رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی بەریتانیا سزای 7 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ئەو گەنجە هاککەرەدا سەپاند، کە ساڵانێک پێش بڵاوبوونەوەی فەرمیی یاریی بەناوبانگی(Grand Theft Auto VI)، دیمەنەکانی دزەپێکردبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشتر ماوەی سزاکەی لە دەستبەسەریدا بەسەربردووە، دەستبەجێ ئازاد دەکرێت.
رۆژی دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، دادگەی تاوانەکانی وڵویچ لە لەندەن، سزای 7 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ئاریۆن کورتاجی تەمەن 21 ساڵدا سەپاند. کورتاج کە تووشبووی ئۆتیزمە، هەفتەی رابردوو دانی بەوەدا نا، کە لەنێوان ساڵانی 2021 و 2022ـدا زنجیرەیەک هێرشی ئەلیکترۆنیی کردووەتە سەر چەندین کۆمپانیای گەورە، لەنێویاندا کۆمپانیای رۆکستار گەیمز (بەرهەمهێنەری یاریی GTA)، کۆمپانیای پەیوەندییەکانی (BT/EE)، بانکی دیجیتاڵیی ریڤۆلوت و کۆمپانیای ئوبەر.
دادوەر مارک تێرنەر لە دانیشتنی دادگەدا رایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو چەند ساڵەی کە کورتاج پێشتر لە دەستبەسەریدا بەسەری بردووە، مافی ئەوەی هەیە دەستبەجێ ئازاد بکرێت. دادوەرەکە تاوانەکانی بە "هێرشی ئاڵۆز و پێشکەوتوو بۆ سەر کۆمپانیا گەورەکان" ناوبرد و روو لە تۆمەتبارەکە گوتی، "نەهێڵیت جارێکی دیکە ئەمە دووبارە ببێتەوە."
هاککردنی رۆکستار لەنێو ژووری هۆتێلەوە
کورتاج کاتێک ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییانەی ئەنجام داوە، هێشتا هەرزەکار بوو و وەک ئەندامێکی دیاری گرووپی هاککەرانی (لاپسوس) چالاکیی دەکرد. بەپێی زانیارییەکانی داواکاری گشتیی شاهانەی بەریتانیا، لە ئەیلوولی 2022ـدا و دوای ئەوەی سەرەتا بە تۆمەتی هاککردنی کۆمپانیای (BT/EE) دەستگیر کرا، بۆ پاراستنی گیانی لەدەستی هاککەرە رکابەرەکان لە هۆتێلێکدا نیشتەجێ کرا.
بەڵام ئەو گەنجە لەنێو ژووری هۆتێلەکەوە هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی بۆ سەر کۆمپانیاکانی ریڤۆلوت، ئوبەر و رۆکستار گەیمز دەستپێکردەوە. کورتاج تەنیا بە بەکارهێنانی مۆبایلێک و تەلەڤزیۆنی هۆتێلەکە توانی دزە بکاتە نێو سیستمەکانی کۆمپانیای رۆکستار و 90 ڤیدیۆی یارییە چاوەڕوانکراوەکەی (GTA VI) بدزێت.
دۆخی تەندروستی و دوو ساڵ مانەوە لە نەخۆشخانە
لە ساڵی 2023ـدا، دەستەی سوێندخۆرانی دادگە گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە کورتاج بەرپرسیارە لە چەندین تاوانی خراپبەکارهێنانی کۆمپیوتەر، ساختەکاری و هەڕەشەکردن بۆ پارەوەرگرتن، بەڵام لەو کاتەدا پزیشکە دەروونییەکان رایانگەیاندبوو کە کورتاج لە رووی دەروونی و تەندروستییەوە شیاوی دادگاییکردن نییە.
پارێزەرانی ئاریۆن کورتاج روونیان کردەوە، بەهۆی تووندیی حاڵەتی ئۆتیزمەکەیەوە، دادگە بڕیاری دابوو لە نەخۆشخانە بهێڵدرێتەوە و بۆ ماوەی دوو ساڵ لەژێر چاودێریی پزیشکیدا مایەوە، پێش ئەوەی دواجار بڕیار بدرێت کە توانای ئامادەبوون و دادگاییکردنی هەیە.



