رووداو دیجیتاڵ
پلەی گەرما لە بەریتانیا و فەرەنسا بۆ مانگی ئایار ژمارەی پێوانەیی شکاند. کەشناسان هۆشدارییان لە ماوەیەکی درێژخایەنی گەرمای لەڕادەبەدەر دا لە سەرانسەری ئەورووپا بە درێژایی هەفتەکە. هۆکارەکەشی "گومەزێکی گەرمی"ـیە کە هەوای گەرمی لە باکووری ئەفریقاوە بردووە.
رۆژی دووشەممە 25-05-2026 شەپۆلێکی گەرمای پێشوەختە ناوچەیەکی بەرفراوانی ئەورووپای گرتەوە. لە ئیسپانیا، پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بگاتە 38 پلەی سیلیزی، لە کاتێکدا بەشێک لە ئیتاڵیا سنووردارکردنی بۆ کارکردن لە دەرەوە داناوە.
بەریتانیا: گەرمترین رۆژی مانگی ئایار
دەزگەی کەشناسیی بەریتانیا (Met Office) رایگەیاند، ئەمە گەرمترین رۆژی مانگی ئایار بووە کە تاوەکو ئێستا تۆمار کرابێت، پلەی گەرما لە (باخچەکانی کیو) لە باشووری رۆژئاوای لەندەن گەیشتە 34.8 پلەی سیلیزی، کە دوو پلەی تەواو لە سەرووی ژمارە پێوانەییەکەی پێشووەوەیە.
دەزگەکە رایگەیاند، "ئەم گەرمایە تەنانەت لە ناوەڕاستی هاوینیشدا لە بەریتانیا شتێکی نائاساییە، چ جای مانگی ئایار."
لیزا نیزاری تەمەن 10 ساڵ لە سەردانێکیدا بۆ لەندەن، کە تێکڕای پلەی گەرما لەم کاتەی ساڵدا نزیکەی 17 بۆ 18 پلەیە، گوتی: "کەشەکە لێرە، وەک وەشانێکی بچووککراوەی دۆزەخە. مرۆڤ دەکوڵێت. بەڕاستی زۆر گەرمە."
زانایان دەڵێن، گۆڕانی کەشوهەوا کە دەستی مرۆڤی تێدایە، وادەکات رووداوە سرووشتییەکانی وەک شەپۆلی گەرما، وشکەساڵی و لافاو تووندتر بن.
هەفتەی رابردوو، راوێژکارانی کەشوهەوا هۆشدارییان دابووە حکومەتی بەریتانیا، وڵاتەکە "چیدی بەرگەی ئەم کەشوهەوایە ناگرێ." لە ساڵی 2022ـدا، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا پلەی گەرما لە بەریتانیا 40ـی سیلیزی تێپەڕاند.
فەرەنسا: دەیان ریکۆرد شکان و گیانلەدەستدان هەبووە
لە فەرەنسا، ئاژانسی کەشناسیی فەرەنسا (Meteo-France) رایگەیاند، "دەیان" ژمارەی پێوانەیی پلەی گەرما لە چەندین شاری فەرەنسادا شکێنراون و هەشت هەرێمی رۆژئاوای خستە ژێر ئاگاداریی شەپۆلی گەرماوە.
رۆژی دووشەممە، شارۆچکەی (بێرژیراک)ـی رۆژئاوا 34.7 پلەی سیلیزی تۆمارکرد. رۆژی سێشەممەش، لە هەرێمی (بریتانی)ـی رۆژئاوای فەرەنسا پێشبینیی گەرمای نێوان 32 بۆ 35 پلە کرا، "لەگەڵ ئەگەری 36 یان تەنانەت 37 پلە لە باشووری وڵاتدا."
بەهۆی گەرماوە، رۆژی یەکشەممە پیاوێک لە کاتی پێشبڕکێیەکی راکردنی 10 کیلۆمەتریدا لە پاریس گیانی لەدەستدا، هاوکات 10 کەسی دیکە گەیێندرانە نەخۆشخانە. هەروەها ژنێکی تەمەن 28 ساڵیش بەهۆی گەرماوە لە یاریگەیەکی داخراودا لە هەرێمی رۆن گیانی لەدەستدا.
ئیسپانیا و ئیتاڵیا: هۆشداری و رێوشوێنی نوێ
لە ئیسپانیا، ئاژانسی کەشناسیی دەوڵەت (Aemet) هۆشداری دا، "پلەی گەرما بەشێوەیەکی نائاسایی بەرزبووەتەوە" و بە درێژایی هەفتەکە بەردەوام دەبێ. ئاژانسەکە رایگەیاند، لە رۆژئاوای ئیسپانیا پێشبینیی گەرمای 36 بۆ 38 پلە دەکرێ.
لەلایەکی دیکەوە، دەسەڵاتدارانی هەرێمی لا تسیۆ لە ئیتاڵیا کە رۆمای پایتەختیش دەگرێتەوە، یاسایەکی پەسند کرد کە دەڵێ: "لەنێوان کاژێر 12:30 تاوەکو 4:00ـی پاشنیوەڕۆ، کارکردن لەژێر بەرکەوتنی درێژخایەنی خۆردا سنووردار دەکرێت، ئەم یاسایە تاوەکو 15ـی ئەیلوول کاری پێدەکرێت."
