هەفتەی نیشاندانی فیلمی کوردی لە سوێد بەڕێوەدەچێت

01-09-2018
هیوا سەڵاح
A+ A-

رووداو- هەولێر

بۆ یەکەمینجار هەفتەی نمایشی فیلمی کوردی لە شاری بۆرۆس لە وڵاتی سوید، لەلایەن گرووپی هونەری چرا بەڕێوەدەچێت، کە بڕیارە لە رۆژی 7ی ئەم مانگە دەستپێبکات.


لەمبارییەوە ئاسایش دانش، سەرپەرشتیاری هەفتەی نمایشی فیلمی بەرووداوی راگەیاند"گرووپی ھونەری چرا ، گرووپێکی ھونەرییە، کە لە پێناو پێشخستنی ھونەر و کولتوور و فەرھەنگی کورد لە تاراوگە لە ئەوروپا و لە شاری بۆرۆس لە وڵاتی سوید ، ماوەی زیاتر لە شەش مانگە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ وە دامەزراوە و بەشێوەیەکی فەرمی لەلایەن کۆمۆنی شاری بۆرۆس و فەرمانگەی باج و دەرامەت مۆڵەتمان پێدراوە".


ئاسایش دانش لەبارەی نمایشەکە دەڵێت "لەشاری بۆرۆس ، یەکەمین ھەفتەی نمایشی فیلمی کوردی ئەنجامدەدەین، ئەمەش دوای ھەوڵێکی زۆر و دروست کردنی پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی سینەما لە ھەر سێ شارەکانی ھەرێمی کوردستان، کە سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانن". 

سەرپەرشتیاری نمایشەکە دەشڵێت" توانیومانە ئەم فیلمانە کۆ بکەینەوە، کە بەهێز و پڕ مانان، نمایشەکەش لەڕۆژانی ٧ تا ٩ ئەم مانگە لە ھۆڵی کتیبخانەی گشتی شاری بۆرۆس نمایش دەکرێن، هەروەها چەندین ھونەرمەندی کوردی تاراوگە، بانگهێشتکراون و ئامادە دەبن".

ئاسایش دانش لەبارەی بودجەی ئەم نمایشە دەڵێت"ھاتنی ھونەرمەندانی تاراوگە و ھونەرمەندانی کوردستان، بە چاپگەیاندن ودروست کردنی پۆستەر و دەلیل و شۆینی حەوانەوەی ھونەرمەندان ومیوانان، پێویستی زۆری بە ھاوکاری دارایی ھەیە، تاوەکو ئێستا ھیچ لایەن و جێگایەکی فەرمی ھاوکاریان نەکردووین. ئێمە لۆگۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستانمان لەسەر ھەموو پۆستەر و ریکلامەکانمان داناوە، هەروەها کۆمۆنی شاری بۆرۆس و ڕێکخراوی ئا،بی،ئێف ، ئەرکی دابینکردنی ھۆڵی سینەما بۆ نمایش کردنی فیلمەکان  لە ئەستۆگرتووە، ئەوەی تا ئێستاش خەرجکراوە لە پارەی گیرفانی خۆمان بووە".

 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە