رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، گەورەترین دەسەڵاتی بەدەستەوەیە کە مافی ڤیتۆیە و لە ئەگەری سەرکەوتنی دیموکراتەکان لە کۆنگرێسدا ئامادەیە پڕۆژەیاساکانیان ڤیتۆ بکات، تەنانەت پێشوازی لەوەش دەکات بە "بەڕێز ڤیتۆ" ناوی بێنن.
سەرەڕای ئەوەی راپرسییەکان ئاماژە بە ئەگەری لەدەستدانی کۆنترۆڵی کۆنگرێس لەلایەن کۆمارییەکانەوە دەکەن، ترەمپ رۆژی سێشەممە 03-11-2026 [چوارشەممە بەکاتی هەولێر] گەشبینیی خۆی بەرامبەر ئەنجامەکان دەربڕی و رایگەیاند، گرنگ نییە پێکهاتەی کۆنگرێس چۆن دەبێت، چونکە بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگەی باڵا دەسەڵاتی جێبەجێکردنی فراوانی پێداوە لە بەڕێوەبردنی وڵات بەبێ ئەوەی کۆنگرێس بتوانێت رێگری لێبکات.
سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ دواجار دیموکراتەکان ناچار دەکات سازش بکەن و رێککەوتنی دووقۆڵی بکەن و گوتیشی: "لە مێژوو هەروا بووە، بۆ ماوەی دوو مانگ ڤیتۆ بەکاردەهێنیت و دواتر ئەوان خۆیان دێن و دەڵێن با رێککەوتن بکەین."
دوو سەرچاوەی نزیک لە ترەمپ دەڵێن، لە هەفتەکانی رابردوودا لە کۆشکی سپی تاوتوێی بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی سەرۆک کراوە سەبارەت بە پرسی کۆچبەران و بازرگانی. سەرچاوەیەکیش دەڵێ، تەنانەت ئەگەر دیموکراتەکان هەڵبژاردنیش ببەنەوە، ترەمپ دەسەڵاتی ئەوەی دەمێنێتەوە کە لە بوارەکانی سنوور، بازرگانی، ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەدا ئەوەی دەیەوێت بیکات.
سەبارەت بە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەی 29 رۆژدا بەشداریی لە 33 گردبوونەوەی جەماوەریی گەورەدا کردووە تاوەکو رێگە لە شەپۆلی شینی دیموکراتەکان بگرێ و گوتی: "پێشتر دەیانگوت کۆمارییەکان شکستی گەورە دەهێنن، بەڵام ئێستا دەرفەتێکی باشمان بۆ سەرکەوتن هەیە و تووشی شەرمەزاری نابین."
سەبارەت بە ئەگەری خۆبەربژێرکردنەوەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2028ـیش، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد هێشتا لەگەڵ راوێژکارەکانی باسی لەو بابەتە نەکردووە، چونکە کۆمارییەکان چەندین بەربژێری زۆر باشیان لەبەردەستدایە.



