پۆڵ مەکارتنی لە 83 ساڵیدا گەشتێکی هونەریی دەستپێکرد


رووداو دیجیتاڵ

پۆڵ مەکارتنی، ئەستێرەی بەناوبانگی جیهانی و ئەندامی پێشووی گرووپی (The Beatles)، یەکەم کۆنسێرتی لە گەشتە هونەرییەکەی (Got Back) بۆ ساڵی 2025ـی لە کالیفۆرنیا سازکرد و هەوادارانی لە سەرانسەری جیهانەوە بۆ بینینی ئەو ئایکۆنە 83 ساڵییە کۆبوونەوە.
 
کۆنسێرتەکە دوای نماییشێکی تایبەت هات کە رۆژی هەینی، لە هۆڵی سانتا باربارا بۆول بە ئامادەبوونی نزیکەی چوار هەزار و 500 کەس بەڕێوەچوو و وەک ئامادەکارییەک بوو بۆ دەستپێکردنی فەرمیی گەشتەکە.
 
مەکارتنی بە کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازە ئامادەبووانی سەرسام کرد کە ئاوێتەیەک بوون لە گۆرانییە کلاسیکەکانی (The Beatles) و بەرهەمەکانی گرووپی (Wings) و گۆرانییە خاوەکانی خۆی.
 
سکات تارلتۆن، یەکێک لە هەوادارانی پۆڵ مەکارتی لە کاتی چوونەژوورەوەی بۆ هۆڵەکە، مەکارتنی دەستی بۆ بەرزکردەوە، ئاماژەی بەوەدا کە ئامادەبووان رەنگدانەوەی کاریگەریی فراوانی میوزیکی ئەو هونەرمەندەن. تارلتۆن گوتی: "ئەو دەمارەکانی دڵت دەورووژێنێت. گۆرانییەکانی گەردوونین و ماوەیەکی زۆرە هەن. هەر بۆیەش چەندین نەوەی جیاواز لێرە ئامادەن. منداڵان یان بۆ یەکەمجارە گوێبیستی دەبن یانیش لەگەڵ دایک و باوکیان دووبارە میوزیکی (The Beatles) و (Wings) دەدۆزنەوە".
 
گەشتە هونەرییەکەی مەکارتی ٢٠ کۆنسێرت لەخۆدەگرێت و تاوەکو تشرینی دووەمی 2025 لە سەرانسەری ئەمریکا و کەنەدا بەردەوام دەبێت.