رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی هەواڵیی سەبای سەر بە حووسییەکان رۆژی سێشەممە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی سعودیە بۆ سەر ژمارەیەک پاس و بارهەڵگر لە باشووری رۆژئاوای یەمەن، 25 کەس کوژراون یان بێسەروشوێن بوون.
حووسییەکان رووبەرێکی فراوانی یەمەنیان لەژێر دەستدایە، دژی ئەو هاوپەیمانییەتە دەجەنگن سعودیە سەرۆکایەتیی دەکات بۆ پشتیوانی لە حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیی یەمەن دەکات.
ئاژانسی سەبا کە لەلایەن حووسییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، بڵاویکردەوە: "ئاماری قوربانییانی بەئامانجگرتنی پاس و بارهەڵگرەکان لەلایەن فڕۆکەکانی دووژمنی سعودییەوە لە دۆڵی مەبەق لە پارێزگای لەحج، بۆ 25 شەهید یان بێسەروشوێن و شەش بریندار بەرزبووەتەوە."
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە بەردەوامیی سووڕانەوەی فڕۆکەکانی سعودیە بەسەر ناوچەکەدا، رێگری لە هەوڵەکانی فریاگوزاری دەکات.
رۆژی دووشەممە، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان هەواڵی هێرشەکەی راگەیاندبوو، بەبێ ئەوەی ئاماری قوربانییەکان بخاتەڕوو و بەڵێنی دابوو کە ئەو هێرشە "بێ وەڵام" تێناپەڕێت.
هاوکات وەزارەتی پەیوەندییەکانی سەر بە حووسییەکان رایگەیاند، لە چەند هێرشێکی دیکەی جیادا رۆژی دووشەممە، 17 کەس کوژراون و چەندین باڵەخانەش لە پارێزگای کەناراویی حودەیدەی هاوسنوور وێران بوون.
یەمەن کە زیاتر لە دەیەیەکە لەنێو شەڕی نێوخۆییدا نقووم بووە، لە مانگی تەممووزدا پەلکێشی نێو ململانێ فراوانەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران کرا، کاتێک ئاگربەستی نێوان حووسییەکان و حکومەتی یەمەن هەڵوەشایەوە.
بەگوێرەی دوایین ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو کاتەوە شەڕ و پێکدادانەکان بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 1,600 کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە 300,000 کەسی دیکە لەو وڵاتەدا کە هەژارترین وڵاتی نیمچەدوورگەی عەرەبییە.



