فەڕەنسا داوای سروودی "ئەی رەقیب" دەکات

03-11-2016
سەرباز سیامەند
نیشانەکردن ئەی رەقیب
A+ A-
رووداو- هەولێر

سەرۆكی لقی دهۆکی سەندیكای هونەرمەدانی کوردستان، رایگەیاند "وەزارەتی بەرگری فەڕەنسا داوای لە هونەرمەد دڵشاد محەمەد سەعید، كردووە  سروودی ئەی رەقیب-یان بۆ ئامادە بكات، تاوەكو لە کاتی سەردانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ فڕەنسا، لە پێشوازیكردنیدا بەكاری بێنن."


ئەڤین حوسێن حەسەن، سەرۆكی سەندیكای هونەرمەدانی کوردستان-  لقی دهۆك، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "وەزارەتی بەرگری فەڕەنسا داوای لە هونەرمەند دڵشاد محەمەد سەعید كردووە سروودی ئەی رەقیب-یان بۆ ئامادە بكات، تاوەكو لە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا بۆ فەڕەنسا، لە پێشوازیكردنیدا بەكاری بێنن". 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "بە شێوازێكی ئەكادیمی كاری نۆتە، دابەشكردن و سكۆری بۆ سروودەكە، لەلایەن ئۆركسترای نەمساوە بۆی كراوە، وەكو سكۆری ئۆركێسترای سەربازی، سكۆری سەمفۆنی وەزرشی و شاندەكانی كوردستان، سكۆری بۆ هەرچوارپارچەی كوردستانی ئامادە كردووە".

سەرۆكی لقی دهۆکی سەندیكای هونەرمەدانی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو "كارەكان لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و تۆڕی میدیایی رووداو پشتگیری كراوە، جگە لە فەڕەنسا، بەریتانیایش هەمان داوای لێكردووە، سروودەكە ئامادەیە و نمونەی بۆ هەموو کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان نێردراوە."

كاژێر 3ی ئێوارەی شەممە ی داهاتوو، رێورەسمی لادانی پەردە لەسەر كەمانی دڵشاد محەمەد سەعید، لە پاركی كەڤوك لە شاری دهۆك بەڕێوە دەچێت کە یەکێکە لە چالاکییەکانی سەندیكای هونەرمەندان کوردستان لە دهۆک و كۆمپانیای ئەكۆمادكوردزۆم جێبەجێ کردووە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە