رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل هەمیشە لەسەر بنچینەی رێککەوتنێکی هاوبەشی نێوان هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات بووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئیسرائیل ئەو هاوکارییانەی بۆ بەرگریکردن لە خۆی و رووبەڕووبوونەوەی ئەو "دووژمنان"ە بەکارهێناوە کە هەڕەشە لە ئەمریکا و رۆژئاوا دەکەن.
رۆژی هەینی، 6ی تشرینی دووەمی 2026، نووسینگەکە ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەمڕۆ ئیسرائیل خاوەنی ئابوورییەکی بەهێز و سەقامگیرە. هەنگاوی نێوان بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هاوکارییەوە بۆ هاوبەشی، پێشاندەری بەهێزی و پێشکەوتوویی پەیوەندییەکانمانە، هەروەها توانای خۆگونجاندن و بەهێز مانەوەیەتی بە درێژایی کات."
ترەمپ: نزیکەی 4 ملیار دۆلار لە هاوکارییە سەربازییەکانی ئیسرائیل دەبڕدرێ
رۆژی سێشەممە، 3ی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی هێشتا چەک بە ئیسرائیل دەفرۆشێ؛ ئاماژەی بەوەش کرد، بەربژێرە دیموکراتەکان پشتیوانییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل دژی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا بەکاردێنن.
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ واشنتن کۆتایی بەو رێککەوتنە دەهێنێت کە بەپێی ئەوە، ساڵانە بایی نزیکەی چوار ملیار دۆلار (3.5 ملیار یۆرۆ) هاوکاری پێشکێشی ئیسرائیل دەکات.
هەمان رۆژ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیووزی ئەمریکی، ترەمپ گوتی ئیسرائیل "کێشەی نییە" بە کۆتاییهێنان بەم هاوکارییە کە بڕیار بوو تاوەکو کۆتایی ساڵی 2028 بەردەوام بێت.
ترەمپ لە کاتی بەرنامەی "Fox & Friends" لە کەناڵی فۆکس نیووز گوتی: "سەبارەت بە پارەدان بە ئیسرائیل، من و بیبی نەتەنیاهوو رێککەوتین کە ساڵانە 4 ملیار دۆلار دەدەینە ئیسرائیل، چەند مانگێک لەمەوبەریش رێککەوتین لەسەر ئەوەی کە دەیوەستێنین. بۆ ئیسرائیل ئاساییە هاوکارییەکان ببڕین (واتا کاریگەری گەورەی لەسەریان نابێت)".
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "پێشتر رێککەوتووین لەسەر ئەوەی تاوەکو کۆتایی ساڵ پارە بە ئیسرائیل نەدەین. ئێستا ئەگەر پێویستیان پێی بێت، هاوکارییان دەکەین".
ئەمریکا تاوەکو چەند پشتیوانی لە ئیسرائیل کردووە؟
ئەمریکا بەپێی رێککەوتنێکی هاوکاریی ئەمنیی 10 ساڵە کە لە ساڵی 2019 دەستیپێکرد و لە سەردەمی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکادا پێش هاتنی ترەمپ بۆ دەسەڵات لە 2017 واژۆ کرا، ساڵانە 3.8 ملیار دۆلار بۆ ئیسرائیل دابین دەکات.
لە هەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ فۆکس نیووز، ترەمپ روونکردنەوەی نەدا لەسەر ئەوەی چۆن هاوکارییە سەربازییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 کۆتاییان پێدەهێندرێ، لە کاتێکدا یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە کە هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئیسرائیل دابین دەکات، وادەکەی تاوەکو مانگی ئەیلوولی 2028 بەردەوامە.
واشنتن لە مێژوودا زۆر زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکە پشتیوانی لە ئیسرائیل کردووە. بەپێی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئیسرائیل لە دامەزراندنیەوە لە ساڵی 1948 زیاتر لە 300 ملیار دۆلار هاوکاریی ئابووری و سەربازیی لە ئەمریکاوە وەرگرتووە.
پێشتریش نەتەنیاهوو رایگەیاندبوو کە دەیەوێ کۆتایی بە پشتبەستنی ئیسرائیل بە هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بێنێت. لە مانگی حوزەیراندا نەتەنیاهوو باسی لەوە کرد کە هەرچەندە ئەو پشتیوانییەی ئیسرائیل لە "دۆستە ئەمریکییەکانیەوە" وەریگرتووە زۆر بەرز دەنرخێنێت، بەڵام "پێویستە خۆمان لە پشتبەستن رزگار بکەین و پیشەسازیی چەکی سەربەخۆی خۆمان بنیات بنێین."
ئەم لێدوانەی ترەمپ رووبەڕووی رەخنەی تووندی گادی ئایزنکۆت، رکابەری نەتەنیاهوو بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بووەوە کە هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانییەک دەدات بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەت. سەرکردەکەی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل گوتی، گوتەکانی ترەمپ بەڵگەن لەسەر ئەوەی نەتەنیاهوو دەبێت لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.
دوێنێ، ئایزنکۆت لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی: "ئەو راستییەی کە دەزگای بەرگریی ئیسرائیل هاوشانی خەڵکی ئیسرائیل لە رێگەی میدیاوە ئاگاداری گۆڕانکاری لە پەیوەندییە ستراتیژییەکانمان دەبێتەوە، پێشاندەری ئەوەیە رەفتارەکانی بنیامین نەتەنیاهوو تاوەکو چەند مەترسیدارن. چی دیکە ناکرێت متمانەی پێبکرێ و دەبێت جێگەی بگیرێتەوە."
لێدوانەکانی ترەمپ لە کاتێکدا هاتن کە دەنگدەرانی ئەمریکا رۆژی سێشەممە بۆ هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول بەرەو بنکەکانی دەنگدان دەچوون؛ هەڵبژاردنێک کە وەک راپرسییەک لەسەر خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ لێکدرایەوە و بووەهۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵی پارتی کۆماری بەسەر کۆنگرێسدا.


.jpg&w=3840&q=75)