رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ بەرگری لە سیاسەتی ئیدارەکەی بەرامبەر تاران دەکات و رەتی دەکاتەوە گرژییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و ئێران بە "جەنگ" ناوببرێن.
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی جەنگی ئێران بۆ رۆژنامەڤانان دوا و گوتی، "رێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئێستا نەوتێکی زیاتر بەراورد بە پێش جەنگەکە (لە تەنگەی هورمز)ەوە دەبەینەوە دەرەوە. هەرچەندە ئەوە جەنگیش نییە! ناکرێت پێی بگوترێ جەنگ، لە کاتێکدا پێنج مانگە هیچ کەسێک بریندار نەبووە، نەکوژراوە و هیچ شتێکیش رووی نەداوە. مانگانە لەنێوان رووسیا و ئۆکراینادا 25 هەزار کەس دەکوژرێن، بەڵام ئێمە لە حەوت مانگدا هیچ کەسێکمان لەدەستنەداوە، بۆیە پێم وانییە ئەوە جەنگ بێت. کۆنترۆڵی تەواومان هەیە و خەریکی گفتوگۆین لەگەڵ ئێرانییەکان و با بزانین چی روودەدات."
ترەمپ ئاماژەی بە کۆبوونەوە و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی لە هاوینەهەواری "مارالاگۆ" لە ویلایەتی فلۆریدا سەبارەت بە دۆسیەی رووسیا و ئۆکراینا کرد و گوتی، "پێشکەوتنی باشمان لە دۆسیەی ئێراندا بەدەستهێناوە. هاوکات زۆر بە باشی لەگەڵ رووسیا و ئۆکرایناش کار دەکەین و پێشکەوتنی گەورە هەیە."
سەبارەت بە دۆخی ئابووریی ئەمریکا دوای هەڵبژاردنی نیوەی خول کە تێیدا کۆمارییەکان زۆرینەی کۆنگرێسیان لەدەستدا، ترەمپ ئابووریی وڵاتەکەی بە "زۆر باش" ناوبرد، بەڵام دیموکراتەکانی بە زیانگەیاندن بە بازاڕ تۆمەتبار کرد و گوتی، "ئابوورییەکەمان باوەڕپێنەکراوە، جگە لەوەی نزیکەی سێ تریلیۆن دۆلارمان لەدەستدا، کاتێک دەرکەوت دیموکراتەکان لە هەڵبژاردندا دەنگی باشیان هێناوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ رەخنەی لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا گرت و بە لەمپەری سەرەکی لە بەردەم بەرەوپێشچوونی وڵاتدا ناویبرد و گوتی، "ئەنجوومەنی پیران دەبێت بجووڵێت. ئەو ئەنجوومەنە هیچ بڕیار و یاسایەک تێناپەڕێنێت و ئەمەش وڵاتەکەمان لەنێودەبات. دیموکراتەکان و کۆمارییەکان هیچ ناکەن. دیموکراتەکان وەک یەک بلۆک دژ دەنگ دەدەن، تەنانەت ئەگەر باشترین پرۆژەیاساش بێت لە جیهاندا بۆ وڵاتەکەمان، هەمیشەش چەند کۆمارییەک هەن کە رێگری دەکەن."
ترەمپ داوای لە جۆن سوون، سەرکردەی نوێی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیران و چەک شومەر، سەرکردەی دیموکراتەکان کرد دەستبەجێ رێگایەک بۆ کارکردن بدۆزنەوە و گوتی، "هیوادارم جۆن سوون بتوانێت هانیان بدات بۆ ئەوەی کار بکەن. گەورەترین کێشەی ئێمە ئەوەیە کە ئەنجوومەنی پیران بووەتە رێگر؛ کاتێک دەتەوێ پرۆژەیەک بمرێت، دەینێریتە ئەنجوومەنی پیران. پێویستە بگەنە رێککەوتن بۆ ئەوەی کارەکان راییکرێن، چونکە ئەنجوومەنی پیران بە راستی وڵاتەکەمان دەکوژێ."



