رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی دانیمارک رێنمایی نوێی دەرکرد و بەستنی سەرپۆشی لەلایەن داواکارانی گشتییەوە لە کاتی دانیشتنەکانی دادگەدا قەدەخە کرد.
ئەم بڕیارە کە رۆژی چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەم راگەیێندرا، لە کاتێکدایە کە حکومەتی دانیمارک گفتوگۆ لەسەر ئەگەری قەدەخەکردنی سەرپۆش لە قوتابخانە و زانکۆکانیشدا دەکات، دوای ئەوەى پۆشینی نیقاب و پەچەی لە شوێنە گشتییەکان لە 2018 قەدەخەکرد.
نیکۆلای وامێن، وەزیری دادی دانیمارک لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئێستا رێسای نوێ دەردەکەین کە داوا لە داواکارانی گشتی دەکات، هاوشێوەی دادوەرە پیشەگەرەکان، لە کاتی بەشداریکردنیان لە دانیشتنەکانی دادگادا لە رووی ئایینی و سیاسییەوە بە بێلایەنی دەربکەون."
وەزیری دادی دانیمارک گوتیشی: "ئەمە سەرپۆشی ئایینیش دەگرێتەوە، کە چی دیکە رێگە بە داواکارانی گشتی نادرێت لە نێو دادگادا بیبەستن." بەڵام وەزیرەکە ئاماژەی بەوە نەکردووە کە سزا و لێکەوتەکانی سەرپێچیکردن چی دەبن بۆ ئەو داواکارە گشتییانەی ئامادە نین سەرپۆشەکانیان لاببەن.
بەم دواییانە، مێتێ فرێدریکسن، سەرۆکوەزیرانی سۆسیال دیموکراتی دانیمارک پشتگیریی خۆی بۆ قەدەخەکردنی سەرپۆش لە قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکان دەربڕی، کە پێشنیازێک بوو لەلایەن پارتە راستڕۆ و تووندڕۆکانەوە خرابووەڕوو.
لە هەمان کاتدا، فرێدریکسن گومانی خۆی دەربڕیبوو لەوەى ئایا بڕیارێکی لەو شێوەیە دەتوانرێت لە وڵاتێکدا جێبەجێ بکرێت کە ئازادیی ئایین و ئازادیی رادەربڕین تێیدا بەهای سەرەکین یان نا. سەرۆکوەزیرانی دانیمارک بەم دواییانە رایگەیاندبوو کە "بە بڕوای ئەو، حیجاب گوزارشتە لە چەوساندنەوە."
دانیمارک لە دوو دەیەی رابردوودا یەکێک لە تووندترین سیاسەتەکانی لە ئەورووپا بەرامبەر پەنابەران، کۆچبەران و هێما ئایینییەکان پەیڕەو کردووە. سەرەتای ئەم رێکارانە بۆ 2009 دەگەڕێتەوە، کاتێک یاسایەک دەرکرا کە بەستنی سەرپۆش و هێما ئایینی و سیاسییەکانی دیکەی لە دادوەرەکان قەدەخە کرد بە مەبەستی پاراستنی بێلایەنیی سیستمی دادوەری. دواتر لە ئابی 2018ـدا، یاسای قەدەخەکردنی داپۆشینی رووخسار (نیقاب و بورقە) لە شوێنە گشتییەکاندا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە و سزای پێبژاردن بۆ سەرپێچیکاران دیاریکرا، هەنگاوێک کە لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا کاردانەوەی فراوانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتەوە.
لە ژێر دەسەڵاتی پارتی سۆسیال دیموکراتدا، ئاراستەی گوتاری سیاسی لە دانیمارک زیاتر بەرەو سنووردارکردنی دیاردە ئایینییەکان لە دامەزراوە گشتییەکاندا هەنگاوی ناوە، بە پاساوی "پاراستنی بەهاکانی کۆمەڵگەی دانیمارکی و یەکسانیی جێندەری". لە 2022ـدا کۆمیسیۆنێکی حکومی پێشنیازی قەدەخەکردنی سەرپۆشی لە قوتابخانە سەرەتاییەکاندا کرد، بەڵام ئەو کات بەهۆی ترس لە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکان و جیاکاری دژی کچانی موسڵمان، پڕۆژەکە راگیرا، پێش ئەوەی جارێکی دیکە ئەم مشتومڕە لە ناوەندە سیاسی و یاساییەکانی ئەو وڵاتەدا سەرهەڵبداتەوە.
لە ئەورووپاش، وڵاتانی وەک فەرەنسا، بەلجیکا، نەمسا، هۆڵەندا، سویسرا و بولگاریا بە شێوەی جیاواز بەستنی سەرپۆش یان داپۆشینی رووخسار لە شوێنە گشتییەکان، قوتابخانەکان یان دامەزراوە فەرمییەکاندا قەدەخە کردووە.



