رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی پێکدادانی زنجیرەیی دەیان ئۆتۆمبێل لەسەر رێگەیەکی خێرای سەرەکی لە رۆژهەڵاتی بولگاریا، لانیکەم 11 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 50 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی سێشەممە 10-11-2026، رووداوەکە لە نزیک شاری یامبۆل، لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە روویدا، کە سۆفیای پایتەخت بە شاری بورگاس لەسەر دەریای رەش دەبەستێتەوە.
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان و زانیاریی دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی، بەهۆی تەمێکی زۆرەوە دەیان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و تایبەت لە هەردوو دیوی رێگەکە و بەسەر شەش هێڵی هاتووچۆدا بەسەر یەکدا کەوتوون، وەرگەڕاون یان بە تەواوی تێکشکاون.
رومێن رادیڤ، سەرۆکوەزیرانی بولگاریا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی 11 کەس و برینداربوونی 48 بۆ 50 کەس پشتڕاستکراوەتەوە.
سەرۆکوەزیرانی بولگاریا رووداوەکەی بە "کارەسات" ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد، فڕۆکەی سەربازییان بۆ گواستنەوەی بریندارەکان بەکارهێناوە و دەستبەجێ سەردانی شوێنی رووداوەکە دەکات.
لیوبۆمیر نیکۆلۆڤ، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی ناوخۆی بولگاریا روونیکردەوە، هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە تەمومژی چڕ بووە و پێکدادانەکە سەرەتا لە نێوان پاسێک و بارهەڵگرێکدا لەو سایدی رێگەکە کە بەرەو بورگاس دەچێت دەستیپێکردووە و دواتر دەیان ئۆتۆمبێلی دیکە خۆیان بەیەکدا کێشاوە.
رووداوەکە هاوکات بوو لەگەڵ سەردانی ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا بۆ بولگاریا؛ ڤۆن دێر لاین بەهۆی رووداوەکەوە سەردانەکەی کورتکردەوە و سەرەخۆشیی خۆی بۆ قوربانییان دەربڕی.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی، پۆلیس و فریاکەوتن بە چڕی گەیشتوونەتە ناوچەکە و بە گوتەی تۆدۆر میشینێڤ، پشکنەری باڵا هێشتا بەشێک لە سەرنشینەکان لەنێو ئۆتۆمبێلە تێکشکاوەکاندا گیریان خواردووە و کاری لەپێشینەی تیمەکان رزگارکردنیانە پێش دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە فەرمییەکان.
رێگەکانی بولگاریا بە مەترسیدارترین رێگەوبانەکان لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپا پۆلێن دەکرێن.



