رووداو دیجیتاڵ
سیابولێلا زانۆخان یۆ ماندێلا دەڵێ، "هیچ کات بانگەشەی ئەوەم نەکردووە نەوە (کوڕەزا یان کچەزای راستەوخۆی) سەرۆک ماندێلا بم"، بەڵام بەپێی نەریتی خێڵەکیی خۆیان بەو رێزەوە لە نێڵسن ماندێلا دەڕوانن وەک ئەوەی باپیری گەورەی بنەماڵەکەیانە.
سیابولێلا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دەکرێ هەر قسەیەکی ئاراستە بکرێ، بەڵام قبووڵی ناکات بگوترێ دەستکەوتە کەسییەکانی بەهۆی ناسناوی ماندێلاوە بەدەستهێناون و داوای لە هەمووان و لە سەرووشیانەوە ئێنکۆسی زوێلیڤێلیلێ کرد کە سەیری کار و ژیاننامەکەی بکەن و گوتی: "خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرام لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا کارم کردووە، سەرپەرشتیی پرۆگرامەکانی مافی مرۆڤ و ئازادیی میدیام لە رۆژهەڵات و باشووری ئەفریقا کردووە و وانەی دیپلۆماسی و چارەسەری ململانێکانم گوتووەتەوە. هیچ کام لەو دەرگایانە بەهۆی ناسناوەکەمەوە بەڕوومدا نەکراونەتەوە، بەڵکو هەموویان بە رەنج و شایستەیی خۆم بەدەستهاتوون."
سیابولێلا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ناو بە تەنیا ژیانێکی پڕ بایەخی دروستکردایە، جیهان پڕ دەبوو لە ماندێلای سەرکەوتوو.
دکتۆر سیابولێلا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر دۆزی کورد ئاشکرا کرد و گوتی، "بۆ دۆستان و خێزانم لە کوردستان، دەمەوێ ئەوە روون بکەمەوە کە من سەر بە هیچ پارتێکی سیاسی نیم لە کوردستان. دڵسۆزی و پەیمانم تەنیا بۆ گەلی کورد و خەباتەکەیەتی بۆ پاراستنی شکۆ، بەدەستهێنانی دادپەروەری و مانەوەیان وەک نەتەوەیەک. من بە دۆستی گەلی کورد دەمێنمەوە."
پەیوەندیی خزمایەتیی سیابولێلا بە نێلسن ماندێلاوە
سیابولێلا درەختی بنەماڵەیی و رەچەڵەکی خۆی بەم شێوەیە روون دەکاتەوە، "شانشینی تێمبوو لە پێنج بنەماڵە پێکدێن و دوایینیان بنەماڵەی ماندێلایە کە من سەر بەوانم. سۆلۆمۆن ماندێلا، برای گادلا هێنری مپهاکانییسوا ماندێلا، باوکی نۆمابهولو ماندێلای داپیرەم بوو، کە دایکی لیڤینگستۆن ماندێلای باوکم بووە. گادلاش باوکی نێلسن رۆلیهلا هلا ماندێلا بووە."
سیابولێلا باس لەوە دەکات، "خوێنی باوکی نەتەوەکەمان (نێلسن ماندێلا) و ئەو خوێنەی بە دەمارەکانی مندا دەڕوات، لە یەک سەرچاوەوە هەڵقوڵاون و ئەم رەچەڵەک و رەگ و ریشەیەش لەلایەن تەواوی پیر و ریشسپییەکانی بنەماڵەی ماندێلاوە ناسراوە و پشتڕاستکراوەتەوە." هەربۆیە ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون بە بێبنەما دەزانێت و پێشوازی لە هەر رێکارێکی یاسایی یان نەریتی بۆ سەلماندنی راستییەکان دەکات.
ئێنکۆسی زوێلیڤێلیلێ ماندێلا: سیابولێلا هیچ پەیوەندییەکی بە ماندێلاوە نییە
پێش گوتەکانی سیابولێلا، ئێنکۆسی زوێلیڤێلیلێ ماندێلا، سەرۆکی ماڵی شاهانەی ماندێلا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سیابولێلا کەسێکی "ساختەکارە" و بە ناڕەوا ناوی بنەماڵەی ماندێلا بەکاردەهێنێت.
زوێلیڤێلیلێ ماندێلا گوتی، "دەمانەوێ بە شێوەیەکی یەکلاییکەرەوە رایبگەیێنین کە دکتۆر سیابولێلا 'ماندێلا' کە بانگەشەی ئەوە دەکات نەوەی سەرۆک نێڵسن رۆلیهلا هلا ماندێلایە، ساختەکارە. ئەو نە خزمە و نە خزمێکی دووریشە. ئێمە داوای لێدەکەین دەستبەرداری ئەم بانگەشە بێبنەمایانە بێت و لە رێگەی کردارەکانیەوە ناوبانگی خێزانی ماندێلا لەکەدار نەکات."
سەرۆکی ماڵی شاهانەی ماندێلا ئاماژەی بەوە کرد، "ملیۆنان کەس و گرووپ لە سەرتاسەری جیهاندا چاو لە باپیرم دەکەن و هەوڵ دەدەن لەسەر رێچکە شۆڕشگێڕییەکەی بڕۆن و شوێن نموونەکەی بکەون. ئەوانە داکۆکیکاری میراتی سەرۆک ماندێلان و بەهاکانی دەپارێزن و لە پێناو مافی مرۆڤ، دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەموو مرۆڤەکان دەوەستنەوە. زۆر نەشیاو و مایەی شەرمەزارییە کە دکتۆر سیابولێلا دەست بۆ دزینی ناسنامە دەبات و پێگەی خزمایەتی لەگەڵ سیمبوولی جیهانیمان بۆ خۆی دادەتاشێت."
لە کۆتاییدا سەرۆکی ماڵی شاهانەی ماندێلا داوای لە سیابولێلا کرد دەستبەجێ بەکارهێنانی ئەو ناو و ناسناوە بۆ بەرژەوەندیی کەسی رابگرێ و گوتی: "ئێمە مافی گرتنەبەری رێکاری یاسایی و هەنگاوی پێویست بۆ خۆمان دەپارێزین، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەم داگیرکردن و زەوتکردنەی ناوی ماندێلا."
دەقی وەرگێڕدراوی هەردوو راگەیێندراوەکان بۆ رووداو
دەقی راگەیێندراوی ئێنکۆسی زوێلیڤێلیلێ، سەرۆکی ماڵی شاهانەی ماندێلا:
دکتۆر سیابولێلا 'ماندێلا' ساختەکارێکە و بە درۆ بانگەشەی ئەوە دەکات کە ماندێلایە. دەمانەوێ بە شێوەیەکی یەکلاییکەرەوە رایبگەیێنین کە دکتۆر سیابولێلا 'ماندێلا' کە بانگەشەی ئەوە دەکات نەوەی سەرۆک نێلسن رۆلیهلا هلا ماندێلایە، کەسێکی ساختەکارە. ئەو نە خزمە و نە خزمێکی دووریشە. ئێمە داوای لێدەکەین کە دەستبەرداری ئەم بانگەشە بێبنەمایانە بێت و لە رێگەی کردارەکانیەوە ناوی خێزانی ماندێلا لەکەدار نەکات. ملیۆنان کەس و گرووپ لە سەرتاسەری جیهاندا چاو لە باپیرم دەکەن و هەوڵ دەدەن شوێن پێیە شۆڕشگێڕییەکانی و نموونەکەی بکەون. ئەمانە داکۆکیکاری میراتی سەرۆک ماندێلان کە بەهاکانی بەرز رادەگرن و بۆ مافی مرۆڤ، دادپەروەری و یەکسانیی هەموو مرۆڤەکان دەوەستنەوە. مایەی شەرمەزارییە کە دکتۆر سیابولێلا دەست بۆ دزینی ناسنامە دەبات و پێگەی خزمایەتی لەگەڵ سیمبوولی جیهانیمان بە ناڕەوا بۆ خۆی بەکاردەهێنێت. ئێمە داوای لێدەکەین دەستبەجێ لە خراپ بەکارهێنانی ئەم ناوە بووەستێت و خۆی لە بەکارهێنانی بۆ بەرژەوەندیی کەسیی خۆی بەدوور بگرێ. ئێمە مافی گرتنەبەری رێکاری یاسایی و نانی هەنگاوی زیاتری پێویست بۆ خۆمان دەپارێزین، تاوەکو کۆتایی بەم زەوتکردنەی ناوی ماندێلا بهێنین."
دەقی راگەیێندراوی دکتۆر سیابولێلا زانۆخان یۆ ماندێلا بۆ رووداو:
من بە نائومێدییەکی قووڵەوە ئەو راگەیێندراوەم خوێندەوە کە لەلایەن ئێنکۆسی زوێلیڤێلیلێ ماندێلاوە دەرکراوە و تێیدا وەک ساختەکارێک ناوزەندی کردووم؛ پیاوێک کە 'نە خزمە و نە خزمێکی دوورە' لە خێزانی ماندێلا و بە 'دزینی ناسنامە' تاوانبار کراوە. من هەموو وشەیەکی ئەو راگەیێندراوە، بە شێوەیەکی یەکلاییکەرەوە و بێ هیچ دوودڵییەک رەت دەکەمەوە. ئەم راگەیێندراوە هەڵەیە، بێباکانەیە و دەرچوونی لە سەرۆکی ماڵی شاهانەمانەوە ناپاکی و خیانەتە لەو پێگەیەی کە هەیەتی. ئێنکۆسی زوێلیڤێلیلێ رێبەری ماڵی ماندێلایە و منیش بەو شێوەیە دەیناسم. لەبەر ئەوەی رێز لەو پێگەیە دەگرم، هێندە نائومێد بووم. سەرکردەیەکی ماڵەکەمان ئەمانەتی پاراستنی ئەندامەکانی و پاراستنی ناوەکەی پێ سپێردراوە. لەبری ئەوە، ئەو رێگەی وەستانی لەبەردەم میدیای بیانیدا هەڵبژاردووە و سووکایەتی بە کوڕێکی بنەماڵەکەی خۆی دەکات، بەبێ ئەنجامدانی یەک پەیوەندیی تەلەفۆنی، بەبێ گفتوگۆ و بەبێ کردنی تەنانەت یەک پرسیاریش. ئەوە سەرکردایەتی نییە. ئەوە نەریتی گەلەکەمان نییە و بە دڵنیاییەوە رێبازی ئەو کەسەش نییە کە بانگەشەی پاراستنی میراتەکەی دەکات.
من نەوەی ماندێلام و ناوەکەم وەرنەگرتووە
شانشینی تێمبوو لە پێنج بنەماڵە پێکدێت و دوایین بنەماڵە ماڵی ماندێلایە؛ ئەوە بنەماڵەی منە. سۆلۆمۆن ماندێلا، برای گادلا هێنری مپهاکانییسوا ماندێلا، باوکی داپیرەم (نۆمابهولو ماندێلا) بوو، کە دایکی باوکم (لیڤینگستۆن ماندێلا) بوو. گادلاش باوکی نێلسن رۆلیهلا هلا ماندێلا بوو. خوێنی باوکی نەتەوەکەمان و ئەو خوێنەی لە دەمارەکانی مندا دەگەڕێ لە یەک سەرچاوەوە دێت. ئەم نەژاد و رەچەڵەکە لەلایەن تەواوی پیر و ریشسپییەکانی نێو بنەماڵەی ماندێلاوە ناسراوە و پشتڕاستکراوەتەوە. من هەرگیز بانگەشەی ئەوەم نەکردووە کە نەوە (کوڕەزا یان کچەزای) سەرۆک ماندێلام. بەپێی نەریتمان، من بەو رێزەوە لەو دەدوێم کە شایستەی باپیری گەورەی ماڵەکەمانە. گۆڕینی ئەو رێزگرتنە بۆ تۆمەتی ساختەکاری، یان نەزانینە بەرامبەر نەریتەکانی خۆمان یان شێواندنێکی بەئەنقەستە کە هیچ کامیان لە سەرکردەیەکی نەریتی ناوەشێنەوە. بنەماڵەی ماندێلا لەو کاتەوە دەستی پێنەکردووە کە جیهان ناوی ئێمەی زانیوە، بەڵکو زۆر پێش ئەوەی باوکی نەتەوەکەمان بەناوبانگی بکات بوونی هەبووە و هەر یەکێک لە باوباپیرانمان باجی ئەو ناوەیان داوە. لە سەردەمی ئاپارتایددا، هەڵگرتنی ناوی ماندێلا بە مانای ئەوە بوو کە ناوزەد بکرێیت بە تیرۆریست. خێزانەکەی من ئەو بارگرانییەیان هەڵگرت. هیچ بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانی ناتوانێت ناومان لێ دابماڵێت کە ئەوان ئازاریان بۆی کێشاوە.
خۆم خاوەنی دەستکەوتەکانم
ناوزەندکردنم وەک ساختەکارێک بریندارم ناکات، چونکە من هیچ خەسڵەتێکی ساختەکاریم تێدا نییە. من دەزانم کێم. ئەوەی کە ئەستەم بۆم و بێدەنگ نابم لەسەری، ئەو لێکدانەوەیەیە کە گوایە هەر دەستکەوتێکم هەبووبێت لەبەر ناسناوی خێزانەکەم پێم بەخشرابێت. من داوا لە هەر کەسێک دەکەم، ئێنکۆسی زوێلیڤێلیلێش لە سەرووی هەموویانەوە، کە سەیری کارنامە و مێژووی کارکردنم بکەن. من هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرام لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. لەنێو رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی گەشەپێدان لەسەر ئاستی جیهان کارم کردووە، سەرپەرشتیی پرۆگرامەکانی مافی مرۆڤ و ئازادیی میدیام لە سەرتاسەری رۆژهەڵات و باشووری ئەفریقا کردووە، لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات وانەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دیپلۆماسی و چارەسەری ململانێکانم گوتووەتەوە و ئەمڕۆش سەرپەرشتیی کاری مرۆیی و خێرخوازی لە کەنەدا دەکەم. هاوکات لە رێگەی کۆمپانیاکەمەوە راوێژ بە حکومەت و دامەزراوەکان دەدەم. هیچ یەکێک لەو دەرگایانە بەهۆی ناوەکەمەوە بەڕوومدا نەکراونەتەوە، بەڵکو هەموویان بە رەنج و شایستەیی خۆم بەدەستهاتوون. ئەگەر ناو بە تەنیا دەیتوانی ژیانێکی پڕ لە بایەخ دروست بکات، جیهان پڕ دەبوو لە ماندێلای بەسەلیقە و سەرکەوتوو. ئەوە ناو نییە کە کارەکان دەکات. جیهان قەرزداری کەس نییە لەبەر ئەوەی بە ماندێلایی لەدایکبووە. جیهان، هەروەک چۆن پێویستە، دادوەریمان لەسەر بنەمای ناخی کەسایەتیمان، قووڵیی بەشدارییەکانمان و ئاستی هزر و بیرکردنەوەمان دەکات. من پێشوازی لەو دادوەرییە دەکەم و تەنیا داوای ئەوە دەکەم کە بە یەکسانی بۆ هەموان پەیڕەو بکرێت.
خەڵک تۆمەت و قوڕ فڕێ دەدەنە سەر ناوەکەم، وەک ئەوەی من نەتوانم هەمان شت بکەم. هەڵە تێمەگەن و دەتوانم. بەڵام من ناچمە نێو شەڕەدەنووکی ئاشکراوە کە تێیدا ئەندامانی یەک بنەماڵە لەبەرچاوی جیهاندا یەکدی لەکەدار بکەن و بەم کارەشیان، پەڵەی رەش بخەنە سەر میراتی یەکێک لە گەورەترین زیرەک و بەتواناکانی مێژوومان. ئەوە هەڵەیەکی گەورە دەبێت و هەڵەیەکە کە پێشتر سەرکردە نەریتییەکەمان بە دەرکردنی ئەو راگەیێندراوە ئەنجامی داوە. بنەماڵەکەمان زۆر لەوە زیاتری بینیوە کە ئەم جۆرە ناکۆکییانە لە میدیای گشتیدا باس بکرێن. من رەتی دەکەمەوە شتێکی دیکەی بۆ زیاد بکەم. یەکێک لە باج و قورساییەکانی هاتنە دنیا لە رەچەڵەکێکی بەناوبانگ ئەوەیە کە هەندێک کەس وا هەست دەکەن مافی ئەوەیان هەیە بڕیار بدەن کێ سەر بەم بنەماڵەیەیە، لەبری ئەوەی ئەرکی راگرتن و بردنەپێشەوەی میراتەکە لە ئەستۆ بگرن. من کارکردنەکەم هەڵبژاردووە. وەک سەرکردەیەکی گەنجی ئەم بنەماڵەیە، بەنیازم رەفتار و هەڵسوکەوتم لە هەموو ئەو رۆڵانەی دەیگێڕم، هیچ لەوە نەچێت کە لە بەیاننامەکەی ئەودا پێشان درا.
سەبارەت بە هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری یاسایی
ئێنکۆسی زوێلیڤێلیلێ مافی گرتنەبەری رێکاری یاسایی بۆ خۆی دەپارێزێ و من پێشوازی لێدەکەم. با هەر کۆڕبەندێک، چ یاسایی بێت یان نەریتی، کە تێیدا بەڵگەکان نەوەک بانگەشە و قسە بڕیار دەدەن، لێکۆڵینەوە لە رەچەڵەک و مێژووی کارکردنم بکات. ئەوانەی لەبەرچاوی جیهاندا تۆمەتی هێندە قورسی وەک 'دزینی ناسنامە' هەڵدەبەستن، دەبێت ئامادە بن بۆ سەلماندنی، چونکە بەڵگەکان پشتیوانی لەو ناکەن.
بۆ دۆستان و خێزانم لە کوردستان، دەمەوێ ئەوە روون بکەمەوە کە من سەر بە هیچ پارتێکی سیاسی یان بنەماڵەیەکی سیاسی نیم لە کوردستان. پەیمان و دڵسۆزیم تەنیا بۆ گەلی کورد و خەباتەکەیەتی لە پێناو شکۆ، دادپەروەری و مافی بوونیان وەک نەتەوەیەک. من بە دۆستی گەلی کورد دەمێنمەوە، لە چیاکانەوە تاوەکو دوورتر لە چیاکان.
من وەک کوڕێکی شانازیپێکراوی ماڵی ماندێلا دەمێنمەوە. بەردەوام دەبم لەسەر ئەو کارەی کە زیاتر لە دە ساڵە دەیکەم: داکۆکیکردن لە ئاشتی، مافی مرۆڤ و دادپەروەری، لە ناوخۆ و لە سەرتاسەری جیهان. ئەوە میراتی بنەماڵەکەمانە وەک چۆن لێی تێگەیشتووم، ئەوە تاکە بانگەشەیە بۆ ناوی ماندێلا کە هەرگیز پێویستم پێی بووبێت.



