رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەو شەپۆلە گەرمایە پێشوەختەی رووی لە بەشێکی رۆژئاوای ئەورووپا کردووە، "بیرهێنانەوەیەکی ئازاربەخشی کاریگەرییە تووندەکانی تەنگژەی کەشوهەوایە."
رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئایاری 2026، سایمۆن ستیل، بەرپرسی ئاژانسی کەشوهەوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، مرۆڤایەتی لە رێگەی سووتاندنی خەڵووز، نەوت و گازەوە "تۆمەتباری سەرەکییە" لە تێکچوونی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما.
ستیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "زانست زۆر روونە؛ گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە، وایکردووە ئەم شەپۆلانەی گەرما زۆرتر و تووندتر بن."
لە چەند رۆژی رابردوودا، بەریتانیا و فەرەنسا گەرمترین رۆژەکانی مانگی ئایاریان لە مێژوودا تۆمارکرد، ئەوەش دوای ئەوەی شەپۆلێکی گەرمی رووی لە ناوچەکە کرد و پلەی گەرمای بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز کردەوە.
گیانلەدەستدان بەهۆی گەرماوە
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە گەرمایە، لە فەرەنسا لانیکەم حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە، کە پێنجیان بەهۆی خنکانەوە بووە کاتێک بۆ خۆفێنککردنەوە چوونەتە ناو ئاو. لە بەریتانیاش بەرپرسان رایانگەیاند، چوار مێرمنداڵ لە رۆژی یەکشەممەوە لە ئاودا خنکاون.
جگە لە فەرەنسا و بەریتانیا، هەریەکە لە ئیرلەندا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا و نەمسا پلەی گەرمای پێوانەییان بۆ ئەم کاتەی ساڵ تۆمارکردووە.
دۆخی هیندستان نالەبارە
بەرپرسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە دۆخی نالەباری هیندستان کرد، کە لەوێ سوپا خەریکی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانە و چەندین کەسیش بەهۆی گەرمالێدان گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی پلاتفۆرمی جیهانیی AQI بۆ چاودێریی کوالێتی هەوا، نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، هەر 45 گەرمترین شارەکانی جیهان لە هیندستان بوون، کە پلەی گەرمیی هەموویان لەسەرووی 43 پلەی سیلیزی بووە.
پەنابردن بۆ وزەی خاوێن
سایمۆن ستیل رایگەیاند، پاراستنی ژیانی مرۆڤ، بازرگانی و ئابووریی وڵاتان لە مەترسییەکانی گەرما، ئەرکی سەرەکیی هەموو وڵاتانە و ئەوەش "بەکۆتاییهێنان بە ئاڵوودەبوون بە سووتەمەنییە نەریتییەکان دەستپێدەکات."
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کرد، جەنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست مەترسییەکانی پشتبەستن بە سووتەمەنییە نەریتییەکانی زیاتر دەرخستووە و پێویستیی گۆڕینی سەرچاوەکانی وزە بۆ وزەی پاک ئێستا لە هەموو کاتێک زیاترە.
