەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنی کۆنگرێس هات؛
هەڵبژاردنێک کە تێیدا ناڕەزایەتیی دەنگدەران لە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و نرخی
سووتەمەنی باڵی بەسەردا کێشاوە، بەتایبەت لە دوای ئەو شەڕەی لە نێوان ئەمریکا و
ئێران دروستبوو.
ترەمپ باسی لەوە کرد،
ئێستا بڕی ئەو نەوتەی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕدەبێت لە قۆناخی پێش شەڕەکە زیاترە و
گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانیش کاریگەریی تووندی لەسەر ئابووریی تاران هەبووە،
هەروەها دۆخەکەی بە "نایاب" ناوبرد.
سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە
کە وڵاتەکەی لە جەنگێکی راستەقینەدا نییە لەگەڵ تاران و روونیکردەوە: "ئێمە
بە فڕۆکەی بی توو (B-2) لێمان دان و توانای
ئەتۆمیی ئەوانمان لەنێوبرد، دواتریش ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسامان کرد؛ بەڵام
ئەگەر بیری لێبکەیتەوە، نزیکەی شەش مانگ یان زیاترە شەڕێکی راستەقینەمان لەگەڵ
نەکردوون. من ئەمە وەک جەنگی ئۆکراینا یان جەنگەکانی یەکەم و دووەمی جیهانی نابینم."
ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو
کە دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لەبارەی چارەنووسی نزیکەی هەزار پاوەند (نزیکەی 450
کیلۆگرام) یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بەردەوامە و گوتی: "سەرەڕای ئەوەی
لەژێر سەدان تۆن بەرددایە، بەڵام حەز ناکەم لەوێ بمێنێتەوە. بۆیە لە گفتوگۆکاندا
باسی دەکەین و دەبینین ئەنجامەی چۆن دەبێت."
لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا، ترەمپ گەشبینیی خۆی بۆ دانوستاندنەکانی
ئاشتی لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا دەربڕی و گوتی، هەردوو وڵات گەیشتوونەتە ئەو
قۆناخەی کە بڵێن "با رێککەوتنێک بکەین"، هەرچەندە دانوستاندنکارانی
ئۆکراینا هەمان بۆچوونیان نییە.
.jpeg&w=3840&q=75)


