رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رایدەگەیێنێت، نابێت ژیریی دەستکرد "بەرەڵڵا و بێ یاسا" بێت، جەختیش دەکاتەوە کە دەبێت بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیایە لە هەر بوارێکدا کە هەڕەشە لە تەندروستیی دەروونی و مێشکی منداڵان بکات، بە تەواوەتی قەدەخە بکرێت.
ماکرۆن، کە لە وڵاتەکەیدا هەوڵ بۆ قەدەخەکردنی بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ مێرمنداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ دەدات، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "لیس ئیکۆس"ـی فەرەنسی گوتی: "تەنیا لەبەر ئەوەی ناوی ژیریی دەستکردە، مانای ئەوە نییە ببێتە جێگەیەکی بێ یاسا؛ هەر کاتێک ئەم تەکنەلۆژیایە هەڕەشە لە تەندروستیی دەروونی یان مێشکی منداڵان بکات، دەبێت بێ دوودڵی رێگریی لێ بکرێت و قەدەخە بکرێت."
ئەم لێدوانەی سەرۆکی فەرەنسا هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ پەسندکردنی پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی لە کۆڕبەندی ئاشتیی پاریس، کە تێیدا لێژنەیەکی پسپۆڕان پێشنیازی نوێ بۆ پاراستنی تاک لە مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد دەخەنەڕوو.
بەگوێرەی رەشنووسی پەیماننامەکە، تاقیگە و کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا پابەند دەکرێن بەوەی پێش خستنەبازاڕی هەر مۆدێلێکی نوێی ژیریی دەستکرد، هەڵسەنگاندنی سەربەخۆی بۆ بکەن و داتاکانیان بخەنە بەردەست.
ماکرۆن ئاماژەی بەوە کرد، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک ئۆپن ئەی ئای (OpenAI) و ئەنترۆپیک (Anthropic) بەشدار دەبن لە داڕشتنی ئەو بنەمایانەی دەبنە هەوێنی یاساکانی داهاتووی یەکێتیی ئەورووپا و گوتی: "کۆمپانیاکان رێکاری وردبینیی پێشوەختە قبووڵ دەکەن، تا پێش ئەوەی مۆدێلەکان بگەنە دەستی منداڵان پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت. ئێمە لە پرۆسەی داڕشتنی سەرەتای یاساکانی سنووردارکردنی ژیریی دەستکردی پێشکەوتووداین."
سەرۆکی فەرەنسا پۆلێنکردنی مەترسییەکانی ئەم تەکنەلۆژیایەی بۆ سێ ئاستی سەرەکی دابەشکرد: "منداڵەکانمان، ئاسایشی پرۆسەی دیموکراسی، و پرسە باڵاکانی ئاسایشی نیشتمانی."
هەر لەم چوارچێوەیەدا، ماکرۆن لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای کرد بە بەشداریی نزیکەی 50 سەرۆکی وڵات و حکومەت لەوانە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، کەنەدا، نەرویج، هۆڵەندا و ژاپۆن، هاوشانی بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی مایکرۆسۆفت، ئۆپن ئەی ئای، ئەنترۆپیک و میسترال بۆ تاوتوێکردنی مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "دەستنیشانکردنی کێشەکە و مەترسییەکان لەنێوانماندا هاوبەشە، بۆیە دەبێت پێکەوە هەنگاوی بەپەلە بنێین."

