رووداو – هەولێر
هونەرمەندی گۆرانیبێژ ئەیوب عەلی، ئەمڕۆ یەکشەممە لە کاتی بەشداریکردنی لە پڕۆگرامی نوورۆژی رووداو، باس لە سەمفۆنیای شەنگال و پێشمەرگە دەکات کە لە ماوەی رابردوو بە سپۆنسەریی (تۆڕی میدیایی رووداو) بڵاوکرایەوە و نەبوونی یاسایەکیش بۆ پاراستنی مافی هونەرمەندان، بە رێگر لە بەردەم ئەنجامدانی کاری باش دادەنێت.
ئەیوب عەلی، لە پڕۆگرامی نورۆژ-ی رووداو گوتی "ئەرکی سەرشانی هەموو هونەرمەندێکە لەم قۆناخەدا کارەکانی گوزارشت بێت لە خەمی میللەتەکەی، منیش شانازی دەکەم کە لە سەمفۆنیای شنگال بەشداریم کردووە، کە کارێکی تایبەتە بۆ ئەم قۆناخەی ئێستای کوردستان".
گوتیشی"خۆشحاڵم کە ئێستا لە هەر چوار پارچەی کوردستان کاری زۆر باشکراوە لە تەواوی بوارەکاندا، لە میوزیک و گۆرانی و سینەما و بوارەکانی دیکەشدا، هیوادارین کاری باشتریش بکرێت".
هەرلە بارەی ئەو گۆرانییەی کە لە ماوەی رابردوو لەگەڵ هونەرمەند گارا سازگار بەناوی "من کوردم" بڵاویکردەوە، ئەیوب عەلی گوتی "ئەم گۆرانییە بە زمانێکی سادە گوتراوە، مەبەست ئەوەبووە کە خەڵک بەتایبەتی منداڵ گۆرانییەکە بەئاسانی لەبەربکات و بیڵێتەوە، لە داهاتووشدا کارێکی دیکەی نیشتمانی لەگەڵ هەمان هونەرمەند بڵاودەکەمەوە".
"سەمفۆنیای شنگال و پێشمەرگە، کارێکی ناوازەو دەگمەنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە رووی تێکست و میوزیک و تۆمارکردنی دەنگ و میکس و ماسترینگ، هەرچەندە توانای دەنگی من لەو بەرهەمە بەباشی دەرنەکەوتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کاری هاوشێوە لە نێو کوردستاندا نەکراوە، بەڕاستی سوپاس بۆ رووداو کە سپۆنسەری ئەم کارەی کردووە، لە رووی ڤیدیۆی بەرهەمەکەش کارێکی خراپ نییە، بەڵام دەکرا کاری باشتر بکرێت" ئەیوب عەلی وایگوت.
هونەرمەندە کوردەکان بەبەردەوامی گللەیی لە نەبوونی یاسایەک لە پاراستنی مافەکانیان دەکەن، ئەیوب عەلی-ش بەهەمان شێوە رایگەیاند "بەهۆی نەبوونی یاسایەک بۆ پاراستنی مافەکانمان و کۆپیڕایت ( مافی لەبەرگرتنەوە) ناتوانین بەرهەمی باشتر بکەین، ناچارین کلیپ و گۆرانییەکان بە کوالێتییەکی کەم ئامادەبکەین و بڵاوبکەینەوە".
هونەرمەند ئەیوب عەلی، لە ساڵی 1973 لە ناوچەی سەنگاوی سەر بە شاری سلێمانی لە دایکبووە، بەشی ئەندازایاری لە زانکۆی سەڵاحەدین لە شاری هەولێر تەواوکردووە، خاوەنی 6 ئەلبوومی گۆرانییەو چەندین گۆرانی تاکە، لە ساڵی 1999-ەوە هەرێمی کوردستانی بەجێهێشتووە و لە وڵاتی بەریتانیا نیشتەجێیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ