رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و بریجیت ماکرۆنی هاوژینی، سکاڵایەکیان لە دادگەیەکی فیدراڵیی ئەمریکا لەسەر کەنداس ئۆونز، پێشکێشکاری پۆدکاستی ئەمریکی تۆمار کرد.
ئەم هەنگاوە دوای بڕیارێکی مانگی رابردووی دادگەی ویلایەتی دێلاوێر هات کە تێیدا دادوەر بەهۆی تایبەتمەندیی شوێنی نیشتەجێبوونەوە دۆسیەکەی بەرامبەر ئۆونز رەتکردەوە، بەو پێیەی پێشکێشکارەکە دانیشتووی ویلایەتی تێنسییە، بەڵام رێگەی دا سکاڵاکە دژی کۆمپانیاکانی بەردەوام بێت. هەربۆیە، ماکرۆن و هاوژینەکەی سکاڵانامەیەکی 411 لاپەڕەییان لە دادگەی فیدراڵیی ویلایەتی تێنسی تۆمار کرد.
سکاڵاکە تیشک دەخاتە سەر ئەو تیۆریی پیلانگێڕییانەی کە ئۆونز لە ئاداری 2024ەوە بڵاویان دەکاتەوە، لە سەروویانەوە ئەو دەنگۆیانەى گوایە خانمی یەکەمی فەرەنسا بە رەگەز نێر بووە و دوایی رەگەزی خۆی گۆڕیوە.
لە سکاڵانامەکەدا هاتووە، سەرەڕای ئەوەی رەگەزگۆڕین هیچ شەرمەزارییەکی تێدا نییە، بەڵام لێدوانەکانی ئۆونز ئامانجیان ناوزڕاندنە، چونکە ماکرۆن و هاوژینەکەی تۆمەتبار دەکات بەوەی دەیان ساڵە قسەی راست بۆ جیهان ناکەن.
لە سکاڵا نوێیەکەدا سکاڵا لەسەر بەکارهێنانی "بووکەڵەیەکی شێوێنراو"ی بریجیت ماکرۆن لەلایەن ئۆونزەوە کراوە، کە بە گوتەی پارێزەرانی ماکرۆن وەک کەرەستەیەک بۆ گاڵتەکردن و سووکایەتیکردن بە رووخساری خانمی یەکەم بەکارهێنراوە، بە مەبەستی دەستکەوتی دارایی، ناوبانگ و فرۆشتنی کەلوپەل لە رێگەی پلاتفۆرمەکەیەوە.
سەرۆکی فەرەنسا و هاوژینەکەی لە دادگە داوای قەرەبووی مادی و لێپێچینەوە و سزا دەکەن، هاوشانی دەرکردنی بڕیارێکی دادوەری بۆ قەدەخەکردنی ئۆونز لە دووبارە بڵاوکردنەوەی ئەو لێدوانانە.
بەرپرسێکی کۆشکی ئەلیزێ تۆمارکردنی سکاڵاکەی پشتڕاستکردەوە و ئۆونز خۆیشی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دانی بەوەدا نا کە رووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی سکاڵای یاسایی لەلایەن ماکرۆن و هاوژینەکەیەوە بووەتەوە.
ئەو دەنگۆیانەى کە بریجیت ماکرۆن دەکاتە ئامانج، مێژووەکەیان بۆ 2021 لە نێو بازنە تووندڕۆکانی فەرەنسا دەگەڕێتەوە، کاتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە گوایە خانمى یەکەمی فەرەنسا لە بنەڕەتدا بە ناوی "ژان میشێل ترۆنیۆ" (کە ناوی براکەیەتی) و بە رەگەزی نێر لەدایکبووە. سەرەڕای ئەوەی دادگەکانی فەرەنسا پێشتر چەندین کەسیان بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵانە بە تاوانی ناوزڕاندن سزا داوە، کەچی لە سەرەتای 2024ـەوە دەنگۆکە لەلایەن کەنداس ئۆونز و چەند کەسایەتییەکی دیکەی راستڕۆی ئەمریکاوە زیندووکرایەوە و پەلی کێشا بۆ پلاتفۆرمە ئینگلیزییەکان، ئەمەش کاریگەرییەکی نێودەوڵەتیی فراوانتری بە دەنگۆکە بەخشی.



