رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک کە شەڕ ناچاری کرد خوێندنی پزیشکی و وڵاتەکەی جێبهێڵێت، ئێستا لەلایەن سوپای نەمساوە وەک بەربژێر بۆ باشترین سەرباز دەستنیشان کراوە.
ئەو گەنجە ناوی رۆبن حەسەنە و خەڵکی دێرکی رۆژئاوای کوردستانە. هاونیشتمانییەکە لە ساڵی 2018 بەهۆی شەڕەوە ناچار بوو دەستبەرداری خوێندنی پزیشکی بێت و رووبکاتە شاری ئینسبرۆک لە هەرێمی تیرۆلی نەمسا.
رۆبن زمانی ئەڵمانی فێربوو، خۆی گونجاند و بڕیاری دا پاداشتی ئەو کۆمەڵگەیە بداتەوە کە باوەشی بۆ کردەوە.
رۆبن وەک خۆبەخش لە خاچی سووری نەمسادا کاری کرد و بووە باڵیۆزی دەستپێشخەریی (کرۆس تۆک) بۆ کۆکردنەوەی گەنجان و گواستنەوەی ئەزموونی تێکەڵبوون و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی.
لە ئەیلوولی ساڵی 2025ـدا، رۆبن حەسەن وڵاتینامەی نەمسای وەرگرت، کە خۆی دەڵێت: "بەنرخترین بڕوانامە و بەڵگەنامەی ژیانمە".
دوای وەرگرتنی وڵاتینامە، ئەو هاونیشتمانییە پەیوەندی بە فەرماندەیی سەربازیی هەرێمی تیرۆلەوە کرد و بڕیاریدا وەک سەربازێکی پیشەگەر لە ریزەکانی سوپای نەمسادا خزمەت بکات.
لە رێوڕەسمی خەڵاتەکانی سوپای نەمسا بۆ ساڵی 2026 کە لە یێنباخ بە ئامادەبوونی کلاودیا تانەر، وەزیری بەرگریی نەمسا بەڕێوەچوو، رۆبن حەسەن بەربژێر کرا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین سەربازی تازەپێگەیشتوو.
ئەم بەربژێربوونەی رۆبن بەهۆی رۆڵە بەرچاو و ماندووبوونە زۆرەکەی بوو لە ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاری و هاوکاریکردنی خەڵک لە ناوچەی زۆڵدن.
چیرۆکی رۆبن حەسەن لە میدیاکانی نەمسایشدا دەنگدانەوەی هەبووە و وەک نموونەیەکی زیندووی ئەوە دەبینرێ کە کاتێک کەسێک لە جەنگ رزگاری دەبێت و دەرفەتێکی پێدەدرێ، دەتوانێت لە پەناخوازێکەوە ببێتە پارێزەر و پاڵپشتی ئەوانی دیکە.


