گۆرانیبێژ هاوار بازرگان بۆ (رووداو): توركمانەكانی هەولێر ناسناوی بازرگانیان پێداوم

04-06-2019
هیوا سەڵاح
نیشانەکردن میوزیک هەولێر
A+ A-

رووداو-هەولێر

قۆریات و مەقامە توركمانییەكان زۆر بە جوانی ئەدا دەكات، ئەگەر كەسە نزیكەكانی نەبن، یان خۆی باسی نەكات، هەمووان وا دەزانن توركمانی هەولێرە، بەڵام توركمان نییە و تەنیا سەرسامە بە قۆریات و مەقامی توركمانی. هەوادارانی هاوار بازرگان رۆژ بە رۆژ لە هەڵكشاندان، بە تایبەتی لەنێو توركمانەكانی هەولێر و كەركووك. هەر لەلایەن توركمانەكانیشەوە ناسناوی "بازرگان"ی پێدراوە. لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو)، هاوار بازرگان باس لە قۆریات و مەقامی توركمانی دەكات.

رووداو: رەوشی گۆرانی و میوزیكی توركمانی لە هەولێر چۆنە؟

هاوار: بە حوكمی ئەوەی لە ساڵی 1994وە لە نێو هونەری توركمانیم، شارەزایەكی زۆرم لێی هەیە. هونەری گۆرانیی توركمانی زۆر زەنگینە. رۆژ دوای رۆژیش بەرەو پێش دەچێت، ئێستا گەنجانی زۆر هەن، كە گرنگی بە گۆرانیی توركمانی دەدەن و دەیانەوێت زیندووی بكەنەوە و نوێگەریشی تێدا بكەن.

رووداو: قۆریات مێژوویەكی دووردرێژی هەیە، ئەو قۆریات خوێنانە كێن كە لە هەولێر ناوداربوون؟

هاوار: قۆریات هونەرێكی مەزنە. هەموو كەسێك ناتوانێت قۆریات بڵێتەوە، چونكە ئەدا و دەنگێكی تایبەتی دەوێت، لە هەولێر قۆریات خوێنی زۆرباشمان هەیە، خوالێخۆشبوو مشكۆ یەكێك لە هونەرمەندە مەزنەكان بوو كە بەشێوەیەكی زۆر نایاب قۆریاتی دەگوتەوە، دواتر یەشار مشكۆ، كوڕی هونەرمەند مشكۆ توانی ببێتە میراتگری باوكی لە گوتنەوەی قۆریات، دواتر مامۆستا سالم فەتاح، دواتر چەندین گەنجی دیكە رێچكەی ئەم هونەرمەندە مەزنانەیان گرت و توانیان قۆریات زیندوو رابگرن، قۆریات هونەرێكە تایبەتە بە هەولێر و كەركووك، لە نێو توركدا قۆریات بەم شێوەیەی هەولێر و كەركووك نییە.

رووداو: هونەری قۆریات هیچ گۆرانكارییەكی تێدا كراوە، یان هەروەكو رابردووە.

هاوار بازرگان: بێگومان ئێستا قۆریات لە رووی میوزیك و ئەداكردنەوە گۆڕانكاری باشی بەخۆیەوە بینیوە، كۆمەڵێك لە میوزیكژەنان و گۆرانیبێژان توانیویانە نوێگەری و داهێنان لە قۆریاتدا بكەن، بەڵام تام و چێژی كۆنی خۆی لە دەستنەداوە.

رووداو: لە نێو هونەری توركماندا ئەكلەنجە هەیە، ئەكلەنجە چییە؟

هاوار : تاوەكو ئێستاش خەڵكانێكی زۆر بەهەڵە لە ئەكلەنجە تێگەیشتوون، دەڵێن مەقامی ئەكلەنجەكم بۆ بڵێ، خۆی ئەكلەنجە مەقام نییە. بەڵكو ئەكلەنجە زۆرتر بۆ ئاهەنگی بووكگواستنەوەی توركمانانە، پیاوەكان بە جیا و ژنەكانیش بە جیا دادەنیشتن و ئاهەنگیان دەگێڕا و سەمایان دەكرد، بەمە دەگوترێ‌  ئەكلەنجە كە جۆش و خرۆشێكی زۆری هەیەو دڵی مرۆڤەكان خۆش دەكات، بۆیە لە هونەری توركماندا گرنگییەكی زۆری پێدەدرێت و بەردەوامیش گۆڕانكاری لە رووی گوتنەوەو میوزیكدا تێدا دەكرێت.

رووداو: بە چەند زمان گۆرانی دەڵێی؟

هاوار: لە ئاهەنگ و كۆنسێرتەكان بە چوار زمان گۆرانی دەڵێم، وەكو زمانی كوردی، توركمانی، عەرەبی و توركی، هەوڵمداوە بە زمانەكانی دیكەش گۆرانی بڵێم، چونكە بۆ هونەرمەند زۆر گرنگە بە زمانەكانی دیكەش گۆرانی بڵێت، بۆ ئەوەی هونەرەكەی خۆی پێ دەوڵەمەند بكات، سوود لە پێشكەوتن و داهێنانەكانی نەتەوەكانی دیكەش وەریگرێ.

رووداو: بۆچی هاوار لە میدیاكان كەمتر دەردەكەوێت؟

هاوار: من لە ساڵی 1989وە گۆرانی دەڵێم، بەڵام زیاتر لە ئاهەنگە خێزانییەكان دەردەكەوم، كەمتر كاتم هەبووە بۆ دەركەوتن لە میدیاكان، لەگەڵ ئەوەشدا هەفتانە لە شەوە ئاهەنگەكان دەردەكەوم و گۆرانی دەڵێم، بەڵام بڕیارمداوە لەمەو بەدوا زیاتر لە میدیاكان بەكاری نوێ و جوان دەربكەوم.

رووداو: گۆرانی توركمانی دەڵێیت، بەڵام خۆت لە توركمان نیت؟

هاوار: تاوەكو ئێستا زۆر كەس وادەزانێت من توركمانم، بەڵێ من كوردم و خەڵكی هەولێرم، بەڵام شانازی بە گۆرانی توركمانی دەكەم، چونكە زۆر شت لە هونەری توركمانی فێربووم. لە ساڵی 1994وە من گۆرانی توركمانی دەڵێم و تاوەكو لە ژیان بمێنم گۆرانی بە توركمانی و زمانەكانی دیكە دەڵێمەوە، بۆ من جیاوازی نییە لەنێوان توركمانی و كورد، نازناوی بازرگانیش هەر لەلای ئەوان بۆم دانراوە.

رووداو: دوایین پڕۆژەی هونەریت چییە؟

هاوار: پاش ئەوەی چەند گۆرانییەكی سلۆم بڵاو كردەوە، ئەمجارە بڕیارمداوە گۆرانییەكی شاد و هەڵپەڕكێ لەگەڵ میوزیكژەنی گەنج ئەحمەد ئازاد بكەم كە ئێستا كاری لەسەر دەكەین و لە ماوەیەكی نزیكدا بڵاوی دەكەینەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە