رووداو دیجیتاڵ راپۆرتێکی حکومی هۆشداری دەدات، بەریتانیا لە مەترسیی دروستکردنی "نەوەیەکی لەدەستچوو"دایە، لە کاتێکدا ژمارەی ئەو گەنجانەی نە کاردەکەن و نە دەخوێنن بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2013ـەوە، ژمارەی ئەو گەنجانە یەک ملیۆنی تێپەڕاندووە. رۆژی پێنجشەممە 28-05-2026، ئامارە فەرمییەکان دەریانخست، ژمارەی گەنجانی تەمەن 16 بۆ 24 ساڵ کە لە کار، خوێندن یان راهێناندا نین و بە (NEETs) ناسراون لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا یەک ملیۆنی تێپەڕاندووە. راپۆرتەکە، لەسەر داوای حکومەت کراوە و هۆشداریدەدات، ئەگەر رێوشوێن نەگیرێتەبەر، رەنگە ئەو ژمارەیە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا بۆ 1.25 ملیۆن کەس، یان یەک لە شەش گەنج بەرزببێتەوە. ئالان میلبێرن، وەزیرێکی پێشووی پارتی کرێکاران کە سەرکردایەتیی نووسینەوەی راپۆرتەکەی کردووە، رایگەیاند: "ئێمە لە مەترسیی نەوەیەکی لەدەستچووداین." میلبێرن گوتیشی: "ئەمە هۆشدارییەکە کە گەنجێکی زۆر دەگەنە تەمەنی پێگەیشتن و دەبینن دەرگەی دەرفەتەکان داخراوە." کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا راپۆرتەکەی بە "هۆشیارکەرەوە" وەسفکرد و بەڵێنیدا، رێگە نادات نەوەیەک لەدەستبچێت. "نەوەی کۆن تێناگەن" شانا فەتاحەلی، تەمەن 23 ساڵ، کە دوو ساڵی رابردووی بەدوای کاردا گەڕاوە گوتی: "گەنجان دەیانەوێت بچنە دەرەوە و کاریان هەبێت." گوتیشی: "زۆر لە نەوەی کۆنتر لەو بیرکردنەوەیەدا گیریان خواردووە کە سیڤییەکەت پڕدەکەیتەوە، رادەستی دەکەیت و راستەوخۆ کارێکت دەستدەکەوێت. بەڵام سەردەم لەو کاتەوە گۆڕاوە." فەتاحەلی، منداڵێکی چوار ساڵانی هەیە و دیپلۆمی لە چاودێریی تەندروستی و کۆمەڵایەتیدا هەیە، ئاماژەی بەوە کرد کاری کەم هەن "کە لەگەڵ بەرپرسیارێتییەکانمدا وەک دایکێک بگونجێن." کێشەی تەندروستیی دەروونی بەگوێرەی راپۆرتەکە، 84٪ـی ئەو گەنجانەی نە کاردەکەن و نە دەخوێنن، دەیانەوێت کار بکەن یان لە مەشق و راهێناندا بن، بەڵام "دابەزینێکی زۆر" لە کارە سەرەتاییەکاندا وەک کاری میوانداری و کاری کۆتایی هەفتەکان روویداوە. راپۆرتەکە دەریخستووە، زیادبوونی کێشەکانی تەندروستیی دەروونی رۆڵێکی سەرەکیی لە زیادبوونی ژمارەی ئەو گەنجانەدا هەبووە. میلبێرن گوتی: "بۆ یەکەمجار لە نزیکەی دوو سەدەدا، گۆڕانکاری لە تەندروستیدا، بەتایبەتی لە تەندروستیی دەروونیدا، رێگری لە گەشەی ئابووری دەکات و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هێزی کار." نزیکەی دەیەیەک لەمەوبەر، رێژەی گەنجانی بێکار و بێ خوێندنی بەریتانیا 12.8٪ بوو، نزیک لە تێکڕای یەکێتیی ئەورووپا بە 11٪. تاوەکو ساڵی رابردوو، تەنیا رۆمانیا رێژەیەکی بەرزتری تۆمار کردبوو کە 19.2٪ بوو. تێچووی ئابووریی قەیرانی بێکاریی گەنجان بە نزیکەی 125 ملیار پاوەند (168 ملیار دۆلار) لە ساڵێکدا خەمڵێنراوە، کە باجی لەدەستچوو و خەرجیی زیاتری تەندروستی و خۆشگوزەرانی لەخۆدەگرێت.