رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هۆکاری ئەو پەککەوتنە گەورەیەی گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی گەڕاندەوە بۆ چاککردنەوە و گۆڕینی هێڵە کۆنەکانی پەیوەندیی مس بە شێوازێکی هەڵە، کە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی زیاتر لە 18 هەزار گەشت لە رۆژانی هەینی و شەممەدا.
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی فڕۆکەوانیی ئەمریکا، دوای ئەو راگیرانە گشتگیرە چوار کاژێرییەی رۆژی هەینی کە تێیدا سەرجەم گەشتەکان لە ئاسمانی ئەمریکا راگیران، جووڵەی فڕۆکەخانەکان دەستی پێکردووەتەوە و پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی رۆژی یەکشەممە دۆخەکە بە تەواوی ئاسایی ببێتەوە.
زیاتر لە 18 هەزار گەشت هەڵوەشاونەتەوە
بڕایان بێدفۆرد، سەرۆکی فیدراسیۆنی فڕۆکەوانیی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن، داوای لێبووردنی لە گەشتیارانی ئەمریکی کرد و رایگەیاند، رۆژی هەینی 12 هەزار گەشتی ئاسمانی هەڵوەشاونەتەوە.
بەگوێرەی داتاکانی ماڵپەڕی چاودێریی گەشتەکان، تاوەکو ئێوارەی رۆژی شەممە زیاتر لە 6,200 گەشتی دیکەش هەڵوەشێندراونەتەوە، ئەمەش وایکردووە گەشتیارێکی زۆر بە شەکەتی و تووڕەییەوە لە فڕۆکەخانەکانی وەک لا گواردیا لە نیویۆرک چاوەڕێی چارەنووسی گەشتەکانیان بکەن.
کێبڵە مسە کۆنەکان هۆکار بوون
شۆن دافی، وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا روونیکردەوە کە راگیرانی گەشتەکان دوای ئەوە هاتووە کە کاری چاکسازی بۆ گۆڕینی کێبڵێکی کۆنی مس بۆ کێبڵی فایبەری خێرا، کێشەی لە پەیوەندیکردن لەگەڵ فڕۆکەکان و زانیارییەکانی راداردا دروست کردووە. ئەمە بەبێ ئاشکراکردنی کات و شوێنی گۆڕینی کێبڵەکان.
دافی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "چ بەهۆی هەڵەی بەڵێندەرەوە بووبێت یان پارچە ئامێرێکی تێکچوو لێشاوێک لە گوشار لەسەر راوتەرەکانی سیستەمی کۆنترۆڵی هاتووچۆی ئاسمانیماندا دروستبوو".
ئەم راگیرانە گشتگیرە دووەمین جار بوو لە دوای هێرشەکانی 11ـی سێپتەمبەری 2001ـەوە لە ئاسمانی ئەمریکادا رووبدات، کە بە یەکێک لە قەرەباڵخترین ئاسمانەکانی جیهان دادەنرێت.
ململانێی سیاسی و داوای 50 ملیار دۆلار
ئەم رووداوە نیگەرانیی قووڵی لەبارەی کۆنبوونی ژێرخانی فڕۆکەوانیی ئەمریکا لێکەوتەوە. وەزیری گواستنەوە داوای 50 ملیار دۆلاری لە کۆنگرێس کرد بۆ نوێکردنەوەی سیستەمی کۆنترۆڵی هاتووچۆی ئاسمانی، بەڵام ئەمە کاردانەوەی توندی دیموکراتەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.
جەی بی پریتزکەر، حاکمی ویلایەتی ئیلینۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وەڵامی دافی دایەوە و نووسی: "واز لەم قسە بێمانایانە بهێنە؛ ترەمپ و کۆمارییەکان کۆنترۆڵی کۆنگرێسیان لەدەستدابوو و دەیانتوانی بودجە بۆ سیستەمەکە دابین بکەن."
کاسی هۆکڵ، حاکمی نیویۆرک داوای کرد دافی دەست لەکار بکێشێتەوە یان لەلایەن ترەمپەوە دووربخرێتەوە و نووسی: "بەختمان هەبوو کە هیچ کەسێک گیانی لەدەست نەدا."
لەلایەکی دیکەوە، ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوای لێکۆڵینەوەیان کردووە لە هۆکاری راگیرانەکە و دڵنیابوونەوە لە پاراستنی سیستەمەکە لە هێرشی ئەلیکترۆنی، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بێدەنگ بووە.



