رووداو دیجیتاڵ
پێنجەمین هەفتە نمایشی جلوبەرگی مۆسکۆ (MFW) بە نمایشکردنی کۆمەڵە دیزاینی نوێ بە شێوازی رووسی-سلاڤی دەستیپێکرد و لە سەرانسەری پایتەختی رووسیا چالاکییەکانی بەڕێوەچوو.
سەرەڕای ئەوەی نمایشەکان لە چەندین شوێنی جیاوازی شارەکەدا لە 28ـی ئاب تاوەکو 2ـی ئەیلوولی 2025 بەڕێوەچوون، بەڵام پارکی زاریادییە، نزیک کرێملین، وەک شوێنی سەرەکی چالاکییەکە دیاریکرا.
تایبەتمەندیی ئەمساڵی هەفتە نمایشی جلوبەرگی مۆسکۆ، نمایشکردنی کۆمەڵە دیزاینێک بوو بە ستایلی رووسی-سلاڤی کە لە یەکەم نمایشی ئەمساڵدا نمایشکرا.
زۆربەی ئامادەبووانیش بە جلی هاوشێوە و رەسەنانە لە نمایشەکەدا بەشداربوون، ئەمەش رەنگدانەوەی خواستێکی گشتی بوو بۆ گەڕانەوە بۆ رەسەنایەتی کولتووری.
ستایلیست ئاناستاسیا چورکینا لەبارەی ئەم دیزاینانەوە بە رووداوی گوت: "ئەم دیزاینەرە، میراتی کۆن و رەسەن بە گوێرەی جیهانی هاوچەرخ دەگونجێنێت تاوەکو ئەو نەریتانە لە ئەمڕۆدا لە رۆژەڤدا بن. ئامانج ئەوەیە خەڵک لەوە تێبگات کە ئەم هەمووە لە کوێوە هاتووە و دەتوانێت بگاتە کوێ. کۆمەڵە دیزاینەکە بەرهەمی بیرکردنەوەی ئەوە لەسەر پرسی (ئەگەر میراتی رووسی نەپچڕایە، چۆن دەبوو)".
ناتاشا تەخنۆروس، یەکێک لە میوانەکان، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پۆشینی جلوبەرگی رووسی، رایگەیاند: "لە ژیانی رۆژانەشدا من ئەم جلانە دەپۆشم. لەبەر ئەوەی من خۆم خەریکی یەکخستن، لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی کۆدەکانی کولتووری رووسی و کولتووری سلاڤیم. بۆیە کاکۆشنیک، واتە ئەم کڵاوە، بەشێکە لە پۆشاکەکانی رۆژانەم".
دیزاینەران دەڵێن، ستایلی نەتەوەیی یان ئیتنۆستایل لە ساڵانی رابردوودا لە سەرانسەری جیهاندا بووەتە ترێندێکی بواری فاشن.
ماشا ئەڤێریانۆڤا، دیزاینەرێکی دیکە، ئاماژەی بەوەدا: "چەند ساڵێک لەمەوبەر، کاتێک دەگەڕام، دەمویست ئەو کەسانە بدۆزمەوە کە لەسەر دیزاینی جلوبەرگی رووسی، لەسەر ستایل و کۆدەکانی رووسی کار دەکەن. کەسێکم نەدۆزییەوە، بەڵام ئەمڕۆ بەڕاستی تەقینەوەیەک هەیە. ئەمە زۆر باشە! خەڵک ئێستا تێدەگەن کە شتە تایبەتەکانی خۆشیان باشن. پێویستە باوباپیران لەبیر نەکرێن و خەڵک پێویستە مێژووی خۆیان بزانن".
لە کاتێکدا ئامادەبووان لەبەر پۆدیۆمەکان، بە ژەنینی میوزیک، چێژ لە جوانیی مۆدێلەکان و دیزاینی جلوبەرگ و ئیکسسوارات وەردەگرن، لە پشت پەردەوە کارێکی بەردەوام و بێوچان بەڕێوەدەچێت.
یەڤگێنی ئودیانینکۆڤ، ماکیاژکار، گوتی: "بێ گومان، لێرەدا هەموو کەسێک کاری خۆی دەکات. بەبێ تیمی ستایلیستەکان، بەبێ ماکیاژکارەکان، ئەو مۆدێلە گەنجانەش لەسەر پۆدیۆمەکان نەدەبوون. واتە، ماندووبوونی ئێمە ماندووبوونێکی تیمە و ئێمە هەموومان بەیەکەوە هەموو کۆلێکشنەکانی دیزاینەران و مۆدێلەکان ئامادە دەکەین. ئەمە هەمووی کارێکی هاوبەشە. بۆیە ئەنجامێکی باش دەردەکەوێت".
لە چوار وەرزی رابردوودا، هەفتەی نمایشی جلوبەرگی مۆسکۆ توانیویەتی زیاتر لە 800 دیزاینەر لە سەرانسەری جیهانەوە کۆبکاتەوە. ئەمساڵیش، دیزاینەران لە 10 وڵاتی جیاوازەوە، لەوانە ئەرمینیا، بەڕازیل، گواتیمالا، هیندستان، چین، نیکاراگوا، تورکیا، باشووری ئەفریقا، ئیسپانیا و ئەمریکا، بەرهەمەکانیان دەخەنەڕوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ