رووداو- هەولێر
هیچكام لە ئەستێرەكانی هۆڵیوود و بۆڵیوود كە بڕیار بوو بەشداری یەكەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەما لە هەولێر بكەن، بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵەكەدا نەڕۆیشتن و سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەكەش دەڵێن زۆربەیان بەهۆی گرفتی داراییەوە ئامادە نەبوون.
رۆژی 30/5/2014، یەكەمین فێستیڤاڵی سینەمایی نێودەوڵەتیی فیلم بە ئامادەبوونی 120 هونەرمەند لە 16 وڵاتەوە لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو. پێشتر وا بڵاوكرایەوە كە چەند ئەستێرەیەكی هۆڵیوود و بۆڵیوودیش لەو فێستیڤاڵەدا ئامادە دەبن.
ئاركەی و مادهوبالا 80 هەزار دۆلاریان دەویست
ڤیڤان دشینە (ئاركەی) و درەشتی دهامی (مادهوبالا) كە دوو ئەكتەری سینەمای هیندی (بۆڵیوود)ن، بڕیاربوو بەشداریی فێستیڤاڵەكە بكەن، بەڵام نەهاتن.
-001-460x286.jpg)
شڤان جەمیل، رێكخەری فێستیڤاڵەكە لەبارەی ئامادەنەبوونی ئەو دوو ئەكتەرە هیندییە گوتی "خەرجیی ئەوان زۆر لەسەر ئێمە دەكەوت كە نزیكەی 80 هەزار دۆلار بوو، جگە لە خەرجیی مانەوەیان لە هەولێر، بۆیە نەمانتوانی ئەوان بێنین".
سەبارەت بە نەهاتنی ئەمیتاب باچان كە لە لیستی میوانانی بەشداربووی فێستیڤاڵدا بوو، شڤان گوتی "راستە ئەو بەڵێنی دابوو بەشدار بێت، بەڵام بەهۆی گۆڕینی كاتی فێستیڤاڵەكە نەیتوانی ئامادەبێت، پێشتر بڕیار بوو لە 5/5 فێستیڤاڵەكە بەڕێوەبچێت، بەڵام كە دواخرا ئەمیتاب نەیتوانی بەشدار بێت، چونكە خەریكی تۆماركردنی نوێترین فیلمی خۆیەتی". گوتیشی "خەرجیی هاتنی ئەو هونەرمەندەش 40 هەزار دۆلاری تێدەچوو".
دارا میندەر ئەكتەرێكی دیاری سینەمای بۆڵیوودە و سەدان فیلمی هەیە و لە كوردستانیش بینەرێكی یەكجار زۆری هەبووە، ئەویش داوای لێكرابوو بێتە فێستیڤاڵەكە. شڤان هۆی نەهاتنی ئەویشی بۆ خۆكاندیدكردنی بۆ پەرلەمانی هیندستان گەڕاندەوە و گوتی "داوای لێبوردنی كردووە".
ڤاندامیش نەهات
جگە لە ئەستێرەكانی بۆڵیوود، وا بڕیاربوو چەند ئەستێرەیەكی هۆڵیوودیش لەم یەكەمین فێستیڤاڵەدا بەشداربن كە یەكێك لەوانە ئەكتەری بەلجیكی جان كلود ڤاندام بوو.
شڤان باسی هۆكاری نەهاتنی ئەو ئەكتەرەشی كرد و گوتی بەشێكی پەیوەندی بە قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستانەوە هەیە و بەشێكیشی پەیوەندی بە دواخستنی وادەی فێستیڤاڵەكە هەبوو "ڤاندام بە خۆشحاڵییەوە داواكەی ئێمەی پەسند كردو ئامادەبوو راستەوخۆ لە هۆنگ كۆنگەوە بێتە هەولێر، بەڵام ئێمە نەمانتوانی خەرجی ئەو دابین بكەین، لەبەرئەوەی تەنیا خەرجیی ڤاندام نزیكەی 50 هەزار دۆلار دەبوو، لەگەڵ هێنانی چوار كەس لەگەڵ خۆی، ئەمەش بارگرانییەكی زۆری دارایی لەسەر فێستیڤاڵەكە دروست دەكرد".
ئەستێرەی ناوداری جیهانی مۆنیكا بەلوچی بەپێی گوتەی شڤان ئامادەیی خۆی دەربڕیبوو بەشداری فێستیڤاڵ بكات، بەڵام بەهۆی دواخستنی كاتی فێستیڤاڵەكە و بەشداربوونی مۆنیكا لە فیلمێكی نوێدا، نەیتوانی بێتە كوردستان.
-002-460x286.jpg)
میسرییەكان داوای VIPیان دەكرد
تا دوا ساتی دەستپێكردنی فێستیڤاڵەكە، دەنگۆی هاتنی چەند هونەرمەندێكی ناوداری میسری هەبوو، لەوانەش ئلیهام شاهین و سومەیە خەشاب. (تۆڕی میدیایی رووداو) وەك تاكە كەناڵی كوردی لە فڕۆكەخانە ئامادەبوو بۆ پێشوازی لەو هونەرمەندە میسریانە، بەڵام دوای چاوەڕوانییەكی زۆر تەنیا چوار هونەرمەند لە میسرەوە گەیشتن كە سومەیە خەشاب و ئیلهام شاهین لەنێو ئەواندا نەبوون.
ناسر حەسەن، سەرۆكی فێستیڤاڵەكە لەوبارەیەوە گوتی "هۆكاری نەهاتنی وەفدی میسری بەهۆی ئەوەبوو كە بڕیار بوو چوارشەممەی رابردوو بگەنە هەولێر، بەڵام دوای ئەوەی كونسوڵی میسری لە هەولێر پرسیاری ئەوەی كردبوو ئایا ئەم وەفدە لە VIP فڕۆكەخانەی هەولێر دادەبەزن یان نا و ئەوانیش گوتبوویان نەخێر، یەكسەر تەلەفۆنی بۆ قاهیرە كردبوو كە ئەم وەفدە سەردانیان بۆ كوردستان رەتبكەنەوە، بەڵام چوار هونەرمەندی میسری هەر هاتبوون و ئەوانی دیكە گەڕابوونەوە، دوای چەندین جار گفتوگۆ لەگەڵ كونسوڵ نەمانتوانی رازی بكەین".
بەڵام سولەیمان عوسمان، كونسوڵی گشتیی میسر رەتیكردەوە كە ئەوان هونەرمەندانی میسریان ئاگادار كردبێتەوە لەوەی بەشداریی فێستیڤاڵەكە نەكەن.
دەرهێنەرانی كوردیش نەبینران
جگە لە چەند ئەكتەر و دەرهێنەرێكی كوردی باشووری كوردستان، هیچكام لە دەرهێنەرانی كوردی تاراوگەنشین و پارچەكانی دیكەی كوردستان ئامادەی ئەو فێستیڤاڵە نەبوون، لەوانەش بەهمەن قوبادی، شەوكەت ئەمین، هونەر سەلیم، هیشام زەمان، سەهیم عومەر خەلیفە و.. هتد. شڤان گوتی "هەموو ئەو دەرهێنەرانەمان داوەت كردبوون، نازانین بۆچی بەشدارییان نەكرد، بەڵام بەهمەن قوبادی كە ئێستا لە كوێتە بڕیاری داوە لە رۆژی كۆتایی فێستیڤاڵەكە ئامادە بێت".
شڤان جەمیل رێكخەری فێستیڤاڵەكە بودجەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سینەمای هەولێری بۆ (رووداو) ئاشكرا كرد و گوتی "نزیكەی یەك ملیۆن دۆلارە كە هەمووی لەلایەن كەرتی تایبەتەوە دابین كراوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ