رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکانی شەش بەرپرسی ئەورووپی، سعودیە گوشار دەخاتە سەر یەکێتیی ئەورووپا بۆ ئەوەی حووسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی" بناسێنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە نیگەرانییەکانی ئەورووپا بڕەوێنێتەوە کە پێیانوایە ئەم هەنگاوە رەنگە پڕۆسەی ئاشتی لە داهاتوو تێکبدات.
ئەم هەڵمەتە رەنگدانەوەی هەوڵە فراوانەکانی ریازە بۆ زیادکردنی گوشاری نێودەوڵەتی لەسەر ئەو گرووپە، کە لەم ماوانەی دواییدا و دوای دەستپێکردنەوەی ئەو جەنگەی زیاتر لە دەیەیەک لەمەوبەر هەڵگیرسابوو، نزیکەی هەموو رۆژێک هێرش دەکەنە سەر سعوودیە.
ئێستا حووسییەکان لەژێر سزاکانی یەکێتیی ئەورووپادان، لەوانەش گەمارۆی چەک و سڕکردنی داراییەکانی 12 فەرماندەیان. یەکێتیی ئەورووپا پێشتر سوپای پاسدارانی ئێرانی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە کە بە پاڵپشتیکاری سەرەکیی حووسییەکانی دادەنێن، بەڵام یەکێتییەکە تاوەکو ئێستا خۆی لە ناساندنی حووسییەکان بە تیرۆریست بەدوور گرتووە، کە هەنگاوێکە وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا وەک ئەمریکا، ئوسترالیا و کەنەدا ناویانە.
سعودیە زیاتر لە دەیەیەکە سەرکردایەتیی هاوپەیمانێتییەکی سەربازی دەکات کە لە دژی ئەو گرووپە دەجەنگێت لە پێناو حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیی یەمەن، کە حووسییەکان لە ساڵی 2014 لە سەنعای پایتەخت دەریانکردن.
شەش بەرپرسە ئەورووپییەکە رایانگەیاندووە، وڵاتانی ئەورووپا نیگەرانن لەوەی ناساندنی حووسییەکان وەک گرووپێکی تیرۆریستی ببێتە هۆی داخستنی ئەو کەناڵە سنووردارانەی پەیوەندی کە لەگەڵ گرووپەکەدا هەیانە و رەنگە هەر بەشدارییەکی ئەورووپا لە پرۆسەی ئاشتی لە داهاتووی یەمەندا پەکبخات.
خستنە لیستی تیرۆری حووسییەکان، پێویستی بە کۆدەنگیی هەر 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپایە. یەکێک لە بەرپرسەکان ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا پاڵپشتییەکە تەنیا لە نێو ژمارەیەکی کەمی وڵاتاندا سنووردار بووە و بەهۆی نهێنیی گفتوگۆکانەوە ئامادە نەبوو ناویان بهێنێت.
نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی سعودیە وەڵامی داواکارییەکانی بۆ لێدوان نەدایەوە و ئەنوەر ئەلعەنوونی، گوتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، یەکێتییەکە لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ ریاز لەسەر کۆمەڵێک پرس، بەڵام ئامادە نەبوو لەسەر هیچ گفتوگۆیەکی دیاریکراو لێدوان بدات.
پەرلەمانی ئەورووپا مانگی رابردوو لە هەنگاوێکدا بڕیارنامەیەکی پەسند کرد و داوای لە یەکێتیی ئەورووپا کرد حووسییەکان بخاتە لیستی تیرۆرەوە.
جۆوانا دی دیۆس پێرێرا، توێژەری باڵا لە پەیمانگەی شاهانەی خزمەتگوزارییە یەکگرتووەکان لە لەندەن رایگەیاند، وڵاتانی ئەورووپا دەیانەوێ هاوسۆزی لەگەڵ سعودیە نیشان بدەن، بەڵام دوودڵن لەم هەنگاوە چونکە کاریگەرییەکی کردەیی سنوورداری دەبێت.
بە گوتەی پێرێرا، نیگەرانییەکانی ئەورووپا بریتین لەوەی حووسییەکان لە تۆڵەی ئەوەدا کەشتییە ئەورووپییەکان لە نزیک یەمەن بکەنە ئامانج، هەروەها کارکردنی رێکخراوە فریاگوزارییەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکاندا ئاڵۆز بکات. هۆکارێکی دیکەی وریایی ئەورووپا ئەوەیە کە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری خستنە لیستی تیرۆری یەکێتیی ئەورووپا زۆر سەختە و دووبارە پێویستی بە کۆدەنگیی هەموو ئەندامان دەبێت.
کەناراوەکانی یەمەن بە درێژایی دەریای سوور و تەنگەی بابولمەندەب درێژ دەبنەوە کە رێڕۆیەکی ئاویی هەستیارە و ئەورووپا و ئاسیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە؛ هەر هێرشێکی حووسییەکان لەوێ دەتوانێت زیاتر بازرگانیی جیهانی پەکبخات کە پێشتر بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە لە وەڵامی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران تووشی شڵەژان بووە.
ریاز بە پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ چەندین ساڵ هەڵمەتێکی سەربازیی دژی حووسییەکان بەڕێوەبرد پێش ئەوەی لە ساڵی 2022 لەسەر ئاگربەستێک رێکبکەون، بەڵام ئەو ئاگربەستە لە مانگی تەمووزی ئەم ساڵدا هەڵوەشایەوە دوای ئەوەی حووسییەکان ریازیان بە بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی سەنعا تۆمەتبار کرد؛ لەو کاتەوە هەردوولا هێرش دەکەنە سەر یەکدی.



