رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای مایکرۆسۆفتی بواری تەکنەلۆژیا رایگەیاند، خزمەتگوزارییەکانی بۆ بەکارهێنەران گەڕاندووەتەوە و بەمەش کۆتایی بەو پچڕانە گەورەیە هات کە بووە هۆی دروستبوونی پشێوی و پەکخستنی خزمەتگوزارییە گشتی و بازرگانییەکان لە سەرانسەری جیهاندا.
رۆژی شەممە 14-11-2026، کۆمپانیا ئەمریکییەکە لە پۆستێکدا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "هەوڵەکانمان بۆ چارەسەرکردنی کێشە سەرەکییەکەی ئەو رووداوە تەواو کردووە و خزمەتگوزاریمان بۆ ئەو بەکارهێنەر و ناوچانەش گەڕاندووەتەوە کە مابوونەوە."
مایکرۆسۆفت پێشتر باسی لە "چاکبوونەوەی بەرفراوان"ـی خزمەتگوزاریی ئیمەیڵی (ئاوتلووک) و خزمەتگوزارییەکانی دیکە کردبوو و رایگەیاندبوو، پچڕانە گەورەکە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە بووە و "پەیوەندیی بە هێرشی ئەلیکترۆنی یان ژیریی دەستکردەوە نەبووە."
بەپێی ماڵپەڕی چاودێریی (داون دیتێکتەر)، پچڕانەکە رۆژی پێنجشەممە جیهانی گرتەوە و بەرهەمەکانی کۆمپانیاکەی لە لانیکەم 74 وڵات و ناوچەی ئەمریکا، ئەورووپا، ئاسیا و ئەفریقا لەکارخست.
مایکرۆسۆفت هۆکاری پچڕانەکەی بۆ "گوشارێکی زۆر" لەسەر ژێرخانەکەی گەڕاندبووەوە و ئاماژەی بەوەش کردبوو، وەستانەکە کاریگەریی لەسەر خزمەتگوزاریی ئیمەیڵی ئاوتلووک، پلاتفۆرمی پەیوەندییەکانی تیمز (Teams) و ژیریی دەستکردی کۆپایلۆت (Copilot) هەبووە.
هاوکات رۆژی شەممە، مایکرۆسۆفت هۆشداریی دا لە هەبوونی "هەڵمەتێکی چالاکی ساختەکاری" بۆ قۆستنەوەی ئەو پچڕانە، کە تێیدا ئیمەیڵی ساختە بە ناوی ئاگادارکردنەوەکانی خزمەتگوزاریی کۆمپانیاکەوە دەنێردرێن.
بەگوتەی کۆمپانیاکە، ئەو ئیمەیڵانە کە رۆژی هەینی ئاشکرا کراون، بە بەکارهێنەران دەڵێن، ئەو نامانەی لە کاتی پچڕانەکەدا بلۆک کراون دەسڕێنەوە ئەگەر وەرگرەکە کلیک لەسەر لینکێک نەکات بۆ گەڕاندنەوەیان.



