رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی هەڕەشەکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەشتی بێ ڤیزا بۆ ناوچەی شنگن، وڵاتانی دەریای کاریبی رووبەڕووی گوشارێکی تووند بوونەتەوە بۆ راگرتنی بەرنامەی پێدانی وڵاتینامە لە رێگەی وەبەرهێنانەوە، ئەمەش ترسی قەیرانی ئابووریی لای ئەو وڵاتانە دروستکردووە.
وڵاتی سانت کیتس و نیڤیس کە لە ساڵی 1984ـەوە یەکەمین وڵات بوو لە جیهاندا بەرنامەی فرۆشتنی وڵاتینامە و پاسپۆرتی لە بەرامبەر وەبەرهێناندا داهێنا، رایگەیاند، قۆناخ بە قۆناخ کۆتایی بەم بەرنامە 42 ساڵییە دەهێنێت.
تێرانس دروو، سەرۆکوەزیرانی سانت کیتس و نیڤیس رایگەیاند، حکومەت بە فەرمی یەکێتیی ئەورووپای لە بڕیاری داخستنی بەرنامەکە ئاگادار کردووەتەوە تاوەکو مافی گەشتکردنی بێ ڤیزای هاووڵاتییانی بۆ 29 وڵاتەکەی ناوچەی شنگن نەکەوێتە مەترسییەوە.
بەڵام ئەم بڕیارە نیگەرانیی زۆری لێکەوتووەتەوە؛ مارک برانتلی، سەرۆکی حکومەتی خۆجێیی دوورگەی نیڤیس هۆشداریی دا کە راگرتنی ئەم بەرنامە پڕداهاتە هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر ئابووریی وڵات و توانای حکومەت بۆ یارمەتیدانی خەڵکی کەمدەرامەت، گوتیشی کە وڵاتەکە "بژاردەیەکی ئەوتۆی لەبەردەمدا نەهێڵراوەتەوە."
کێشەکە لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا چییە؟
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، کۆمیسیۆنی ئەورووپا بە فەرمی نامەی هۆشداریی بۆ پێنج وڵاتی کاریبی نارد کە بریتین لە: سانت کیتس و نیڤیس، دۆمینیکا، ئەنتیگوا و باربوودا، گرێنادا و سانت لووسیا.
برۆکسل داوای لێکردبوون تاوەکو 1ـی حوزەیرانی 2028 کۆتایی بە بەرنامەکانی پێدانی وڵاتینامە لە رێگەی وەبەرهێنانەوە بهێنن، ئەگەرنا بەپێی رێسا نوێیەکانی یەکێتیی ئەورووپا مافی چوونەژوورەوەی بێ ڤیزای هاووڵاتییانیان بۆ ئەورووپا رادەگیرێت.
چارەنووسی خاوەن پاسپۆرتە کۆنەکان چی دەبێت؟
ئەم بەرنامانە کە وەبەرهێنەرە بیانییەکان بە پێدانی پارە یان وەبەرهێنان (لە سانت کیتس و نیڤیس لە 250 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات) پاسپۆرتی پێ بەدەستدەهێنن، ملیاران دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتە بچووکانە دابین کردووە؛ بە جۆرێک لە وڵاتێکی وەک دۆمینیکا زیاتر لە 30٪ـی کۆی داهاتی وڵاتەکە لە فرۆشتنی پاسپۆرتەوەیە.
حکومەتی سانت کیتس و نیڤیس دڵنیایی داوەتە ئەو کەسانەی پێشتر بە شێوەیەکی یاسایی وڵاتینامە و پاسپۆرتەکەیان وەرگرتووە کە هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر ماف و وڵاتینامەکەیاندا نایەت، هاوکات وەرگرتنی داواکارییە نوێیەکانیش تاوەکو دیاریکردنی دوایین وادەی داخستن لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا بەردەوام دەبێت. پێشتریش وڵاتی ئەنتیگوا و باربوودا پێشنیازی کردبوو تاوەکو ساڵی 2030 بەرنامەکە دابخات بە مەرجێک ئەورووپا هاوکاریی داراییان بکات بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانە ئابوورییەکان.



