رووداو - سلێمانی
گەنجێکی کورد بەناوی مەحموود، باوکی شەهید بووە، بیرۆکەی ئەوەی بۆ دروستدەبیت کە کورتەفیلمێکی سینەمایی بۆ هاندانی خەڵکی دروستبکات بۆ ئەوەی دەنگ بدەن بۆ گشتپرسی باشووری کوردستان، گرووپێكیش بەناوی ئاگرین خۆبەخشانە هاوکاری ئەو گەنجە دەکەن بۆ ئەوەی فیلمە سینەماییەکەی بەرهەمبهێنێت.
كاتێك باوكی شەهید بوو، تەنیا تەمەنی سێ ساڵ بوو، لەگەڵ ئەودا دەنگوباسەكانی كوردستانیش گەورەبوون و ئێستا هەرێمی كوردستان خۆی بۆ ئەنجامدانی گشتپرسیی ئامادە دەكات.
مەحموود لە رێگای گێڕانەوەی چیرۆكی شەهیدبوونی باوكییەوە دەیەوێ نەوەی نوێ هانبدات دەنگ بدەن.
مەحموود محەممەد، دەرهێنەری كورتە فیلم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەوەی مەبەستمە لەم كورتەفیلمەدا ئەوەیە كە بڵێم خوێنی باوكم لەگەڵ خوێنی هەزاران شەهید كە رژاوە بە خۆڕایی نییە و پێویستە هەمووان ئەوە بزانن، كورد پێویستە بەرەو سەربەخۆیی بڕوات كە ئێستاش باس باسی ریفراندۆمە و دەمەوێت لەم فیلمەوە بیری گەنجەكان بهێنمەوە و دەنگ بدەن".
گرووپی ئاگرین ، خۆبەخشانە هاوكاریی مەحموود-یان كرد لە بەرهەمهێنانی ئەو كورتەفیلمەدا، لە میحوەرەكانی پێشمەرگە لە ماوەی 20 رۆژدا وێنەگیراوە.
بڵند فاتیح، ئەندامی گرووپی ئاگرین گوتی "كاركردن بەبێ سپۆنسەر لەم جۆرە كارانەدا قورسە، هەرچەندە ئێمە مەبەستمان بوو كە خۆبەخشانە ئەو كورتە فیلمە دروست بكەین و قورساییەكانیش بخەینەسەر شانی خۆمان هەروەها ئەوەی گرنگە لە كورتەفیلمەكەدا ئەو پەیامەی تێدایە كە بۆ سەر بەخۆیی و گشتپرسییە".
كورتە فیلمەكە بەناوی (دواین جەنگ)ـە ماوەكەی 4 خولەكە و 25 كەس بەشدارییان تێدا كردووە و كاری مۆنتاژی تەواو كراوە، دەرهێنەر كورتە فیلمەكەی پێشكەشی تۆڕی میدیایی رووداو كردووە.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ