رووداو دیجیتاڵ
مەرایا کێری، رایگەیاند، کاری تۆمارکردنی 16یەمین ئەلبوومی تەواوکردووە و ئامادەیە بۆ بڵاوکردنەوە، بەڵام وردەکاری زۆری لەبارەیەوە ئاشکرا نەکرد.
ئەم لێدوانی کێری، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا بوو لە پەخشی راستەوخۆی ئاهەنگی 10ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی "Apple Music"ـدا بوو.
ئەو گۆرانیبێژە جیهانییە گوتیشی: "هەوڵدەدەم زۆر شت لەبارەی ئەلبوومە نوێیەکە ئاشکرا نەکەم،" بەڵام چەند ئاماژەیەکی بچووکی دایە دەستەوە و بەشێکی یەکێک لە گۆرانییە نوێیەکانی پێشکێشکرد.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "دوای ئەمە چی؟ ئەلبوومەکە بەمزووانە بڵاودەکرێتەوە، بەڵام نامەوێت ئێستا هەموو شتێک بدرکێنم". قسەکانیشی بەوە کۆتاییهێنا کە بەرهەمەکەی ئامادەیە.
ئەم بەرهەمە دەبێتە یەکەم ئەلبوومی مەرایا کێری لە دوای ئەلبوومی "Caution" کە لە 2018 بڵاویکردەوە، هەروەها درێژکراوەی کاروانی هونەریی ئەو ئەستێرەیە کە لە 1990 بە ئەلبوومی "Mariah Carey" دەستیپێکرد، دواتر چەندین ئەلبوومی سەرکەوتووی دیکەی بڵاوکردەوە، لەوانە "Emotions"، " Music Box"، "Butterfly" و "The Emancipation of Mimi".
مەرایا کێری، لە 27ـی ئازاری 1969 لە دایکبووە، گۆرانیبێژ، تێکستنووسی گۆرانی، بەرهەمهێنەر و ئەکتەرە، یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی "Mariah Carey" لە 1990 بڵاوکردەوە و لە 1994 بە گۆرانی "All I Want For Christmas is You" ناوبانگی پەیداکرد و بەهۆیەوە بە "شاژنی کریسمس" ناسێندرا.
لە 1993 لە رێگەی ئەلبوومی گۆرانی "Music Box" و لە 1995 لە رێگەی ئەلبوومی "Daydream" ناوبانگی زیاتری پەیداکرد.
یەکێک لە هونەرمەندە پڕفرۆشەکانە لە جیهاندا، زیاتر لە 220 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی لە سەرانسەری جیهاندا فرۆشراون، لە 2008 وەک یەکێک لە 100 کاریگەرترین کەسایەتییە جیهانییەکان دەستنیشانکرا.
مەرایا کێری، براوەی پێنج خەڵاتی گرامی، 19 خەڵاتی میوزیکی جیهانی، 10 خەڵاتی میوزیکی ئەمریکی، 15 خەڵاتی میوزیکی بیلبۆرد و هەشت ژمارەی پێوانەییە لە کتێبی گینس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ