رۆژان ئەبوبەكر: لای من رووداو لە جەزیرە گرنگترە

04-11-2015
دەرباز یونس
رۆژان ئەبوبەکر
رۆژان ئەبوبەکر
نیشانەکردن رۆژان ئەبوبەكر
A+ A-
رووداو- هەولێر

بەرلەوەی دەست بە هەڤپەیڤینەكە بكەین، گوتی: "خەڵكی زۆر لێم دەپرسن ئەو خاڵەی سەر ملت تاتووە؟ یان دەپرسن چاوم عەدەسەی تێدایە؟ بەڵام لێرەوە دەڵێم خاڵەكە تاتوو نییە و چاویشم عەدەسەی تێدا نییە". رۆژان ئەبوبەكر كە پێشتر پێشكەشكاری پرۆگرامی رۆژان و ستێر بوو، ئێستا جگە لەوەی ماوە ماوە لەگەڵ هاوكارانی پرۆگرامی نوڕۆژ پێشكەش دەكات، لە هەمانكاتدا بێژەری هەواڵیشە. رۆژان دەڵێت "ئەگەر دایك و باوكی رێگەیان پێدابایە ئێستا ئەكتەر دەبوو".
 
رووداو: پرۆگرامی رۆژان و ستێر بۆچی نەما؟

رۆژان ئەبوبەكر: دوای پێشكەشكردنی چەند ئەڵقەیەكی ئەو پرۆگرامە، من هاتمە هەولێر و لێرە بوومە بێژەر، زۆرجار هەبوو من هەفتەیەك لێرە دەمامەوە و نەمدەتوانی بەباشی پرۆگرامەكە پێشكەش بكەم، دواتریش نەدەگونجا من پێشكەشكاری پرۆگرامێكی سۆفت بم و بێژەری هەواڵی سیاسیش بم، باسی ساڵی 2013 دەكەم، ئاخر ئەو كاتەش من لە هەولێر بووم و بێژەر بووم.

رووداو: ئێستا ستێر لە كەناڵی جەزیرە كار دەكات، ئیرەیی بەوە نابەی؟

رۆژان ئەبوبەكر: بۆچی ئیرەیی پێ ببەم؟ بە پێچەوانەوە زۆر دڵخۆشم كە كەسێكی سەركەوتووە، دواتر رووداو و جەزیرە چ جیاوازییەكی هەیە؟ لای من رووداو زۆر لە جەزیرە گرنگترە.

رووداو: خەڵكێكی زۆر تۆ وەك پەیامنێر دەناسن، حەزت لە پەیامنێرییە یان بێژەری؟

رۆژان ئەبوبەكر: حەزم لە كاری پەیامنێری نییە، من هەمیشە حەزم لە كاری بێژەری هەواڵ بووە، بەڵام كارەكانی خۆم وەك پەیامنێر زۆر بە جدی جێبەجێ دەكرد.

رووداو: رەمەزانی ئەمساڵ لە سلێمانی بەرنامەی شەوانی رەمەزانت پێشكەش دەكرد، ئەوكاتە بە لەچكەوە بوویت، ئێستاش بەبێ لەچك هەواڵ دەخوێنیتەوە، خۆت كەسێكی دینداری؟

رۆژان ئەبوبەكر: باوەڕم بە خودا و پێغەمبەر هەیە، نوێژ دەكەم و رۆژووش دەگرم، رەنگە هەندێجار كەمتەرخەم بم، بەڵام بە گشتی نوێژكەر و رۆژووگرم.

رووداو: مەلا دەبوونە میوانی پرۆگرامەكەت، پێیان نەدەگوتی بۆچی قژت دیارە؟ یان بۆ مكیاژ دەكەی؟

رۆژان ئەبوبەكر: نەخێر، لەگەڵ مەلاكان زۆر هاوڕێ بووین، بەر لە دەسپێكردنی پڕۆگرامەكە قسەم لەگەڵ دەكردن و پرسیارەكانم ئاراستە دەكردن، مەلاكان بەگشتی زۆر قسەخۆش بوون، بەڵام ئیدی ئەوانیش دەبێت تێبگەن كە ئەخلاق لە ژێر لەچكەوە نییە.

رووداو: زانیومە دایك و باوكت سەرەتا رازی نەبوون لە سلێمانییەوە بێیتە هەولێر؟

رۆژان ئەبوبەكر: ئاخر ئەو كاتە تازە برایەكم چووبوو بۆ ئەوروپا، دایك و باوكم نەیاندەویست منداڵێكی دیكەیان لێیان دووربكەوێتەوە، تا ئەو كاتەی هاتیشم دایكم هەر دەگریا.

رووداو: بیری دایك و باوكت ناكەی ئێستا؟

رۆژان ئەبوبەكر: با، زۆر زۆر بیریان دەكەم، دایكم زۆر پەیوەندیم پێوە دەكات و لێم دەپرسێت، باوەڕ بكە هەموو گەشتەكانی هەواڵ كە من پێشكەشی دەكەم دەیبینێت، حەوتی بەیانی لە خەو هەڵدەستێ بۆ ئەوەی نوڕۆژ ببینێ كە لەگەڵ هاوكارانم پێشكەشی دەكەم.

رووداو: دەڵێن كەسێكی زۆر هێمنی و هەرگیز تووڕە نابیت، زۆر جار كچە هێمنەكان گرینۆكن، تۆش وایت؟

رۆژان ئەبوبەكر: بەڵێ، وایە من بە گشتی هێمنم، زۆرجار گریاوم، باوەڕ بكە جاری وا هەبووە لە نێو پاس بوومە كەمئەندامێكم بینیوە، زۆر بۆی گریاوم، یان كەسێك كە شێت بووە، من حەز ناكەم دڵی هیچ كەسێك بشكێنم.

رووداو: لە ئەكتەر یان یاریزانە جیهانییەكان، كامت زۆر لا جوان و سەرنجڕاكێشە؟

رۆژان ئەبوبەكر: من خۆم هاندەری بەڕازیلم، كاكای یاریزانی بەڕازیلم لا جوان و سەرنجڕاكێشە.

رووداو: بەر لە كاری رۆژنامەنووسی، حەزت دەكرد ببیتە چی؟

رۆژان ئەبوبەكر: پێشتر حەزم دەكرد بچمە پەیمانگای هونەرە جوانەكان، دایك و باوكم رێگەیان پێنەدام، حەزم دەكرد ببمە ئەكتەر، زۆرم پێ خۆش بوو، ئەگەر رۆژنامەنووس نەبوومایە ئێستا ئەكتەر دەبووم.

رووداو: دەزانی خواردن دروست بكەی؟

رۆژان ئەبوبەكر: من هەر لە منداڵییەوە چەندین ساڵ لای نەنكم ژیاوم، ئەو زۆر بەباشی منی پەروەردە كرد، تەمەنم 11 ساڵ بوو كە فێری دروستكردنی هەموو خواردنێكی كردم.

رۆژان ئەبوبەكر:
 - ساڵی 1987 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە.
- دەرچووی بەشی راگەیاندنی كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی سلێمانییە.
- ساڵی 2011 لە میدیای نووسراودا دەستی بەكاری راگەیاندن كردووە.
 - ماوەیەك لە كەناڵی NRT پێشكەشكاری پرۆگرامێكی هونەری بووە.
- لە سەرەتای دامەزراندنی رووداوەوە وەك پێشكەشكار و پرۆدیوسەر دەستبەكار بووە.
 - ئێستا پێشكەشكاری ماوەی هەواڵی نوڕۆژ و بێژەری هەواڵە سیاسییەكانە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە