رووداو دەچێتە نێو زیندانی ئەبو غرێب و بەڵگەفیلمێک بەرهەمدێنێت

رووداو دیجیتاڵ

تۆڕی میدیایی رووداو بەڵگەفیلمێک لەبارەی زیندانی ئەبو غرێب بەرهەمدێنێت، یەکەمجاریشە میدیاییەکی کوردی دەچێتە نێو زیندانەکەوە و بەڵگەفیلمێک بەرهەمدێنێت، بڕیارە پێشاندانێکی تایبەتی فیلمەکە لە سلێمانی بکرێت.
 
هەردی قادر، دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکەیە و بە رووداوی راگەیاند، زیندانی ئەبو غرێب یەکێک لە بەدناوترین زیندانەکانی عێراقە، هەر لە سەردەمی پاشایەتییەوە تا ئەمڕۆ ماوەتەوە، جێگایەک بووە بۆ ئەشکەنجەدانی گەلانی عێراق، بەتایبەتیش کورد. 
 
زیندانەکە لە 1957 لەلایەن کۆمپانیای ئەندازیاریی ئەمریکی "لۆنگ ئای لاند" لە قەزای ئەبو غرێب لە عێراق دروستکراوە، رووبەرەکەی چوار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و بۆ چوار هەزار زیندانی بووە. 
 
دەرهێنەری فیلم، گوتیشی، زیندانەکە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا بووەتە جێگەیەکی زۆر ترسناک بۆ عێراقییەکان و خەڵكی باشووری کوردستان. 
 
روونیشیکردەوە، لە بەڵگەفیلمەکەدا چەند زیندانییەکی سیاسی دوای زیاتر لە سێ دەیە دەبرێنەوە نێو زیندانەکە؛ بۆ ئەو جێگەیەی تێیدا زیندانیکرابوون، قوربانییەکان خۆیان ژیان و رۆژانی دەستبەسەرییان دەگێڕنەوە، باس لە ساتەکانی چاوەڕوانی مەرگ دەکەن.
 
بەڵگەفیلمی "ئەبو غرێب" بەرهەمی بەشی بەڵگەفیلمی رووداوە، ماوەکەی 44 خولەکە، لە 2022 وەک بیرۆکە کاری لەسەرکراوە، لە سەرەتای 2024 بۆ ماوەی دوو هەفتە کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە.
 
بڕیارە کاژێر پێنجی ئێوارەی شەممە 4ـی ئایاری 2024 لە سینەما سالم پێشانبدرێت و هاتن بۆ هەمووانە.
 
هەردی قادر، وەک دەرهێنەر و وێنەگر لە بەشی بەڵگەفیلمی رووداو کار دەکات، کاری بۆ چەند بەڵگەفیلمێک کردووە، لەوانە بەڵگەفیلمی "نووستن لە وێرانە" کە وەک دەرهێنەری، وێنەگر و مۆنتێر کاری بۆ کردووە، هەروەها بەڵگەفیلمی "مستەفا پاشا یاموڵکی" 29 خەڵاتی وەک باشترین دەرهێنەر و باشترین بەڵگەفیلم بەدەستهێناوە، وەک دەرهێنەر، وێنەگر و مۆنتێر کاری بۆ کردووە، هەردوو بەڵگەفیلمەکە بەرهەمی تۆڕی میدیایی رووداون و، بە هاوبەشی لەگەڵ دەرهێنەر هۆرێن غەریب کاری دەرهێنانیان بۆ کراوە.