هەفتەی رابردوو، بەرپرسێكی باڵای یەكگرتووی ئیسلامی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك، نووسینێكی توندی دژ بە بزووتنەوەی گۆڕان بڵاوكردەوە. ئەوەی جێی سەرنج بوو، بەرپرسەكەی ئەم حیزبە ئیسلامییە لەكۆتایی نووسینەكەیدا رووبەڕووی بزووتنەوەی گۆڕان نووسیبووی "تڕحێو جوانتان گۆڕی". پێش هەر كەسێك، ئەندامانی یەكگرتوو بە كۆمێنت ناڕەزاییان دەربڕی و گوتیان ئەو وشەیە لە شان و شەوكەتی سەركردەیەكی باڵای ئەوان ناوەشێتەوە. بەڵام جەنابی سەركردە، بۆ رۆژی دوایی نووسینێكی دیكەی نووسی و پاش حەمد و ستایشی خوا، جارێكی تر وشەی "تڕحێو"ی بەكارهێنایەوە.
تڕحێو لە موشتەقاتی تڕە. تڕیش لای كورد عەیبەیە، زۆربەی بەكارهێنانەكانی ئەم وشەیەش لە زمانی كوردیدا نەرێنین. بۆ نموونە، كەسێك كە زۆر لەخۆی بایی بێت، پێی دەڵێن تڕزل. كەسێكیش كە چانسی نەمابێت و هەموو دەرفەتەكانی لەدەست دابێت و لەكۆتایی چاخی زێڕینیدا بێت، پێی دەڵێن "دواهەمین تڕیەتی". هەروەك كەسێكیش قسەیەكی نابەجێ بكات و بۆچوونێكی ناقۆڵا بخاتەڕوو، پێی دەڵێن "تڕێكت بكەندایە لەو قسەیە باشتر بوو."
لای عەرەبی كۆن، ئەگەر كەسێكی گەورە و ناسراو تڕی لێبدایە، ئەوا بەرواری ئەو تڕە تۆمار دەكرا و بە گرنگییەوە سەیر دەكرا. بۆ نموونە، لەناو عەرەبدا باو بوو كە دەیانگوت "من ئەو شەوە لەدایك بووم كە ئەبو حوسێن تڕی كەند". چونكە پیاوی گەورە هیچ شتێكی وەك هی ئەوانی دیكە نییە، تەنانەت تڕەكەشی.
جیاوازیی قسە و تڕ ئەوەیە یەكەمیان رووبەڕوو و لەپێشەوەیە و بەرئەنجامی پرۆسەیەكی ژیرانەیە كە تەنیا لە مرۆڤدا هەیە، بەڵام تڕ لەدواوەیە و بەرئەنجامی پرۆسەیەكی بایۆلۆجیی خۆخاڵیكردنەوەیە. جیاوازیی نێوان قسە و تڕیش تاڵە موویەكە. ئەگەر مرۆڤ قسەكانی تەنیا خۆخاڵیكردنەوە بوون، ئەوە هیچ جیاوازیی لەگەڵ بەردانەوەی دەنگ و هەوادا نییە. تڕ دەكەنرێت و قسە دەكرێت. سیاسەت لە كوردستان گوزارشتە لە تڕێكی گەورە. هەر بۆیە لەكاتێكدا خەڵكی دیكە "سیاسەت دەكەن" ، كورد "سیاسەت دەكەنێت".
ئەو سیاسییانەی كورد كە قسەكانیان بیركردنەوەی پێوە دیارە، بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن. هەر بۆیە قسەی سیاسیی كورد سەرنجی خوێنەر و بینەری كورد راناكێشێ، تەنیا ئەو كاتە نەبێت كە وشەیەكی وەك "تڕحێو" بەكاردەهێنێ. كەس چاوەڕێ ناكات قسەی تازە و بیرۆكەی تازە لە دەمی سیاسیی كوردەوە ببیستێ. ئەوان وەك (تڕی بن گۆم)یان لێهاتووە و دەنگ و سەدایان نەماوە.
سیاسەتی كوردستان دەڵەمەیە و بە زمانی سەركردە هەولێرییەكەی یەكگرتووش، بە تڕ بەندە.
كوردستان و بارودۆخەكەی ئەوەندەی بەبەرەوە نەماوە كە سیاسیی بێ تڕوتفاق بەڕێوەی ببەن و لەجێی ئەوەی قسەی گونجاو بكەن، شتی دیكە بكەنن. خوێنی ئەو شەهیدانەی لە سەنگەردا دەڕژێت راستەقینەیە و سینەمایی نییە، جەستەی مردووی ئەو گەنجانەش كە لە كاتی راكردن لەم وڵاتە دەخنكێن، راستەقینەیە و دیمەنی فیلمێكی هۆڵیوودی نییە. شێخ رەزا دەڵێت "چایەكەی مامە غەفوورم زەردە وەك میزی نەخۆش... ئیحتیاج ناكا بە ئاگر هەر بە دوو تڕ دێتە جۆش". ئەم تڕەكەڵەكەی سیاسەتی كوردیش بەرگەی دوو تڕحێوی دیكە دەگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ