رووداو دیجیتاڵ
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەم لێدوانیدا لەبارەی شکستی پارتی کۆماری لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا رایدەگەیێنێت، دەنگدەرانی ترەمپ لەبەر جەنگی ئێران و بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی سزایان داون و روویان لە دیموکراتەکان کردووەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، جەی دی ڤانس هۆکارەکانی پاشەکشەی کۆمارییەکانی روونکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، کێشەی سەرەکیی ئەوان بایکۆتکردنی هەڵبژاردن نەبووە، بەڵکو تووڕەیی دەنگدەرانی خودی ترەمپ بووە: "داتاکان دەریانخستبوو کە کۆمارییەکان لە ویلایەتەکان ئامادەییی باشیان هەبوو، تەنانەت لە فلۆریداش پێشەنگ بووین؛ بەڵام کێشەکە ئەوە بوو زۆرینەی ئەوانەی لە 2024 دەنگیان بە ئێمە دابوو، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگیان بە دیموکراتەکان دایەوە."
بە گوتەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا، راپرسییەکان دەریانخستووە ئەو دەنگدەرانەی پشتیان لە کۆمارییەکان کردووە، چوار داواکاریی سەرەکییان هەبووە بۆ ئەوەی دووبارە متمانەیان پێبدەنەوە: کۆتاییهێنان بە جەنگ، سەرنجدانە سەر هەڵاوسان و تێچووی بژێوی، پێش نۆرەیی درووشمی "ئەمریکا لە پێشینەیە" و گۆڕینی شێوازی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل.
ڤانس گوتی، هەر گفتوگۆیەکی راستگۆیانە لەسەر شکستی هەڵبژاردنەکان دەبێت لە راستیی ئەم هۆکارانەوە دەستپێبکات.
رۆژی سێشەممە، 3ی تشرینی دووەمی 2026، هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجوومەنەکانی پیران و نوێنەران و حاکمی ویلایەتەکان بەڕێوەچوون. لە هەر سێ هەڵبژاردنەکەدا کۆمارییەکان زۆرینەیان لەدەست دا.
رۆژی 28ی شوباتی ئەمساڵ، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێی وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی، تاران لە 2ی ئاداردا تەنگەی هورمزی داخست. رۆژێک پێش جەنگەکە بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 72 دۆلار بوو بەڵام دواتر گەیشتە 120 دۆلار. ئەمەش نرخی سووتەمەنی، تێچووی ژیان و رێژەی هەڵاوسانی لە ئەمریکا و جیهان بەرزکردەوە.



