رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی ئەمریکا تۆمەتی فەرمیی ئاراستەی سێ کەس کرد کە بە "بریکاری ئێران" ناوزەدی کردوون، لەسەر تێوەگلانیان لە "پیلانگێڕییەکی تیرۆریستی" بۆ هێرشکردنە سەر بنکەی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا (فێرفۆرد)، کە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێران بەکاردەهێنرا. دوو لەو کەسانە عێراقین.
رۆژی سێشەممە 10-11-2026 [چوارشەممە بەکاتی هەولێر]، وەزارەتی دادی ئەمریکا لە شاری نیویۆرک رایگەیاند، تۆمەتەکان ئاراستەی محەممەد باقر سەعد داود سەعدی (32 ساڵ، خاوەن وڵاتینامەی عێراقی-ئێرانی)، موحسین موهاجیری (48 ساڵ، ئێرانی) و محەممەد عەلی حەسەنی (35 ساڵ، عێراقی) کراون، بەهۆی رۆڵیان لە داڕشتن و سەرپەرشتیکردنی پیلانی هێرشەکەی مانگی ئەیلوول بۆ سەر بنکەی فێرفۆرد لە باشووری رۆژئاوای ئینگلتەرا.
بەپێی بەڵگەنامەکانی ئەمریکا، پیلانەکە دوای ئەوە ئاشکرابوو کە جووتیارێکی ناوچەکە گومانی لە چەند ڤانێک لە نزیک بنکەکە کردبوو و پۆلیسی ئاگادارکردبووەوە؛ دواتر دەرکەوت محەممەد عەلی حەسەنی چەند کەسێکی راسپاردووە تاوەکو بەو ئۆتۆمبێلانە بچنە نێو بنکەکە، کە بەرمیلە نەوت و مادەی کانزایی وەک پارچەی تەقینەوەیان (ساچمە) تێدا شاردراوەتەوە و ئۆتۆمبێلەکان بە شێوازی دابەشکردنی سووتەمەنی ساختە کرابوون.
لە بەڵگەنامەکاندا هاتووە، محەممەد باقر سەعدی کە لە مانگی ئایارەوە لەسەر دۆسیەی تیرۆر لە نیویۆرک زیندانییە، لە رێگەی نامەی کۆدکراوەوە لەنێو زیندان رێنمایی و هاوئاهەنگیی بۆ ئەو دوو کەسەی دیکە ناردووە. چەند رۆژێک دوای ئەو رووداوەش، ئەمریکا تەواوی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی لە جۆری B-1 لەو بنکەیە کشاندەوە.
تۆد بلانش، داواکاری گشتیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هەر کەسێک پیلانی تیرۆریستی بۆ هێرشکردنە سەر هەر بنکەیەکی سەربازی دابڕێژێت کە سەربازانی ئەمریکیی لێ بێت، لەلایەن حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دادگایی دەکرێت."
تۆمەتەکان لە هەشت مادە پێکدێن و تێیدا ئاماژە بە پشتیوانیی ئەو سێ تۆمەتبارە بۆ سوپای پاسدارانی ئێران و کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق کراوە. هەروەها سەعدی تۆمەتبارە بەوەی لە سەرەتای ئەم ساڵەوە سەرپەرشتیی لانیکەم 18 هێرشی تیرۆریستیی لە ئەورووپا و دوو هێرشی لە کەنەدا کردووە، لەوانەش چەقۆوەشاندن لە دوو جوو لە لەندەن و سووتاندنی کەنیسە و قوتابخانەی جووەکان لە ئەمستەردام و میونشن.
هاوکات لەگەڵ ئاشکراکردنی ئەم دۆسیەیە، داتاکانی چاودێریی فڕین دەریخستووە، سوپای ئەمریکا بەهۆی هەڕەشەکانی ئێرانەوە، لانیکەم 12 فڕۆکەی سەربازیی لە بنکەیەکی دیکەی ئاسمانیی بەریتانیا بەناوی (مێڵدنهۆڵ) کشاندووەتەوە.



