رووداو- هەولێر
تا دوێنێ تەنیا بەرهەمهێنەر و دەرهێنەر بوو، بە بڵاوكردنەوەی 30 چركە گۆرانی لە سۆشیاڵمیدیا، وەكو گۆرانیبێژێك دەركەوت. هەردی سەلامی بەهۆی كارەكەیەوە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندانی كوردستان هەیە. سەلامی كە بە كاری بەرهەمهێنان و دەرهێنان دەستیپێكردووە، ئێستا حەز دەكات زۆرتر وەكو گۆرانیبێژ بناسرێ. هەردی سەلامی كە ساڵی 1987 لە سلێمانی لەدایكبووە، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باسی كارە هونەرییەكانی خۆی دەكات.
رووداو: تۆ سەرەتا بەرهەمهێنەر و دەرهێنەر بوویت و كارت بۆ هونەرمەندان دەكرد، دواتر دەستت بە گۆرانیگوتن كرد، ئەمە چۆن بوو؟
هەردی سەلامی: من بە حوكمی ئەوەی كارم بۆ هونەرمەندان دەكرد، پەیوەندییەكی باشم لەگەڵیان هەبوو، زۆرجار لە ستۆدیۆكان دادەنیشتین و گۆرانیمان دەگوت. نزیكەی دوو ساڵ لەمەوبەر 30 چركەیەك گۆرانیم لەگەڵ میوزیكێكی ساد تۆمار كرد و لە سۆشیاڵمیدیادا بڵاوم كردەوە، لەوكاتەوە هەوادارێكی زۆر داوای كاری تایبەت بە خۆمیان لێكردم، بۆیە یەكەم كلیپی خۆم بە ناوی بۆ تۆ ئەژیم بڵاوكردەوە كە لە ئاواز و تێكستی خۆم بوو، بینیم پێشوازییەكی باشی لێكرا.
رووداو: حەز دەكەیت هەمیشە خۆت تێكست و ئاوازی گۆرانییەكانت دابنێی؟
هەردی سەلامی: مەرج نییە، بەڵام شارەزاییم هەیە، بۆیە ئاواز و تێكستی چەند گۆرانییەكم خۆم دامناون.
رووداو: هونەرمەند هەبووە خۆی تێكست و ئاوازی بۆ كارەكانی داناوە تا وای لێهاتووە هەموو گۆرانییەكانی لەیەك چووە، تۆ لەوە ناترسی؟
هەردی سەلامی: راستە نموونەی وا هەیە، بەڵام بڕیارم نەداوە ئاواز و تێكستی هەموو گۆرانییەكان خۆم داینێم، هەر كاتێك تێكستێك یان ئاوازێكی جوانم پێ بدرێت ئەگەر بزانم دەتوانم كاری جوانی بۆ بكەم، دەیكەم. هەمیشە بۆ بڵاوكردنەوەی گۆرانییەكانم راوێژ بە كەسانی لە خۆم شارەزاتر دەكەم.
رووداو: گۆرانیی عیشقت كە لەگەڵ نەڤید زەردی پێكەوە تۆمارتان كرد، دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەڵام كێشەی گەورەی لێكەوتەوە، تۆ بێدەنگ بووی، بۆچی؟
هەردی سەلامی: گۆرانییەكە هیچ كێشەیەكی هونەری نەبوو، ئەوەی كە هەبوو كێشەی شەخسی بوو، كاتێك كێشەكان لە قاڵبی هونەریدا نامێنن من وەك هونەرمەند كاردانەوەم نەبێت باشترە.
رووداو: پێتوایە ئێوە لەسەر حەقن یاخود خاوەنی بەرهەمەكە؟
هەردی سەلامی: بێگومان ئەو كەسەی كە خاوەنی بەرهەمەكەیە، هەرچەندە ئەویش بەشێك بوو لەو بەرهەمە، بەڵام بتەوێت و نەتەوێت ئەو لەسەر حەقە، بەڵام ئەویش كەمتەرخەم بوو لەوەی كە ئێمە ویستمان پرسیاری لێ بكەین، كاتێكیش كە بەرهەمەكە بڵاوبووەوە هاشتاگێكی یەكجار زۆریان بۆ كردبوو، ئەویش زانی مەوزوعەكە گەورەیە لە كوردستان ویستی قسەیەكی هەبێت، بەڵام هەموو كەسیش دەزانێ كە هیچ كەسێك نەیتوانی كۆنترۆڵی سەركەوتن و بڵاوبوونەوەی گۆرانییەكە بكات.
رووداو: بە بڕوای تۆ پێوەری بوون بە گۆرانیبێژ چییە؟
هەردی سەلامی: دەبێت دەنگی خۆش بێت و بزانێت چۆن گۆرانی بڵێت.
رووداو: دەنگ گرنگترە بۆ گۆرانیبێژ یان هەست و ئەوەی كە بزانێت گۆرانی بڵێت؟
هەردی سەلامی: تەواوكەری یەكترین، هەست لە گۆرانیدا زۆر گرنگە، دەبێ ئەو كەسە بزانێت چۆن گۆرانی بڵێت، هەرچەندە ئێستا جۆری گۆرانییەكان بووەتە پێوەر، چونكە هونەرمەند هەیە زۆر بەناوبانگە، بەڵام دەنگێكی خۆشی نییە. گۆرانی هەیە چەند ساڵە وتراوە و خەڵك ئێستاش هەر پێی خۆشە، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە، گۆرانی زۆر بووە، بۆ نموونە گۆرانیمان كردووە زۆر خۆش بووە، هەموو خەڵك گوێی لێ گرتووە، بەڵام كە دوای ئەوە گۆرانییەكی نوێ هاتووە، باوی ئەو نەماوە.
رووداو: بە كام گۆرانیبێژی بیانی سەرسامی؟
هەردی سەلامی: من زۆر سەرسامی هونەرمەندە فارسەكانم، حەز دەكەم وەكو شادمیهر عەقیلی بم، ئەو ئەستێرەی منە.
رووداو: گۆرانی چ گۆرانیبێژێكی كورد هەیە كە خۆزگەت دەخواست خۆت بیڵێی؟
هەردی سەلامی: بە دڵنیاییەوە زەكەریا لە نێو هەموو گۆرانییەكانیدا لەوانەیە تەماحم لە دووانی نەبێت، خۆزگە هەموو گۆرانییەكانی هی من بوونایە.
رووداو: ئەگەر سەرپشكت بكەن لە نێوان كاری بەرهەمهێنان و گۆرانی كامیان هەڵدەبژێری؟
هەردی سەلامی: بێگومان گۆرانی، بەڵام هەرگیز وازیش لە كاری بەرهەمهێنان ناهێنم، ئاسوودەم بەوە.
رووداو: پێشتر میدیاكار بووی، ئەگەر بۆت بگونجێ دەگەڕێیتەوە؟
هەردی سەلامی: ئەگەر تەنیا وەكو دیكۆر دانەنرێم و قسەم بڕوات، بەڵێ.
رووداو: ناوبانگت كێشەی بۆ دروست نەكردووی؟
هەردی سەلامی: بەڵێ زۆر جار لە سۆشیاڵمیدیا بڵاوی دەكەنەوە كە گوایە پەیوەندیم لەگەڵ خانمە بەناوبانگە كوردەكان هەیە، ئەوە دوورە لە راستییەوە. من پەیوەندیم لەگەڵ هیچ یەكێك لە كچە بەناوبانگە كوردەكان نییە. چەند جارێكیش تووشی مەوقیفی ناخۆش بووم، یەكێك لەوانە كچێكی نەخۆش بوو، من بە ئەركی خۆمم دەزانی دڵی رابگرم، چونكە بەڕاستی خۆشەویستییەكی یەكجار زۆری بۆ من هەبوو.
رووداو: باوەڕت بە پێكهێنانی خێزان هەیە؟
هەردی سەلامی: تا رادەیەكی زۆر لەگەڵیدام، پێم پرۆسەیەكی باشە، ئەگەر لەكاتی خۆیدا بكرێت.
رووداو: پرۆژەی تازەت چییە؟
هەردی سەلامی: ئێستا خەریكی كلیپێكم كە لەوانەیە بۆ جەژنی رەمەزان بڵاوی بكەمەوە. هەروەها پلانم بۆ كۆنسێرتی گەورە هەیە لە شارەكانی كوردستان، لەبەر ئەوەی ئێستا نەك تەنیا لە ناو كورد بەڵكو لە نێو عەرەب و فارسیش گوێ لە گۆرانییەكانم دەگیرێت، بۆیە بەنیازم چەند گۆرانییەك بە زمانی بیانی تۆمار بكەم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ