رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەخانەی پراگ لە کۆماری
چیک رایگەیاند، رۆژی هەینی لانیکەم هەشت گەشتی ئاسمانی کە لە پایتەختی چیک (هاتن و
چوون)، رووبەڕووی هەڕەشەی بوونی تەقەمەنی بوونەتەوە.
گوتەبێژی فڕۆکەخانەکە گوتی:
"هەڕەشەکان پەیوەستن بەو گەشتانەی لە دانیمارک، ئیسپانیا و بەریتانیاوە دەگەیشتن،
هەروەها ئەو گەشتانەی بەرەو هۆڵەندا، قوبرس، رۆمانیا، ئیتاڵیا و بەریتانیا بەڕێدەکەوتن."
پێشتر لە رۆژی هەینی،
گەشتێکی کۆمپانیای (راین ئێر) کە بڕیار بوو لە لیشبۆنەوە بەرەو رۆما بەڕێبکەوێت،
رووبەڕووی هەڕەشەی بۆمب بووەوە، بەڵام پۆلیسی پورتوگالی رایگەیاند، هەڕەشەکە ناڕاست
بووە.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە،
نزیکەی 20 هەڕەشەی ناڕاست لەسەر بوونی بۆمب، کێشەی بۆ هاتووچۆی ئاسمانی لە ئەورووپا
دروست کردووە، ئەمەش دەسەڵاتدارانی ناچار کردووە رێڕۆی هەندێک لە گەشتەکان بگۆڕن یان
فڕۆکەی جەنگی بنێرن بۆ پاسەوانیی ژمارەیەک فڕۆکەی مەدەنی.
لانیکەم 21 فڕۆکە و چەند
فڕۆکەخانەیەک لە سەرانسەری ئەورووپا لە دووەم رووداوی لەم جۆرەدا لەم هەفتەیەدا
کراونەتە ئامانج، کە بەریتانیا بە "فێڵێکی بەدکارانە" وەسفی کرد.
گەشتە ئاسمانییەکانی بەرەو
نەمسا، بەلجیکا، بولگاریا، کۆماری چیک، فەرەنسا، ئیتاڵیا، پۆڵەندا و رۆمانیا کاریگەرییان
لەسەر دروست بووە.
فڕۆکەیەکی کۆمپانیای (ئیێر
لینگوس) کە لە دبلنەوە بەرەو رۆما دەچوو، رێڕۆکەی گۆڕدرا بۆ بنکەیەکی ئاسمانی لە فەرەنسا،
هاوکات فڕۆکەی جەنگیی ئیتاڵی هاوەڵیی گەشتێکی کۆمپانیای (فین ئیێر)یان کرد لە هێلسینکییەوە
بەرەو رۆما.
کۆمپانیای (ئیێزی جێت)یش
رایگەیاند، پۆلیسی پراگ وەک رێکارێکی خۆپارێزی پێشوازی لە گەشتەکانیان کردووە کە لە
نیوکاسڵ و گلاسگۆوە هاتبوون.
هەروەها فڕۆکەخانەکانی
هێترۆ لە لەندەن و بێرمینگهام رووبەڕووی هەڕەشە بوونەوە، بەڵام پاش لێکۆڵینەوە دەرکەوت
کە هەڕەشەکان بێبنەمان و مەترسییان لەسەر نییە.

.jpg&w=3840&q=75)
