رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە راپۆرتێکدا چوار وڵاتی سەر دەریای نێوەڕاستی وەک وڵاتی ژێر "گوشاری کۆچبەری" دیاریکرد، ئەمەش رێگە بۆ دابەشکردن و گواستنەوەی داواکارانی مافی پەنابەری بەسەر وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپادا لە ساڵی 2027 دەکاتەوە.
بەپێی راپۆرتەکە کە دوێنێ هەینی بڵاوکرایەوە، هەریەک لە ئیسپانیا، ئیتاڵیا، یۆنان و قوبرس وەک ئەو وڵاتانە پۆلێن کراون کە لەژێر گوشاری گەورەی کۆچبەریدان.
ئەم هەڵسەنگاندنە دەبێتە دەستپێکی پرۆسەی دابەشکردنەوەی پەناخوازان لەنێو وڵاتانی یەکێتییەکەدا؛ پرسێک کە چاوەڕوان دەکرێ مشتومڕی زۆری لێبکەوێتەوە بەهۆی ناکۆکییەکانی ئەم دواییەی نێوان حکومەتەکانی ئەورووپا لەسەر دۆسیەی کۆچ و دوودڵیی هەندێک وڵات لە وەرگرتنی پەناخوازان.
کۆمیسیۆن دەڵێ، لە راپۆرتەکەیدا چوونی زیاتر لە 80 هەزار کۆچبەری لە کۆتایی مانگی تەممووز بۆ شاری سیوتای ئیسپانیا لەبەرچاو گرتووە، هەرچەندە ئامارەکانی نێو راپۆرتەکە لە تەممووزی 2025 تاوەکو حوزەیرانی 2026 دەگرێتەوە.
ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی تەنیا لە دوو رۆژدا چوونە نێو ئەو شارەی ئیسپانیاوە زیاتر بوو لە تەواوی ئەو کۆچبەرانەی لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2026دا بە نایاسایی سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپایان بەزاند، بەڵام بەرپرسانی یەکێتییەکە روونیان کردووەتەوە کە زۆرینەی هەرە زۆری ئەو کەسانە لە ماوەیەکی کەمدا بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە گەڕانەوە بۆ مەغریب، بۆیە لە دابەشکردنی پەناخوازان ئەو خاڵە لەبەرچاو دەگرن.
بەپێی سیستمی یەکێتیی ئەورووپا، هەموو وڵاتانی ئەندام جگە لەوانەی لەژێر گوشاردان، بەپێی ژمارەی دانیشتووان و قەبارەی بەرهەمی ناوخۆیی هاوکاری پێشکێش دەکەن. وڵاتان لە نێوان سێ بژاردەدا سەرپشک دەکرێن: وەرگرتنی کۆچبەران لە وڵاتەکانیان، پێدانی 20 هەزار یۆرۆ بۆ هەر پەناخوازێک کە رەتیدەکەنەوە وەریگرن، دابینکردنی هاوکاریی دارایی و لۆجستی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو وڵاتانەی لەژێر گوشاردان.
راپۆرتەکە سەرپێچیی هەردوو وڵاتی هەنگاریا و سلۆڤاکیای خستوەتە بەر باس کە رەتیانکردووەتەوە پابەندی بەڵێنەکانی وەرگرتنی پەناخوازان یان پێدانی هاوکارییە داراییەکان بۆ ساڵی 2026 بن، هەرچەندە کۆمیسیۆن هێشتا هیچ رێکارێکی سزادانی دژیان نەگرتووەتەبەر؛ هەروەها چاودێری خراوەتە سەر ئیتاڵیاش دوای ئەوەی لە مانگی ئابدا چەند وڵاتێکی ئەندام داوایان لە رۆما کرد ئەو پەناخوازانە وەربگرێتەوە کە لە سنوورەکانی ئەوەوە چوونەتە نێو ئەورووپا و دواتر چوونەتە وڵاتانی دیکە.
بەپێی داتاکانی ناوەندی تایبەت بە کۆچبەرانی یەکێتیی ئەورووپا، لە ماوەی ئامادەکردنی راپۆرتەکەدا نزیکەی 13 هەزار کۆچبەر لە وڵاتانی ئەندامدا بۆ وڵاتی یەکەمی چوونیان گەڕێندراونەتەوە، هاوکات جووڵەی بێ مۆڵەتی پەناخوازان لەنێو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپادا بە رێژەی نزیکەی 13% کەمی کردووە.
پۆلێنبەندیی وڵاتەکان بەپێی بڕیارەکەی کۆمیسیۆنی ئەورووپا:
وڵاتانی ژێر "گوشاری کۆچبەری" (دەتوانن کۆچبەران بنێرنە وڵاتانی دیکە):
ئیسپانیا
ئیتاڵیا
یۆنان
قوبرس
وڵاتانی رووبەڕووی "دۆخی کۆچبەریی بەرچاو" (دەتوانن داوای بەخشین لە وەرگرتنی کۆچبەر بکەن):
پۆڵەندا
چیک
کرواتیا
نەمسا
بولگاریا
ئیستۆنیا
وڵاتانی رەتکەرەوە (بە تەواوی بەشداری لە سیستەمەکە و سزاکانیدا ناکەن):
هەنگاریا
سلۆڤاکیا



