فەرزاد شاسواری بەرهەمێک پێشکێش بە هەولێر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
فەرزاد شاسواری، هونەرمەندی کورد، بەرهەمێکی بەناوی 'هەولێرەکەم' پێشکێش بە شاری هەولێر دەکات و ئەم بەرهەمە بۆ یەکەمجار لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداو بڵاودەکرێتەوە.
'هەولێرەکەم' لە تێکست و ئاوازی فەرزاد شاسوارییە و کاری دابەشکردنی میوزیکی لەلایەن فەرشاد رۆستەمی کراوە و بەشێوەیەکی ئۆرکێسترایی لەلایەن ئۆرکێسترای سترینگی تاران لە شاری تاران تۆمارکراوە.
فەرزاد شاسواری، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "'هەولێرەکەم' یەکەم گۆرانییە بەفەرمی بەدەنگی خۆم دەیڵێمەوە، چونکە هەستی خۆمم لە ئاواز و شیعرەکەی بە بۆنەیەکی تایبەتمەند دەربڕیوە".
فەرزاد شاسواری، لە 1974 لە قەسری شیرینی سەر بە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، ماستەری لە یاسای نێودەوڵەتی هەیە و لە 1989ـەوە لە ئۆرکێسترای کرماشان کاری کردووە، لە 1994 نیشتەجێی تاران بووە و لەگەڵ ئۆرکسترای گەورەی کوردی بە سەرپەرشتی هەردوو هونەرمەندی کورد، موجتەبا میرزادە و محەممەد عەبدولسەمەد کاری کردووە.
شاسواری، لەگەڵ ژمارەیەک ناوی درەوشاوەی هونەری کوردی کاری کردووە، لەوانە شەهرامی نازری، ئەلای باباشەهابی، سەید جەلال محەممەدیان، حشمەت لورنەژاد، جەمشیدی ئازیزخانی، عەزیز شاهرۆخ و بەهرۆزی تەوەکۆلی، جگە لە چەند هونەرمەندێکی ناسراوی فارس، لەوانە هونەرمەند پەرویز مشکاتیان و مەلیحە سەعیدی.
ئەو هونەرمەندە کوردە، دامەزرێنەری گرووپی میوزیکی کوردی 'باران'ـە، وەک ژەنیار لەگەڵ ئۆرکێسترای سیمفۆنی تاران، ئۆرکێسترای گەورەی سارایوو لە بۆسنیا، ئۆرکێسترای ماداکتۆی سیدنی لە ئۆسترالیا کاری کردووە، ماوەی پێنج ساڵ بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی میوزیکی پارێزگای کرماشان بووە.