رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشبینیی رێککەوتنێکی "زۆر گەورە" لەگەڵ رووسیا دەکات کە نەک تەنیا کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا، بەڵکو تەواوی ئەورووپا دەگرێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە کۆشکی سپی بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو چاوی بە نێردەی تایبەتی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کەوت.
رۆژی پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت، بەبێ پلانی پێشوەختە لەگەڵ کیریل دمیتریێڤ، نێردەی مۆسکۆ کۆبووەتەوە کە بۆ بەشداریکردن لە دانوستاندنەکانی نێوان بەرپرسانی رووسیا و ئۆکراینا بە میوانداریی میلانیا ترەمپ لە کۆشکی سپی بوو.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "ناتوانم پێتانبڵێم باسمان لە چی کرد، بەڵام ئەوەندەتان پێدەڵێم کە رێککەوتنێک لە ئارادایە، رێککەوتنێکی زۆر گەورە دەبێت؛ تەنانەت لە ئۆکرایناش گەورەترە و دەتوانم بڵێم رەنگە هەموو ئەورووپا بگرێتەوە. رێککەوتنێکی گەورە و ناوازە دەبێت و هەمووان پێی دڵخۆش دەبن." ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە چاوی بە شاندی ئۆکراینا نەکەوتووە کە لە هەمان کاتدا لە کۆشکی سپی ئامادە بوون.
نیگەرانی لە پایتەختەکانی ئەورووپا و ناتۆ
ئەم لێدوانانەی ترەمپ ترسی وڵاتانی ئەورووپای لەبارەی نزیکبوونەوەی سەرۆکی ئەمریکا لە کرێملین قووڵتر کردووەتەوە؛ چاودێران پێیان وایە کۆشکی سپی دەیەوێت کیێڤ ناچار بکات بە رێککەوتنێکی نادادپەروەرانە رازی بێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا.
هاوکات لە نێو پایتەختەکانی ناتۆ نیگەرانی هەیە لەوەی ئایا ترەمپ، کە پێشتریش باسی لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەورووپا کردبوو، بە داواکارییە تووندەکانی پووتین رازی دەبێت بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی واشنتن لە ئەورووپا یاخود نا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ترەمپ لە سەرەتای دەستبەکاربوونی لە کانوونی دووەمی 2025 بەڵێنی دابوو شەڕەکە لە ماوەی 24 کاژێردا یەکلابکاتەوە، بەڵام چەندین جار پێشبینیی رێککەوتنی کردووە بێ ئەوەی بچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
دەستپێشخەرییەکەی میلانیا ترەمپ و پردی ئاشتی
پێش لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا، میلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا لە کاتی میوانداریکردنی دیدارێکی دەگمەنی نێوان بەرپرسانی مۆسکۆ و کیێڤ لە کۆشکی سپی، داوای راگەیاندنی ئاگربەستێکی نوێ و "پتەوتر"ـی لە ئۆکراینا کرد.
دۆناڵد ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەو کۆبوونەوەیە لەگەڵ ئەو ئاگربەستە شەش رۆژییەی شاری ئۆلێشکی کە پێشتر لەلایەن خانمی یەکەمەوە راگەیێندرابوو، دەتوانن ببنە هەنگاوێکی سەرەتایی بەرەو رێککەوتنێکی فراوانتر بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.


