رووداو دیجیتاڵ
ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤی پایتەختی رایگەیاند، درەنگی شەوی دووشەممە رووسیا هێرشی کردووەتە سەر دوو پردی سەرەکی و زیانی گەورە بە ژێرخانی شارەکە گەیشتووە، بە جۆرێک سیستمی دابینکردنی ئاو و گەرمکەرەوە لە چەندین گەڕەکی پایتەختدا پچڕاوە.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا پێشتر هۆشداریی دابوو کە رووسیا لە رۆژانی داهاتوودا هێرشی بەرفراوان دەکات؛ ئەوەش لە کاتێکدا نوێنەرانی کیێڤ لەگەڵ ئەورووپا و ئەمریکا سەرقاڵی گفتوگۆ بوون لەسەر ئامادەکاری بۆ دانوستاندنی داهاتوو لەگەڵ مۆسکۆ بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ.
سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ گوتی: "هەردوو پردی باکوور و باشوور بۆردوومان کراون" و گوتیشی بەهۆی هێرشەکان "سیستمەکانی ژێرخانی سەرەکی زیانیان بەرکەوتووە و بەهۆیەوە هێڵەکانی دابینکردنی ئاو و گەرمی لە هەندێک لە ناوچەکانی پایتەخت پچڕاون."
زێلێنسکی رۆژی دووشەممە رایگەیاندبوو، کە رووسیا خۆی بۆ هێرشکردن ئامادە دەکات و جەختی کردەوە کە ئۆکراینا ئامادەی وەڵامدانەوەیە، و گوتی: "ئەمشەو، بە درێژایی شەو و تەواوی رۆژی سبەی، تکایە بە تەواوی ئاگاداری زەنگەکانی مەترسیی مووشەک بن."
سەرۆکی ئۆکراینا هۆشداریشی دایە مۆسکۆ و گوتی: "پێویستە ئەوان لەوێ لە رووسیا بزانن کە بۆ هەر خراپەکارییەکی ئەوان، وەڵامێکی دادپەروەرانەی ئێمە بوونی دەبێت."
هێرشی ئۆکراینا بۆ سەر مۆسکۆ و پردی کرێمیا
هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی سەر کیێڤ، ئۆکرایناش لە شەودا لە رێگەی درۆنەوە هێرشی کردە سەر پایتەختی رووسیا؛ سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە رایگەیاند کە هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی توانیویانە 20 درۆن کە بەرەو مۆسکۆ دەهاتن تێکبشکێنن.
لە لایەکی دیکەشەوە، ئۆکراینا بۆ دووەمین رۆژی لەسەریەک لە رێگەی هێرشی مووشەکییەوە پردێکی پێکا کە نیمچەدوورگەی کرێمیا بە خاکی رووسیاوە دەبەستێتەوە؛ سێرگی ئەکسیۆنۆڤ، پارێزگاری دەستنیشانکراوی مۆسکۆ لە کرێمیا رۆژی سێشەممە لە تێلیگرام رایگەیاند کە "ئێستا هاتووچۆ لەسەر پردەکە بە تەواوی راگیراوە."
